دوای بڕیارەكانی زەیدی؟

12 خولەک پێش ئێستا

رەحمان غەریب

مەسەلەكە قاچاخچێتی نەوتە؟ بەڵێ هەیە، زیاتر لە سی ساڵە ئەم فیلە لەبەردەمماندا دێت و دەروات كە رۆژنامەنووسێكیش پرسیاری لە وەزیرێك كردبێت، وەڵامەكەی هەر بە پرسیار داوەتەوە: كام فیلە؟ یان لە وەڵامدا دەیانووت نا..نا برام ئەوە نەفتی رەشە، ئەها ئەوەی حەمامی موفتی سلێمانی و حەمامی عەلی ئاغای هەولێری پێ گەرم دەكرا.
ئەگەر (دووربین) ی سەربازی ئەمریكی  لەچاو نەكرایە، زەیدیش باسی سێبەرەكەی دەكرد فیلەكەی نەدەبینیو، دەیووت: ئەوە نەفتایە حەمامی جورفلسەخری پێ گەرم دەكەن.

 ئەو زنجیرە بڕیارەی ئەمڕۆی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەمان ئەو راستییەیە كە ئەم بەیانییەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە بەرنامەی هیوا جەمال لە رووداو ددانی پێدانا كاتێك داوایكرد: دووركەوینەوە لە "تاڵانكردنی سەروەت و سامانی خەڵك"، وەزیر ددانی پێدا دەنێت كە بە تاڵانبردن هەیە.

وەڵامی هەرێمی كوردستان بۆ زۆربەی رێوشوێنەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كە پشتی بە دەستور بەستووە پێویستن، بەڵام دوور لە سەنگەرگرتن و رەتكردنەوە، دوور لە بەرزكردنەوەی سەقفی  گوتاری كوردایەتی كە نەتوانیین نزمی كەینەوە، بە ئاراستەی چارەسەر و هاوبەشی، بە پێی دەستوور، چونكە خۆمان بە هەرێمەكەمان دەڵێن: قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان.

ئینجا مەسەلەكە ناردنی هێز نییە بۆ سەر مەرزەكان، پێویستیش بە هەلهەلەی سیاسی ناكات، مەڵێن هێز دێت سنوورەكان كۆنترۆڵ دەكات، چونكە لە 2022 وە ئەو هێزانە لەوێن، جا ئەو هێزە چاوپۆشی لە قاچاخچێتی نەوت كردووە؟ بەرتیلیان لە وەكیلەكانی پارتی و یەكێتی وەرگرتووە؟ كە دڵنیام وایە، باجەنابی زەیدی بیاندات بە مەحكەمەی سەربازی، وەك چۆن سزای بۆ بەرسانی مەدەنی و سەربازی كەركوك دەركرد.

 مەبەستم: نزیكەی 50 هەزار پاسەوانی سنووری هەیە نزیكەی نۆ هەزاریان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ ئێران و توركیا، بڵاوەیان پێكراوە، ئەم هێزانە لە رووی كارگێرییەوە پەیوەندییان بە وەزارەتی ناخۆی عێراقەوە هەیە، موچەو فەرمان  لە فەریق محەمەد عەبدولوهاب ئەلسعیدی وەردەگرن.
جەنابی زەیدی بیەوێت رێگری لە قاخچێتی فەسائیل و حەشد لە عێراق و مافیاكانی قاچاخچێتی لە هەرێمی كوردستان، بەم پۆلیس و سوپایە بكات، ئیشەكە تۆزێك لام وەستاوە، بۆ؟

چونكە لە ساڵی 2004وە لە كۆی هەشت سەرۆك لە دەستەی دەستپاكی فیدراڵی عێراق، كە ئەركیان پێ سپێردراوە، سێ سەرۆكیان دۆسیەی گەندەڵی وخراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكەی بۆ كراوەتەوەو دراون بە دادگا، گەندەڵی بووە بە سیستەم.

پێشم مەڵێن لە جورفلسخەر سوپاو و پۆلیسی نەوت و حەشدی شەعبی شارەكەی كۆنترۆڵكردووە، لێگەڕێن ئەم كڵاوە بەس دەكرێتە سەر تۆم باراك، جا با راپۆرتی رۆژنامەنووسانی بنكۆڵكار لەسەر ئەو شارە بڵاوبكرێتەوە، ئەوسا دەزانن ئێران تەنها فەرش بە جوانی ناچنێ، وەستای كڵاویشە، كڵاو بۆ كەچەڵەكانی ئەمریكا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی