هەموو مۆدێل (هەروەها کچە مۆدێل) و خیتاب و دەزگا و مۆدەکانی بەڕێوەچوون کۆتاییان هاتوە. بەردەوامییان تەنها و تەنها زیانی زیاتر دەدەن، لە مێژوی گەلاندا، قەیران ساتی لە دایکبونی بیری گەورەیە. هێگڵ بەرهەمی شکستی ئەڵمانیایە لە بەردەم ناپلیوندا.
هۆبز بەرهەمی شەڕی ناوخۆی ئینگلیزییە.
کاتم زۆر کەمە، بەڵام هەندێک تێڕوانینی پارادایمی ئاماژە پێدەدەم:
یەکەم، کەس خاوەنی کوردستان نیە. هەر هێزێک خۆی بە خاوەنی کوردستان بزانێت سوکایەتی پێدەکات. دەبێت کەلتوری خۆ بە خاوەنزانین کۆتایی بێت.
دووەم، کەس مافی حوکمداریی کوردستانی نیە.
بۆیە حوکمداریی هەمیشە دەبێت وەک بۆشاییەک بێت، پڕ کردنەوەی وەک پێداویستیەک بێت کە هەرگیز دوا چارەسەر نیە.
سێیەم، گرژی لەناوناچێت، بۆیە دەبێت ئیدارە بدرێت، ئیدارەدانی لە ڕێگای دامودەزگای زۆرەوە دەبێت، کە هەموان بهێنێت و کەس باڵا نەبێت.
چوارهەم، کۆمەڵگای ڕەق، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناتوانن نوخبەی حوکمران و بەڕێوبەریان نوێبکەنەوە، بە ناچاری توندوتیژی بەکاردەبەن و سامانی زۆر بەفیڕۆ دەدەن بۆ هێشتنەوەی نوخبە حوکمڕانەکەیان.
بەدەرئەنجام دوادەکەون.
پێنجەم، پێکەوەبونی کورد سروشتی نیە، دەبێت بەرهەم بێت. ئەگەر لە سەر بنەمای هاوڵاتی بون بەرهەم دێت دەبێت بزانیت لۆجیکی ماف و عەقلانیەت چۆن مەیسەر دەبێت.
ئەگەر لە سەر بنەمای کەلتور بەرهەم دێت دەبێت ئەو کەلتورە بەرهەم بێت، ئەگەر لە سەر بنەمای ترس یان خراپی لە ئەویتر دێتە ئاراوە، دەبێت هیچ نەبێت لە ئەویتر باشتر بیت.
شەش، پارە شەرعیەت بەرهەم ناهێنێت. پەیوەستی پارە، پەیوەستیەکی ساختەیە.
دەستم بە هەویرە، هەر ئەوەندەم لە بیرە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی