من بەراز و تۆ بەراز؛ سیاسەت بە میتۆدی بەرازیزم

20 خولەک پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

هاووڵاتییەک بە ناحەق دەخرێتە زیندانێکی تاکەکەسیەوە، کاتێک دەست بەهاتو هاواردەکا لە تەنیایی و داوای مافی خۆی دەکات، دادوەر بڕیار دەدات چەند کەسێکی تر بۆ ژورە تەنگەبەرە تاکاکاسیەکەی بگوازێتەوە، کاتێک هەموویان هاواریان لێ هەڵدەستێت. داوا دەکەن تەنها بەشێکیان بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەمجارە بڕیار دەدەن بەرازێک بخەنە پاڵیان لە ژوورەکەیاندا، لێرەوە ئیتر زیندانەکە دەبێتە دۆزەخ، زیندانییەکان داواکارییەکانیان لەبیر دەکەن و تەنها بەوە شکوردەبن بەرازەکە دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی لە پاشەرۆ و بۆگەنەکەی ڕزگاریان بێت. کاتێک بەرازەکە دەگوازنەوە، هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکەن و دەستدەکەن بە سوپاس و ستایشی دەسەڵاتداران و زیندانەوانەکان، لەبیری دەکەن ژوورەکەیان هێشتا هەر هەمان زیندانە، زنجیرەکە نەشکاوە، کلیلەکە هێشتا لە دەستی ئەوانەدایە ئازادییان لێ زەوتکردوون و بە ناحەق لە ژوورێکی تاکەکەسیدا زیندانیان کردوون.

ئەگەرچی ئەمە میتافۆڕی چیرۆکێکی ڕەمزی و گریمانەیی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، بەڵام ئاماژەی قووڵی فرە ڕەھەند لەخۆی دەگرێت، بەتایبەت لە سروشتی مامەڵەی ناڕەواو نالۆژیکی دەسەڵاتدارانی ستەمکاردا لەگەڵ ھاونیشتیمانیان. ھەربۆیە لە فەلسەفەی سیاسیدا بە (میتۆدی سیاسی بەراز) دەناسرێتەوە.
 ئەم چیرۆکە پێشانمان دەدات، ستەمکاریی مۆدێرن تەنها پشت بە بەکارھێنانی زۆرەملێ و توندوتیژیی ڕووت نابەستێت، بەڵکو پشت بە ئەندازەسازیی هۆشیاری و کۆنتڕۆڵکردنی سنووری چاوەڕوانییەکانی تاك دەبەستێت. لە ڕووی سیاسیەوە مەرج نییە دەسەڵات هەمیشە بەدوای ئەوەوەبێت ڕەوایەتی بۆ بڕیار و ڕاسپاردەکانی دەستەبەر بکات، چونکە هەندێک جار تەنها ئەوەندە بەسە بۆ سەپاندنی بڕیارەکانی، تەنانەت ئەگەر ناڕەواشبن، سەرەتا فشار بخاتە سەر هاووڵاتییان، پاشان بەشێکی کەمی ئەوەی بە ناڕەوا سەپاندوویەتی سووکی بکات، ھەتا وەک ڕزگارکەردەركەوێت. لێرەدا دەسەڵات ھیچ جۆرە مافێک بۆ ھاوڵاتیان دابینناکات، بەڵکو تەنھا بەشێکی کەمی بڕیارە ناڕەواکانی بۆ کاتێکی دیاریکراو دەکێشێتەوە، لە بەرامبەردا داوای چەپڵەو ستایش و پێداھەڵدان دەکات. بەم شێوەیە هاووڵاتیان بەردەوام خۆیان بە قەرزاری دەسەڵاتداران دەزانن، لەبەرامبەر ئەوەی گوایە کەمێک لە ئازارەکانی سەرشانی سوک کردوون. مەترسیدارترین سەرکەوتنی دەسەڵات تەنھا ئەوە نییە هاووڵاتیان ڕازی و بێدەنگ بکات، بەڵکو ئەوەیە وایان لێبکات بەردەوام سوپاسی بکەن لەبەرامبەر زوڵم و زۆرداریەکەی. تا وای لێ دێت تەنها جەستەنا بەڵکو ھۆشیاری کۆمەڵگەش کۆنتڕۆڵ دەکات، بە ئەندازەیەک ستەملێکراوان چیتر داوای کۆتایی ھێنان بە ستەم و نادادی ناکەن، بەڵکو سوپاسی کەمکردنەوەکەی دەکەن.

یارییە مەترسیدارەکە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، دەسەڵاتداران بەبەرنامە پرسیار لەمەڕ ماف و دادپەروەری دەگۆڕن بۆ ترس و تۆقاندنی ھاوڵاتیان، لە چاوەڕوانی خراپتردا، ئەوەتا ئێستا کەس پرسیار ناکات، بۆچی دەناڵێنێت بە دەست هەژاری، گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، بەڵکو ستایشی دەسەڵاتداران دەکات، چونکە گوایە ناھێڵێ دۆخەکە بەرەو خراپتربچێت. تا وای لێدێت ڕەوشتی دەسەڵاتداران، بە پێوەری ڕێزگرتن لە ماف و کەرامەت ناپێوێت، بەڵکو بەو گوتارە درۆزنانە دەپێوێ، گوایە ڕێگری لە ڕوودانی چ جۆرە کارەساتێک دەکەن. خۆلادان لەدۆخێکی وەھمی دەبێتە دەستکەوت، شکست و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاری دەگۆڕدرێت بۆ سەرکەوتنێکی ڕێژەیی، ڕزگاربوون لە مەترسیەکانی کارەساتێکی خەیاڵی وەک بەڵگەیەک دەخرێتە ڕوو، بۆ سیاسەتی حەکیمانەی ئەو کەسانەی خۆیان ھۆکاری سەرجەم نەھامەتیەکانن.

 ئامرازەکانی خۆسەپاندنی ئەم فۆڕمە لە دەسەڵات، تەنها بە هێز کار ناکات. بەڵکو سوود لە ترس، هەژاری، بێ ئومێدی و لەگەڵیدا ڕاگەیاندنێکی زەبەلاح و لەشکرێک قەڵەم بەدەست و کۆمێنت نوسی پشت شاشەکان وەەردەگرێت، کە پرسە بنەڕەتییەکان، ھەڕەشە وجودیەکان، مەترسی قەیرانە جۆراوجۆرەکان دەگۆڕن بۆ جەنگی لاوەکی، سوود لەو گوتارانە وەردەگرن سەقامگیری پیرۆز دەکەن، تاوەکو بێدەنگی دەبێتە فەزیلەت و نیشتیمان پەروەری. ڕەخنەو لێپرسینەوە، پێشاندانی نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکان، دەچنە خانەی حەرام و خیانەت. بەم شێوەیە داوا لە ھاوڵاتیان دەکرێت، فەرمانڕەوا گەندەڵەکان بە ناوی خەمخۆری نیشتمانەوە پیرۆزو قەبووڵ بکات، بە ناوی یەکڕیزیی و مەترسی دەرەکیەوە، بەرامبەر پەراوێزخستنی ماف و داواکاریەکانی بێدەنگی و ڕازیبون ھەڵبژێرێ. لەبری ھەڵوێستی ئازایانە، ھەوڵبدات خۆی لەگەڵ قەیران و نەھامەتیەکاندا ڕابێنێت، ھەمیشە ھاونیشتیمانیان وافێردەکات وڵات بە پارادایمی خراپتر بچوێنن، بەردەوام دەڵێن:( ھێشتا ئێمە لە فڵان شوێن باشترین)، لە کاتێکدا ئێمە لە دەیان و سەدان شوێن زۆر خراپترین.

ڕەھەندێکی تری مەترسیداری ئەم میتۆدی (بەرازیزم)ە ئەوەیە، هێزە سیاسییەکان زۆر بەچڕی و لەدرێژەی ململانێ مێژوویە ناڕەواکەیان، لە بەرامبەر یەکتریدا پراکتیزەی دەکەن. ئەوەتا بەوپەڕی لووت بەرزی و لەخۆ ڕازی بوونەوە، ھەرلایەنەو سواری ملی خۆی بووە، نە ئێستێک دەکەن نە ئاوڕێک لە ژیان و گوزەرانی ھاونیشتیمانیان دەدەنەوە، ھاوشێوەی بەراز ملیان زۆر کورتەو ئاوڕ بەملاو بەولای خۆیاندا نادەنەوە، زیاتریش ئاراستەی بینینیان تەنھا ڕوەو خاڵێکی دیاریکراوە، کە خۆی لە بەرژەوەندی حزب و بنەماڵەو تەنانەت تاکەکەسدا دەبینێتەوە، ئەوەتا پارتی و یەکیەتی بەھەمان میتۆد لەسەر ھێڵێکی تەریب ھەرلەسەرەتاوە، لەبری ئەوەی وەک ڕکابەری سیاسی کێبڕکێ بکەن، وەک دوژمن ململانێکانیان تا ئەمڕۆ درێژە پێ دەدەن، بەبێ لە بەرچاوگرتنی مەترسییەکان و ئاوڕدانەوە بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، هاووڵاتییان نوقمی تەنگژە و قات و قڕی بوونەتەوە، دوای زیاتر لە سی ساڵ ئەزموونی شکست خواردووی دەسەڵاتدارێتی ئەم دەستەبژێرە، لەبری نیشتیمان سازی، ئەوەتاھەرێمیان گەیاندۆتە سەر لێواری مەترسیی وجودی زۆر جددی و ڕاستەقینە، لە کاتێکدا ناوچەکە لەسەر لێواری گۆڕانکاریی خێرا دایە و ئاماژەکان بۆ ئایندە زۆر مەترسیدارن.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی