یەکگرتوویی قەوارەی هەرێم؛ پێشمەرجی چارەسەر یاخود سەرچاوەی قەیران؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەبوبەکر کاروانی

١- هەڵەیەکی یەکجار گەورەیە کێشەی حوکمڕانی و دەسەڵات لە هەرێمدا بە قەوارەی هەرێم و یەکگرتووییە دەستوورییەکەی ببەسترێتەوە و لێکبدرێتەوە، چونکە ئەمە چاوپۆشینە لە قووڵایی قەیرانی ئێستا؛ کە ڕیشە قووڵەکانی لە فکری نوخبەی حوکمڕان و چۆنیەتی ڕوانینی بۆ بەرامبەرەکان، مەترسی و دەرفەت و جۆری چارەسەرەکاندا یە.

٢- لە ڕوویەکی ترەوە، کێشەی ئێمە تەواو بە پێچەوانەی ئەو دیدەیە کێشەکان بە یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمەوە دەبەستێتەوە، لە بەرئەوەی بەکردەوە وا لە نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی و هەرێمێکی یەکگرتووی ڕاستەقینەدا، بە حوکمی ئەوەی، ناکۆکییەکان فرەدەسەڵاتیی و دەڤەرە حیزبییەکانی لێکەوتووەتەوە، ڕێگری کردووە لەوەی، دامودەزگای سەروحیزبیی و نیشتمانیی بەهێز و دەزگای ناوبژیوانکار بێتە کایەوە، هاوڵاتی دەنگدەر ڕۆڵی خۆی لە بەزیندوو ڕاگرتنی ژیانی سیاسی، سنووردارکردنی ناکۆکییەکان و گۆڕینی ململانێ بۆ کێبڕکێی مەدەنی ببینێت.

کاتێک هەرێم بەکردەوە هاوشێوەی قۆناغی ڕابردوو یەکگرتوو نەبێت، هەموو هەوڵێک بۆ نیشتمانسازی، دامەزراوەسازی، چاکسازی، بیناکردنەوەی سیستەم، گەشەدان بە دیموکراسی و سەروەریی یاسا، لەباردەچێت، یاخود بە نیوەناچڵ و کاڵ وکرچ دەمێنێتەوە. ڕەگێکی قووڵی شکستی ئۆپۆزیسیۆن وهەندێ هەوڵ وپڕۆژەی ناوخودی بازنەی هێزەدەسەڵاتدارەکانیش لەقۆناغی ڕابردوودا هەر لەمەدا شاردراوەتەوە. هەر بۆیە، کاتی خۆی لە دانیشتنێکدا بە کاک نەوشیروان مستەفای ڕەحمەتیم وت: «ئەو حکوومەتەی هەرێم بڕیارە وەك ئۆپۆزیسیۆن بیڕووخێنین( بە مانا مەدەنییەکەی) بوونی نییە؛ بۆیە سەرەتا با دروستی بکەین بۆ ئەوەی بیڕووخێنین».

دەیان جاریش ئەم بابەتەمان هێناوەتە گۆڕێ و پرۆژەمان پێشکەش کردووە، کە ئەگەر مانایەک بۆ ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمدا هەبێت، دەبێت کارکردن بێت لەسەردرووس ئەو ژێرخانە؛ واتە دروستکردنی ژێرخانی نیشتمانسازی و دیموکراسی، پەسەندکردنی دەستوور و کۆتاییهێنان بەو فەوزایەی فرەدەسەڵاتییە، بۆئەوەی چاکسازی وگۆڕانکاری لە سیستمدا، شانسێکی لەبەردەمدا بێت. کەچی بەداخەوە، لەبەر زیاتر لە هۆکارێک، لەوانەش نەبوونی هیچ قووڵاییەکی فکریی ڕاستەقینە لە پشت ئۆپۆزسیۆنەوە، زۆر گوێ بەو داواکارییە نەدرا. هەر بۆیە نائومێدی و ئێکسپایەربوونی دروشم و هێز و کەسێتیە بەردەوام بوو.

٣ داننان بەو ڕاستییەشدا دژ نییە بە دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ڕەچاوکردنی داوا و چاوەڕوانییە ڕەواکانی ئەم دەڤەر یاخود ئەوی دی.

ئەمە نەک هەر دژ بەو پرەنسیپە نییە، بەڵکوو ڕێکخستنییەتی بە شێوەیەکی سرووشتی لە ڕێی دەستوورێکی سازان لەسەرکراوەوە.

٤- ئێستاش، ئەگەر ئیرادەیەک هەبێت بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئەڵنگارییەکان کە هەڕەشە لە داهاتووی هەرێم و گەلەکەی دەکەن، دەبێت بەرەو دووبارە بیناکردنەوەی سیستەم، بەدەستووریکردنی ژیانی سیاسی، دروستکردنی دەسەڵاتێکی ناوەند ی و پەیڕەوکردنی ناناوەندییەتی کارگێڕی و دارایی ئاراستە بکرێت. لەبەرئەوەی ، باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی هەرێم (لەگەڵ گریمانەی سەرکەوتنی و نادیدەگرتنی هەموو بەربەستەکانی بەردەمی)، نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکوو سەرەتای جاڕدانی شکستی چارەسەر و چوونە ناو تونێڵی پووچگەرایی و عەدەمییەتە.

بۆیە دەبێت هەرگیز وەك بژاردە لێی نەڕوانرێت و کەس ڕێگە بە خۆی نەدات لە بیرکردنەوەیدا خۆی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە. بەحوکمی ئەوەی جگەلەوەی تاوانێکی نەتەوەییە،کۆتایی هەرێم یەکسان نییە بە دروستبوونی هەرێمێکی نوێ و سەرەنجام دوو هەرێمی، بەڵکوو دوای قۆناغێکی ڕاگوزەری کەمی فریودەر، بەکردەوە سەری لە کۆتایهاتنی سیستمی فیدراڵی لەعێراقدا دەردەچێت، لەوسۆنگەوە کە لەبنەرەتدا دیفاکتۆی هەرێم لە پێش (٢٠٠٣) دا لەپشت سیستمی فیدراڵی عێراقەوەیە، هەربۆیە رێگەیان نەدا هیچ هەرێمێکی تر دابمەزرێت، ئەوەش وادەکات، چاوەروانی دامەزراندنی هەرێمێکی نوێی کوردی بەم دەسەڵات وپەیام وپاساوەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، ببێتە وەهمێکی راستەقینە. چوونکە هەموو ئەوانە تایبەتمەندی هەرێمی کوردستانن، نەك هەرێم لەخودی خۆیدا، جگەلەوەی کۆتایی هەرێم کۆتایی ئەو پارێزبەندییە دەستوورییە دەهێنێت، کە تاراددەیەك رێگە لەگۆڕین وهەموارکردنی دەستوور دەگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی