بەدیلی هەرێمی کوردستان سفر هەرێمە، ئەمەی دەگوزەرێ گرەوکردنە لەسەر ئاشتیی
کۆمەڵایەتیی کوردستان، کە بابەتی گرەوپێکردن نییە و لایەن و کەسیش بۆی نییە بەناوی
هەرێم و شارێک و دەڤەرێکەوە خۆی بکاتە نوێنەر و بڕیار بدات، ناکرێت لەبەر دەستشکاندنەوەیەکی
سیاسی و حزبی و کەسی، ئایندە و ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێم بشێوێنرێت و جوڵانەوەی
ڕزگارییخوازیی پارچەکانی دیکەش نائومێد بکرێن.
ئەوەی بەناوی دووئیدارەیی
یان هەرێمی جیا، جوڵە و ئیمزای بۆ کۆدەکرێتەوە، لەسەر بنەمای مافی خەڵک و سلێمانی نییە،
ئەمە شەڕی سلێمانی و هەولێر نییە، بەڵکو شەڕی دوو هێزە کە پێشتر ڕێککەوتوون و حکومەتیان
پێکهێناوە(نەک قەوارەی هەرێم) کە بەم جۆرەی هەیە ئیدارەی بدەن، ئێستا یەکێکیان نەیتوانیوە
دەستی ئەوی دی بشکێنێتەوە و پێیوایە گەزەندییەتی و کەمی دەستدەکەوێت (حزبەکەی نەک خەڵک)
دیاریشە لە ململانێی سیاسیدا لەگەڵ براکەی دوێنێیدا پێی ناکرێت و ئیدارەدان و خەڵکی
سلێمانی کراوەتە «کراسەکەی عوسمان». ئەڵبەت هەندێ سیاسەتوان و بەرژەوندیخوازی ڕووت
و شەڕی کۆنەقینی خەڵکی دیکەش هەیە لەپەنای ئەم خواستەدا خۆیان مەڵاسداوە و بە مانەوەی
قەوارەی هەرێم گرێی دەروونیان دەکولێنێتەوە و هێزێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی
دەفع دەکەن بۆ لەتکردنی هەرێم و دیارە کە پێشتریش بۆ سەرکردە و حزبی دیکە هەمان شتیان
هەبوو و نەک خۆیان ناکام مانەوە بەڵکو سەرکردە و حزبەکانیشیان لە بنجەوە لە کایەی سیاسی
کردە دەرەوە.
ئێستاش کۆتاییەکەی ڕوونە دواجار بە خۆشی یان ناخۆشی لەسەر مێزی ڕێککەوتن دادەنیشنەوە
و ئەوەی لەسەر مێزەکە نامێنێ و بیری لێناکەنەوە ئیدارەی سەربەخۆ و دەڤەرجیاییە.
من زۆر گەشبین نیم و هیچ چارەسەرێکی ڕیشەییشم نییە بۆ ئەم دۆخە، بەڵام دەزانم
دووئیدارەیی خراپتر دەبێت لەم ئیدارە نیمچەیەکگرتووە و ئەزموونی دوو ئیدارەیی و ماڵجیاییشمان
بینیووە، بەڵام چارەی کاتی ئەوەیە بوترێت «عەفەڵڵاهو عەمما سەلەف» بۆ ئەوەی زیاتر لەمە
درێژە نەکێشێت، با پارتی و یەکێتی ئاوا بیری لێبکەنەوە کە یەکسانن لە قۆڵباداندا: یەکێتی
لە سەرکۆماری و کەرکوکدا تەوافوقی نەکرد و دەستی پدکی شکاندەوە و پارتیش لە پەرلەماندا
هی ینک. با خاڵێک لە کۆتایی ئەم دۆسێیانە دابنرێت و تەواو. لێرە بەدوا بچنەوە سەرمێزی
«ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ» و خزمەت دوو ئیدارەیی
ناوێت و کەس دەستی نەگرتوون. هیوادارم سەرکردەکان بە دەفعی دەوروبەر و ڕاوێژکار و بەرپرسی
مەرامباز بڕیارنەدەن و دۆخی هەرێمی و ئایندەی کوردستان پێوەر بێت.
لەمانەش هەمووی گرنگتر ئەوەیە هەرکاتێک ململانێی حزبی و نێوچەیی یەخەی گرتین،
دەبێت کوردستان هەڵبژێرین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی