کۆتایی دنیا و کوردستان

13 خولەک پێش ئێستا

سۆزان حەمەتاتە


چارەسەر نەکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراویش ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، وا خەریکە سەردەکێشێ بۆ دوو لەتکردنی بەشێکی کوردستان و بەوەیش هەنگاوێک زیاتر نزیک دەبێتەوە لە کۆتاییهاتنی قەوارەکە، ئەوەیش پێچەوانەی خەونی زۆرینە و ئەو سەدان ساڵ خەباتەیە کە لەپێناویدا هەزاران شەهید بەخشراون.

پرسی دوو ئیدارەیی، پرسێکی سادە نییە، لە راستیدا ئەگەر ئەوەیش روو نەدات هەرێمی کوردستان ببێتە دوو ئیدارە، ئەوا هەر بوونی بیرۆکەی وا و باسکردنی، مانای وایە لە ستراتیژی هێزی سیاسی و لە بیرکردنەوەی بەشێک لە خەڵکی کوردستان ئامادەیی هەیە و دوا سەدان ساڵ لە خەبات بۆ کوردستان، کەچی هێشتا رۆحی شارچێتی زاڵە و لە دەرفەتێک دەگەڕێین بۆ ئەوەی بەسەر بیرە نەتەوەییەکەدا زاڵی بکەین.

مەترسیی بوونی ئەو بیرۆکە و هەنگاوە سیاسییە لەئێستادا ئەوەیە، هێزی سیاسیی دەرەکی یان وڵاتی دوژمن بە کورد و کوردستان هەن و دەیانەوێت جەستەی کوردستان پارچەی دیکەی لێ ببێتەوە و بۆ هەمیشە کورد لە دەرەوەی مێژوو و گۆڕانکارییەکاندا بژی.

بەرپرسیارێتی هێزی سیاسیی کوردستانە کەوا بەجدی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن و کۆتایی بە بیرۆکەی (بوونی دوو ئیدارەیی) لە کوردستان بهێنن، لە کاتێکدا دەزانرێت بەهۆی پەرتەوازەیی کورد پێگەی کورد لە ئێستادا لە بەغدا لاوازە و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامبن لە قووڵترکردنەوەی ناکۆکییەکان، ئەوا پێگەکە زیاتر لاواز دەبێت و سەرەنجام شتێک نامێنێت بەناوی هێزی کورد و پێگەی کورد و دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتا و مەترسییەکانی سەر بوونی کورد زیاتر دەبن.

ناکرێت هێزی سیاسیی پێچەوانەی راستییە مێژووییەکان بجووڵێتەوە، راستیی مێژوویی ئەوەیە کورد نەتەوەیەکی جیاوازە و دەبێت دەوڵەتی هەبێت، کوردستان نیشتمانی کوردە و سەدان ساڵە لەپێناویدا خەبات دەکات، خەباتی سەربەخۆییخوازیی خەباتێکی دوورودرێژە، کەواتە مادام ئەو راستییانە هەبن ئەوا ناکرێ هێزی سیاسیی پێچەوانەی ئەو راستییە مێژووییانە بێت و کورد بێ هیوا و کوردستان دوو لەت و خەباتی سەربەخۆییخوازیش لە بەدیهێنانی ئامانجی سادەدا کورت بکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی