بەختیار نامیق و سەرکەوتی جیهاز
هاوکێشەی دوو هێزەکە و ڕێککەوتنی ژێربەژێر
لە ململانێ ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا، دوو هێزی سەرەکیی سەر بە ئێران وەک دوو ڕووی دراوێک دەردەکەون؛ هێزێکی نەرم، دەوڵەتی و نێوەندگیر کە هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەدات؛ لە بەرامبەردا، هێزێکی ڕەق و دژبەر کە لە ڕووی گوتار و کردارەوە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دەوەستێتەوە.
ئەو سیناریۆیەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانەکەدا دەبینرێت، زیاتر لەوە دەچێت دەرئەنجامی ڕێککەوتنێکی نهێنیی گەورە بێت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، کە بە گڵۆپی سەوزی چین و ڕووسیا ئاراستە دەکرێت.
دواخستنی هەنگاوەکانی پەیوەست بە جرف سەخر بۆ دوای کۆبوونەوەکانی سێ سەرکردەی زلهێزە جیهانییەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک لە ئارادایە کە تەنها عێراق ناگرێتەوە، بەڵکو کۆی دۆسیەی جەنگەکان و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ دەگرێت؛ بە جۆرێک دوور نییە لە داهاتوودا لە بەرەی ئۆکرانیاش گۆڕانکاریی بەرچاو و هاوشێوە ڕوو بدەن.
بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و واقیعی عێراق
لە عێراقدا، ئەمریکا هیچ کێشەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ «هێزە نەرمە هەژموونەکەی» ئێراندا نییە؛ بگرە، لە زۆر ڕووەوە ئەم هێزە نەرمە وەک خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، تەنانەت بە ئیسرائیلیشەوە، کار دەکات.
لە قۆناغێکدا کە هەموو جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان باجی زۆر و زەرەری جەنگی ئێرانیان داوە، ئەم قۆناغە نوێیە دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ کارکردن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لەبری بەردەوامبوون لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ و خوێناوی.
جرف سەخر تەنها دۆسیەیەکی ناوخۆیی و عێراقی نییە، بەڵکو جوگرافیایەکە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ململانێ و ڕێککەوتنی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهانەوە گرێ دراوە.
هەموو لایەک دەزانن کە بەبێ هەژموونی ئێران، عێراق بە شێوەیەکی سەقامگیر بەڕێوە ناچێت. بۆیە هەردوو بەرەی نێودەوڵەتی و هەرێمی پێویستییان بەو هێزە نەرمەیە کە لە چوارچێوەی دەوڵەت و کەسایەتییەکانی وەک عەلی زیدیدا خۆی دەبینێتەوە.
دەستپێکردنی جێبەجێکردن و داهاتووی سنوورەکان
هەر دوای گەیشتنی ئیسماعیل قائانی، وەرگرتنی نەخشەڕێگا و پلانەکە و کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی سێ زلهێزە جیهانییەکە، قۆناغی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە دەستی پێ کرد.
لەم نێوەندەدا، عەلی زیدی لە ڕووی ئینتیما و کاریگەرییەوە، لە زۆرێک لە گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە و حەشدی شەعبی زیاتر بە ئێرانەوە بەستراوەتەوە؛ بەڵام وەک هێزێکی نەرمی قبوڵکراوی سەردەمی ڕێککەوتن دەردەکەوێت، کە لەگەڵ کەشێکی نوێی هێورکردنەوە و جۆرێک لە ئاشتیدا دەگونجێت.
پرسیاری سەرەکی ئێستا ئەوەیە: دوای جرف سەخر، نۆرەی کام ناوچە و سنوور دێت؟
ئاراستەی ڕووداوەکان وا دەخوازێت چاوەکان لەسەر سنوورەکانی سووریا و سنوورەکانی تورکیا بن، چونکە تەواوکردنی ئەم پازڵە هەرێمییە پێویستی بەوەیە هەموو لایەنەکان بە مەرج و دەرئەنجامەکانی ئەم قۆناغە نوێیە ڕازی بن و قبوڵی بکەن
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی