ئەسڵی مەسەلەکە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرش عەبدولڕەحمان

ئەو بڕیار و هەنگاوانەی ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان دەیاننێت، دەستپێشخەریی ناوخۆیی نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەسەر داواکاریی وەزارەتی گەنجینە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکان. ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆم باراک و هیچ کەسێکی دیکەوە نییە، بەڵکو تەواوی مەسەلەکە پەیوەستە بە ئێرانەوە.

لە سەرەتای مانگی ١٠ـەوە، ئەمریکا چەند جارێک پەیامی بۆ بەغدا ناردووە و واشنتن بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات و تەنها دوو دەروازە بە کراوەیی بهێڵێتەوە:

یەک دەروازە لە هەرێمی کوردستان.
یەک دەروازە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئامانجی ئەمریکا چییە؟

ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی داخستنی ئەو دەروازانەوە، ڕێگری لە ئێران بکات کە لە ڕێگەی عێراقەوە دەستی بە بازرگانی، دۆلار و تۆڕە داراییەکان بگات، تاوەکو فشاری ئابووری لەسەر تاران زیاتر بکات. داواکارییەکەی واشنتن تەنها پەیوەندی بە سنووری نێوان عێراق و ئێرانەوە هەیە، نەک سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
هاوکات بەغدا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووە لەگەڵ واشنتن بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەو داواکارییە بکات و لێی پاشگەز ببێتەوە، چونکە داخستنی ئەو دەروازە سنوورییانە زیانێکی گەورە بە ئابووریی خودی عێراق دەگەیەنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی