بڕیاری ژمارە ٢٦٨ی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، لەسەر داوای سەرۆکوەزیران بۆ ڕاڤەی چەند ماددەیەکی دەستوور، تەنها بڕیارێکی کارگێڕی و دارایی نییە. دەتوانێت کاریگەرییەکی فراوانی لەسەر پێکهاتەی فیدراڵی و سنووری دەسەڵاتی بەغدا و هەرێمی کوردستان هەبێت.
بڕیارەکە ڕاڤەی خۆی لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، نەوت و گاز، داهاتی گشتی و سنووری جوگرافیی دەسەڵاتی هەرێم خستووەتەڕوو.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم ڕاڤەیە تەنها سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی ڕوون دەکاتەوە، یان دەبێتە بنەمای فراوانکردنی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر ئەو بوارانەی دەستوور بۆ هەرێمیش دیاری کردوون؟
-دەستوور سیستەمێکی یەکگرتووە
دەستووری ٢٠٠٥ سیستەمێکی فیدراڵی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و هاوسەنگی نێوان ناوەند و هەرێمەکان دامەزراندووە. ماددەی ١ عێراق بە دەوڵەتێکی فیدراڵی ناساندووە، ماددەی ١١٧ هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی دانپێدانراو ناساندووە، و ماددەی ١٢١ دەسەڵاتە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەکانی هەرێم لەو بوارانەدا دیاری دەکات کە لە دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵدا نین.
بۆیە فیدراڵیەت نابێت وا لێک بدرێتەوە کە هەموو دەسەڵاتەکان بگەڕێنەوە ناوەند و هەرێم تەنها جێبەجێکاری بڕیارەکانی بەغدا بێت. دەستوور کۆمەڵێک بنەمای پەیوەست بە یەکن، و ڕاڤەی ماددەیەک بەبێ ماددەکانی تر هاوسەنگیی دەستووری دەشێوێنێت.
-دەسەڵاتی تایبەتی، نەک بێسنوور
ماددەی ١١٠ سیاسەتی دەرەکی، بەرگری، سیاسەتی دارایی و گومرگی و چەند بابەتێکی تر دەخاتە دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵ. بەڵام ئەم دەسەڵاتە بێسنوور نییە و دەبێت لە چوارچێوەی هەموو دەستووردا بەکار بێت.
ماددەی ١١٤ بابەتە هاوبەشەکان دیاری دەکات، و ماددەی ١١٥ لە ناکۆکیی نێوان یاسای فیدراڵ و هەرێمدا، لەو بابەتانەی تایبەتیی فیدراڵ نین، پێشینە بە یاسای هەرێم دەدات.
پرسیارەکە ئەوە نییە بەغدا دەسەڵاتی هەیە یان نا، بەڵکو ئەم دەسەڵاتە لە کوێ کۆتایی دێت و دەسەڵاتی هەرێم لە کوێ دەست پێ دەکات.
-ماددەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان
بڕیارەکە سنووری جوگرافیی دەسەڵاتی هەرێم بەو ناوچانەوە دەبەستێتەوە کە لە ١٩ی ئازاری ٢٠٠٣ لە ژێر بەڕێوەبردنی هەرێمدا بوون، لەگەڵ ئەوەی ماددەی ١٤٠ بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لەبەرچاو دەگرێت.
ئایا ئەم دیاریکردنە، بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی چارەسەر، لەگەڵ دەقی ماددەی ١٤٠ دەگونجێت؟ ئەو ماددەیە میکانیزمێکی دیاریکراوی داناوە: ئاساییکردنەوە، ژماردنی دانیشتووان، ڕاپرسی. و پابەندییەکی دەستوورییە، نەک ڕاسپاردەیەکی سیاسی.
بۆیە هیچ ڕاڤەیەک نابێت ئەنجامی ئەو پرۆسەیە پێشوەختە یەکلا بکاتەوە. کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە تەنها بابەتی سنوور و کارگێڕی نین، بەڵکو پەیوەستن بە ماف و چارەنووسی دانیشتووانەکەیان.
-نەوت و گاز :
ماددەی ١١١ نەوت و گاز بە موڵکی هەموو گەلی عێراق دادەنێت، و ماددەی ١١٢ بەڕێوەبردنی کێڵگە ئێستاییەکان بە هاوبەشی فیدراڵ و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان دەسپێرێت.
بەپێی بڕیارەکە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەسەڵاتی سەرپەرشتی و چاودێری و وردبینی لەسەر کێڵگەکان، گرێبەستەکان، بەرهەمهێنان، فرۆشتن و هەناردەکردن هەیە.
