زۆرن ئەوانەی ڕەشبینانە تەماشای چارەنووسی کوردستان بە هەر چوار پارچەیەوە دەکەن، ئەو چارەنووسە دەبەستنەوە بە سیاسەتە سەرنەکەوتووانە و ناکۆکییە حیزبییەکانی کوردستان کە سنووری لێکدانەوەیان لە هەرێمەکە دەرناچێت. لە کاتێکدا، دینامیکییەتی هەموو رووداوەکانی ناوچەکە بە کوردستانیشەوە لە ململانێی جیوسیاسیی نێوان ئەو دوو تەوەرە سەرەکەییە سەرچاوە دەگرێ کە لە لایەک ئۆرۆئەتلەسی(ئەمریکە و ئەوروپا–ناتۆ) و لەلای دیکە ئۆڕاسیایە، كە(رووسیا و چینی میللییە)، خۆی دەبینێتەوە. خوێندنەوەی لۆکالی بۆ ڕووداووەکان، ڕووت و خاو دەردەچێت و رەهەند و ئامانج و لێکەوتەکانی بە روونی دیار نابێت، بۆیە چارەنووسی دۆزێکی وەک کوردستان کە ناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەموو ڕەگەزەکانی ململانێی نێودەوڵەتییەکانی لێ خڕ بویتەوە لە وزە و تیرۆر، نابێ هەر لە سیاسەتەکانی حیزبە کوردستانییەکان هەڵبهێنجرێ، بەڵكوو چارەنووسی هەرێمەکە بە کوردستانیشەوە لە ململانێی جیوسیاسییەکاندا دەردەکەوێت، کە دەکرێ بگوترێ:
_ ئەگەر جاران ئێران و تورکیا و ئەوجا هەندێ وڵاتی عارەبی زلهێزی ناوچەکە بوون، ئەوا ئێستا لە لایەن ئۆرۆئەتڵەسییەوە؛ ئیسرائیل، راسپێردراوە بۆ هاوسەنگکردن و داڕشتنەوەی هێز لەناوچەکەدا، لە هەمان کاتدا، پڕۆژەکەی کەوانەی شیعە و عوسمانیی تازەی ئەردۆگانی تێکگیربووینە، لەگەڵ پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە.
_ کەمبوونەوەی هەژموونگەراییی بەریتانیا، کە جاران بەسەر کۆمپلیتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زاڵ بوو، دەردی کوردستانیش ئەو هەژموونگەراییەی"گای بنێ"یە بوو، هەرچی بەسەری دەهات لەو ئاکەمەدا بوو، کشانەوەی بەریتانیش یانی تێکچوونی هاوسەنگیی هێزو بۆشایی پەیدابوون لە ناوچەکەدا .
ڕێککەوتنی ئیسرائیل و رووسیا و رووخانی ئەسەد لە ئاکامی ئەو ڕێککەوتنە و پەشۆکاویی عارەبستانی سعوودی، دوای پەیوەندییە هەواڵگرییەکەی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل لە لایەک و لە لای دیکە لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن، گواهین بۆ قسەکانمان.
سەبارەت بە تێکگیربوونی ئیسرائیل لەگەڵ پڕۆژەکانی ئێران و تورکیا، ئەوا جەنگی ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لای دیکەدا، ململانێی تورکیا ئێسرائیل لە سووریا کە ڕێگەی نەدا نە بنکەیەکی سەربازیی تورکی لەو جوگرافیایە هەبێت و نە هێڵی گازی سروشتیی قەتەر بەو وڵاتەدا ڕەت بێ، پێویست بە قامکدانان لەسەر ئەو ڕووداوانە ناکات.
ئەو تێکگیربوون و کشانەوانە هەناسەی زۆر بە کورد دەدات بۆ هەستانەوە.
بۆیە ئەو چارەسەریەی کوردستان کە چاوەڕێ دەکرێت، لە بڕیاردانی کاراکردنەوەی پەرلەمان و دووئیدارەیی و گورزوەشاندن لە کۆرمۆر و هەڕەشەکانی تورکیا لە گێڕانەوەی ویلایەتی حەلەب و موسڵ بۆ تورکیا نییە، چەندە لەو ململانێیە جیوسیاسییانە دروست دەکات و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە لێرەدا دەکرێ بڵێین:
_ ئیسرائیل ئەگەر هەژموونگەرایی خۆی گەورەتر نەکات بۆ دەرەوەی ئەو سنوورە جوگرافییەی ئێستای، ئەوا لە ئاکامی دوژمنداری بە سەدان ملیون ئیسلامی دەوروبەری لەرووی سەربازی و سیاسیدا، یان زۆر کچکە دەبێتەوە یان لە ناو دەچێت، ئەو وڵاتەش بۆ ئەوە دروست نەبووە لەو سنوورە بمێنێتەوە، بەڵکوو، هەوڵی بە جێگەیاندنی ئیسرائیلی گەورەی تەوراتی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش شەش ملیون جوولەکەی ناو ئیسرائیل بەشی ئەو ململانێی ناکات و پێویستی بە نەتەوە پەراوێزەکانی رۆژهەڵاتە ( کوردو کریستیان و درووزو مارۆنی،..... هتد) هەیە، کوردیش لە ڕووی ژمارەوە لە هەمووان زۆرترە و کێشەکەی کۆتایی نایەت تا نەگاتە سەربەخۆیی کوردستان.
_ ئۆرۆئەتڵەسی ئەگەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ململانێی لەگەڵ ئۆراسیا بدۆڕێنێ، ئەوا لە دونیا بە تەواوی دۆڕاوە.
بۆیە داڕشتنەوەی هێز بە قازانجی ئۆرۆئەتەلسی و کۆریدۆری داود. دوایین قسەی لە ناوچەکەدا دەبێت، نەک داگیرکەرانی کوردستان کە بوونی فسیۆلۆژیی کورد بە زیاد دەزانن. هەندێ لەو حیزبە کلاسیکییانەی کوردستانیش کە لە خزمەتی ئەو یۆتۆپبیایەدان. بۆیە لێرەدا دەلێین؛ کوردستان فراوان تر و چارەسەرییەکانی باڵا تر، دەبێت. بە پێچەوانەی سەدەی بیست، سەدەی بیست و یەک هی کوردستانیان دەبێت.
١٦ی تشرینی دووەم -نۆڤەمبەر/ ٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی