داواكراوی پەرلەمانتارانە
ئاشتی هەورامی نەچووە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان‌و حكومەت

کوردستان

13/12/2017‌ 1577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكانی هەرێمی كوردستان نەچووە، كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان‌و حكومەتی هەرێم

كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجامدرا، كە كۆبوونەوەكە پەیوەست بوو، بەدۆخی ئابووری‌و دارایی هەرێم.

هەرچەندە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ پەیوەندی بەو پرسەوە هەیە، بەڵام بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد.

لەكۆبوونەوەكە شاندی پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و بێگەرد  تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان‌و ئەندامییەتی  سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكانی دارایی‌و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان‌و پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەكان و كاروباری یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان‌و ژمارەیەك لە راوێژكارانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پێكهاتبوو، شاندی حكومەتیش بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامییەتی مەولود باوەموراد، وەزیری كاروباری پەرلەمان‌و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وتەبێژی حكومەتی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی‌و ژمارەیەك لەراوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران پێكهاتبوو.

كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ خستنەڕووی راپۆرتی وەزراتی دارایی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەبارەت بەداهات‌و خەرجییە گشتییە خەمڵێندراوەكان بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی داراییی 2018 و خستنەڕووی بژاردەكانی بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق یاخود رێكنەكەوتن.

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەئامادەنەبوونی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان لەكۆبوونەوەكەدا، وتی: "لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەشداربووە، بەڵام ئەمڕۆ نەتوانرا بەشداری كۆبوونەوە بكات".

بەشدارینەكردنی ئاشتی هەورامی لەكۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە ماوەی رابردوو ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان واژوویان كۆكردەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی ناوبراو بكات، بۆ لێپرسینەوە، ئەوەش لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.

هـ ـ ح