چاودێریی فیدراڵی بۆ شەفافیەت و پاراستنی سامان گرنگە، بەڵام دەبێت لە بەڕێوەبردنی هاوبەش جیا بکرێتەوە. هاوبەشی تەنها لە ناونیشاندا نییە، دەبێت لە بڕیار و بەڕێوەبردنیشدا ڕەنگ بداتەوە.
-دەروازە سنوورییەکان و داهاتی گشتی :
بڕیارەکە کۆنترۆڵی دەروازەکان و سیستەمی نیشتمانیی یەکگرتووی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگ بە بەغدا دەدات، و لە هەمان کاتدا ئاماژە بە هاوئاهەنگیی گومرگی لەگەڵ هەرێم دەکات. بەڵام ماددەی ١١٤ بەڕێوەبردنی گومرگ لە دەسەڵاتە هاوبەشەکان دادەنێت، بۆیە دەبێت سنووری چاودێریی فیدراڵی و ڕۆڵی ئیداریی هەرێم ڕوون بێت.
هاوئاهەنگی نابێت وشەیەکی جوان بێت بۆ بڕیارێک کە لە کردەوەدا دەسەڵات لە هەرێم دەسەنێتەوە. لە داهاتی گشتی و باج و ڕسوماتیشدا، مافی چاودێریی داهات لە شێوازی بەڕێوەبردنی جیاوازە. شەفافیەت و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی دەتوانن لەگەڵ ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی دەستووریی هەرێم بەیەکەوە بڕۆن.
-جرف سەخر و هەڵوێستی هەرێم
ئەوەی لە جرف سەخر ڕوویدا پرسیارێکی لەبارەی سنووری دەسەڵاتی ناوەند دروست کردبوو، و بڕیاری ٢٦٨ ئەو بابەتانەی لە ڕووی دەستوورییەوە گرنگتر کردووە. بەڵام ڕووداوێکی ئیداریی ناوچەیەک و بڕیارێکی دادگایی یەک شت نین، و پەیوەندییان پێویستی بە بەڵگە و شیکاری یاسایی هەیە.
هەرێم پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو و دامەزراوەیی هەیە، نەک تەنها بەیاننامە و ناڕەزایی سیاسی. حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە یاساییەکان دەبێت بڕیارەکە بە وردی بخوێننەوە، بە تایبەتی لە ماددەی ١٤٠، دەسەڵاتە هاوبەشەکان، نەوت و گاز و مافی ئیداریی هەرێم، و ناکۆکییەکان بە بەڵگەی یاسایی و لە میکانیزمە دەستوورییەکاندا چارەسەر بکەن. هەرێم ناتوانێت لە ژێر ناکۆکیی ناوخۆیی و دابەشبووندا چاوەڕێ بکات بەغدا مافەکانی بپارێزێت.
کۆتایی : نە یەکپارچەیی عێراق دەبێتە بیانوو بۆ پشتگوێخستنی مافی دەستووریی هەرێم، نە مافی هەرێم دەبێتە بیانوو بۆ پشتگوێخستنی پابەندییەکانی بەرامبەر دەوڵەت.
ئەم هاوسەنگییە بە داننان بە دەسەڵاتی بەغدا بەدەست نایەت، بەڵکو بە ڕێزگرتن لە سنووری دەسەڵاتەکان و جێبەجێکردنی هەموو ماددەکانی دەستوور.
دادگای فیدراڵی ئەرکی ڕاڤەی دەستوور و چارەسەری ناکۆکییەکانی هەیە، بەڵام دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ماددە پەیوەندیدارەکان ئەنجامی بدات. دەستوور پارچە پارچە ناکرێت، و فیدراڵیەت بە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە بەغدا بەهێز نابێت، بەڵکو بە هاوسەنگی و دادپەروەری و پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە دەستوور.
هیچ لایەنێک نابێت تەنها ئەو ماددانە جێبەجێ بکات کە بە قازانجییەتی. ئەمە پرسیاری سەرەکیی بڕیاری ٢٦٨ە: وەڵامەکەی تەنها لە دەقی بڕیارەکەدا نییە، بەڵکو لە شێوازی جێبەجێکردنی هەموو دەستوورەکەدایە.
-سەرچاوەکان:
١-دەستووری کۆماری عێراق، ٢٠٠٥: ماددەکانی ١، ١١٠، ١١١، ١١٢، ١١٤، ١١٥، ١١٧، ١٢١ و ١٤٠.
٢-دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری ژمارە ٢٦٨، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ (بەپێی ئەو ناوەڕۆکەی بڵاوکراوەتەوە).
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی