🔸 لەڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژناندا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر خۆی هەیە، توندوتیژی و نایەکسانی کێشەیەکی جیهانیەو تەنیا لەوڵاتانی دواکەوتوو یان ناوچە هەژارنشینەکاندا قەتیس نەماوە، تەنانەت وڵاتێکی پێشکەوتووی وەك نەمساش ژنان و کچان ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگی قورس، نایەکسانی ئابوری و توندوتیژیی جۆراو جۆر دەبنەوە.
🔸 بەپێی ئەو بەدواداچوون و ئامارانەی لە ناوچەکانی هەرێمی "شتایەرمارك" لە نەمسا بڵاودەکرێنەوە، نایەکسانی لەزۆربەی کایەکانی ژیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بە جۆرێك تێکڕای مووچەی ساڵانەی ژنان بە ڕێژەی 18.4٪ لە پیاوان کەمترە، کەئەمەش جیاوازییەکی گەورەی دارایی دروستکردووە، وا دەکات ژنان لە کاتی کێشەکانی خێزان، جیابوونەوە، مافی بەخێوکردنی منداڵ، گێچەڵی سێکسی و تووندوتیژیی خێزانیدا، لەڕووی ئابووریەوە لاواز بن و نەتوانن بە ئاسانی بڕیاری سەربەخۆ بدەن.
🔸 لەو نێوەندەشدا، ناوەندەکانی ڕاوێژکاری ژنان و کچان وەك سەنگەری یەکەمی بەرگری و پاراستن دەردەکەون، چونکە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن، لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی و گەڕاندنەوەی ئیرادەو سەربەخۆیی بۆ قوربانیان، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو فشارە زۆرەیە کە ئێستا لەسەر ئەم ناوەندانە دروست بووە، لەکاتێکدا ڕێژەی داواکاری ژنان بۆ وەرگرتنی هاوکاری و ڕاوێژ ڕوو لە زیادبوونە، کێشەی کەمی بودجەو دواکەوتنی پاڵپشتییە داراییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کارکردنی ئەم ناوەندانەی خستۆتە بەردەم مەترسییەکی جددییەوە.
🔸 یەکێك لە کێشە هەرە هەستیارەکان لە نەمسا، کێشەی کەمی شوققەی گواستنەوە (Übergangswohnunge) و شوێنەکانی داڵدەدانە، ئەم شوێنانە کە بۆ ماوەی شەش تا دوازدە مانگ داڵدەی ژنانی لێقەوماو و منداڵەکانیان دەدەن، وەك پردێکن بەرەو ژیانێکی نوێ.
🔸 ئێستا خواست لەسەر ئەم شوققانە، زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە بەردەستە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لیستی چاوەڕوانیی درێژو کەلێنێکی مەترسیدار، لەسیستمی پاراستنی ژناندا، کاتێك ژنێك شوێنێکی ئارامی دەست ناکەوێت، یان ناچار دەبێت لەناو ژینگە پڕ لە توندوتیژییەکەدا بمێنێتەوە، یان ڕووبەڕووی بێلانەیی و مەترسیی لەدەستدانی ژیانی دەبێتەوە.
هەرچەندە هەندێک پڕۆژەی نوێی وەك دەستپێشخەریی (Check-in) بە هاوکاری زنجیرە هۆتێلەکانی (JUFA) کەوتوونەتە کار، بۆ دابینکردنی شوێنی خێراو نهێنی بۆ ژنانی لێقەوماو، بەڵام شارەزایان و چالاکوانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوانە تەنیا چارەسەری کاتین و هەرگیز ناتوانن جێگەی شوقەو ماڵە ئارامە هەمیشەییەکان بگرنەوە، دواجار ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەنەمساو هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە هەیە، لە دروشم تێپەڕبێت و بێتە کردار.
🔸 نەهێشتنی نایەکسانیی دارایی، دابینکردنی بودجەی بەردەوام، خێراکردنی دروستکردنی شوقەکانی گواستنەوەو دانانی پاراستنی ژنان لە پێشینەی کارەکاندایە، ئەوەش تەنیا خزمەتگوزارییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە، چونکە ژیان بەبێ ترس و دوور لە توندوتیژی، مافێکی بنەڕەتی و سەرەتایی هەموو ژنێکە لەم جیهانەدا .
سەرچاوە: ڕۆژنامەی: (Steirische Volksstimme)
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی