خوێندنەوەیەکی فەلسەفی و کۆمەڵناسی بۆ سیستەمی نوێی نێودەوڵەتی د. ادریس حمە فرج
کۆبوونەوە ستراتیژییەکان و ڕێککەوتنە سێقۆڵی یان فرەقۆڵییەکانی نێوان زلهێزەکانی جیهان، ئەگەر بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بنەمایەکی نوێ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەڕێژن. بەڵام خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ مێژووی ململانێکان پێمان دەڵێت کە ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە بە واتای کۆتاییهاتنی ململانێ نایەن، بەڵکو ئاماژەن بۆ گۆڕینی فۆرم و ئامرازەکانی پێکدادان. لێرەدا جیهان لە قۆناغی ململانێی کلاسیکییەوە دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، تێیدا مەیدانی جەنگ لە سنوورە جوگرافییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو هۆش، ئارەزوو و بڕیارەکانی تاکی مرۆڤ.
لە سەدەی بیستەمدا، هاوسەنگیی هێز لەسەر بنەمای "هێزی ڕەق" وەک توانای سەربازی، داگیرکردنی خاک و کێشانی سنوورەکان بە زەبری چەک دیاری دەکرا، بەڵام لە سیستەمی نوێی جیهانیدا، چەمکی "هێزی نەرم" کە زانای سیاسیی ئەمریکی جۆزێف نای پەرەی پێداوە، بە تێکەڵبوون لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم، بە شێوەیەکی بەرچاو جێگەی داگیرکاریی سەربازی دەگرێتەوە. بەم پێیە، دابەشکردنەوەی جیهان لە داهاتوودا لە ڕێگەی تۆڕە ئابوورییەکان، گەمارۆ داراییەکان، قۆرخکردنی زانیاری، میدیا و هەژموونی کولتوورییەوە بەڕێوەدەچێت. لەم هاوکێشە نوێیەدا، زلهێزەکان چیتر پێویستییان بەوە نییە سوپاکانیان بنێرنە سەر خاکێک بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایی بکەن، بەڵکو لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکان و میدیاوە فەرمانڕەوایی بەسەر بیرکردنەوە و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤدا دەکەن؛ ئەمەش هاوتایە لەگەڵ بۆچوونەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ سەبارەت بە "دەسەڵات و زانین"، کە پێی وایە دەسەڵاتی مۆدێرن لە ڕێگەی ئاراستەکردنی هۆشیارییەوە تاکەکان ملکەچ دەکات نەک تەنها لە ڕێگەی سزای جەستەیی و سەربازییەوە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییانە، گەشەی خێرای زیرەکیی دەستکرد و ئۆتۆماتیکبوونی سیستەمەکان، پێگەی مرۆڤ لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بڕیاردانی ڕۆژانەدا بەرەو پەراوێزخستن دەبەن. لێرەدا مەترسییەکە لە کەمبوونەوەی گرنگیی مرۆڤدا نییە وەک بوونەوەرێک، بەڵکو مەترسییە گەورەکە لە گۆڕینی مرۆڤدایە لە "بکەرێکی خاوەن ئیرادە" بۆ"ئامرازێک لەناو سیستەمە دیجیتاڵییەکاندا". ئەگەر ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، جیهان بە ئەگەری زۆرەوە بەرەو دۆخێک هەنگاو دەنێت کە دەکرێت بە "تەمەڵخانەیەکی سیستماتیک" وەسف بکرێت؛ دۆخێک کە تێیدا هەموو پێداویستی و بڕیارەکان بە شێوەیەکی ئامادەکراو و ئۆتۆماتیکی بەڕێوەدەچن و مرۆڤ لە ئەرکە بنەڕەتی و مرۆییەکانی وەک بیرکردنەوەی قووڵ، داهێنان و خەلاقیەت دادەبڕێت و دەبێتە تەنها بەکاربەرێکی ناچالاک. هەروەک فەیلەسوفی قوتابخانەی فرانکفۆرت هێربێرت مارکوزە لە کتێبی "مرۆڤی تاکڕەهەند"دا هۆشداریی لێداوە، کاتێک سیستەمە تەکنەلۆژییەکان هەموو پێداویستییەکانی مرۆڤ بە ئامادەکراوی دابین دەکەن، هەستی ڕەخنەگرانە و توانای داهێنان لای تاک دەکوژن.
لە کۆتاییدا، کاتێک جیهان بە هێزی نەرم، ئەلگۆریتمەکان و کۆنترۆڵی دیجیتاڵی بەڕێوەدەچێت، مرۆڤایەتی دەکەوێتە بەردەم دووڕیانێکی مێژووییەوە و کۆمەڵناسی و فەلسەفەی هاوچەرخ ڕووبەڕووی دوو پرسیاری بنەڕەتی و چارەنووسساز دەبنەوە: یەکەم، ئایا کەمبوونەوەی جەنگی سەربازی و سپاردنی کارەکان بە سیستەمە زیرەکەکان جیهانێکی ئارامتر و مرۆڤانەتر دەخوڵقێنێت؟ دووەم، یان ئەمە فۆرمێکی نوێ و شاراوەی "کۆیلایەتیی مۆدێرن"ە کە تێیدا مرۆڤ بەبێ ئەوەی هەست بە کۆت و زنجیرەکان بکات، ئیرادە، سەربەخۆیی بیرکردنەوە و توانای بڕیاردانی لێ زەوت دەکرێت؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی