کۆنفرانسێک لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد سازدەکرێت

ڕاپۆرت

14/04/2024‌ 1013 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەشنووسێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد ئامادەدەکرێت

شارپرێس-کەنداڵ جودی:

  لە ڕۆژئاوای کوردستان، لایەنە سیاسییە کوردییەکان ڕەشنووسێکی 16 خاڵیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا ئامادە کردووە کە لایەنە کوردییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە کاریان لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەکدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە دەستووری سووریا و یەکخستنی ڕای هێزە کوردییەکان دەستپێکردووە.  لەو چوارچێوەیەشدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نێو خەڵک و ڕۆشنبیران کراوە و بەرەو بەستنی کۆنفڕاسێک دەچێت.

 شەقامی کوردی لە ڕۆژاڤای کوردستان، لە کاتێکدا نیگەرانن لە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا، بەڵام هیوادارن هێزە کوردییەکان  کۆببنەوە و دیدگایەکی سیاسی هاوبەشیان هەبێت.

 لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پرسە، سەرۆکی پارتی ئاشتی دیموکراتی کوردستان، تەلال محەمەد، بە شارپرێسی ڕاگەیاند، سەرەتا بە دەستپێشخەریی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ناوزەد کرا، کە لەلایەن چەند لایەنێکی کوردییەوە دەستیپێکرد. بێ گومان ئەم دەستپێشخەرییە پەیوەندی بە دۆخی گشتی سوریا و پێشهاتەکانی ناوچەکەوە هەیە، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا ململانێی سوریا چارەسەر نەکراوە هەر بۆیە پێویست بوو کەیسێکی زۆر گرنگ لە دۆسیەی سوریادا چارەسەر بکرێت ، کە دۆسیەی کورد بوو، و دەبێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا بۆیە پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە کوردستان و سوریا یەک هەڵوێستیان هەبێت و یەک بۆچوونیان هەبێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سوریا .

 لە ساڵی ٢٠٢٣ پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) سەرەتا ئەم دەستپێشخەرییەی پێشنیار کرد و لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی کورد گفتوگۆی لەسەر کرا.  پاشان کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت لایەنە کوردییەکانی ناو ئیدارەی خۆسەر بەڕێوەچوو.

 لەئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەدا لیژنەیەک پێکهێنرا و ئەرکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەی پرسی کورد و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری لە ئەستۆ بوو و پێویستە ئەم دەستپێشخەرییە لەگەڵ ئەوان و لە نێو خەڵکدا تاوتوێ بکرێت.  بۆیە ڕەشنووسەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئامادە کراوە.

 "نەخشەی چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژاڤا کوردستان و سوریا لە ١٦ خاڵ پێکدێت"

 تەلال محەمەد دەڵێت" ڕەشنووسی یەکلاییکردنەوەی پرسی کورد لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لە 16 خاڵ پێکهاتووە، بەشێک لەو خاڵانە پەیوەندییان بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی سوریاوە هەیە بەگشتی بۆ ئەوەی ببێتە لامەرکەزی سوریا و بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەری کێشەی کورد لە دەستووری داهاتووی سوریادا، پاراستنی مافی گەلی کورد وەک نەتەوەیەک، لە هەمان کاتدا، پشتیوانیی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر .

 لە ڕۆژاڤای کوردستان چەند حیزب پەیوەندییان پێوە کردووە؟
 دەشڵێت تا ئێستا 25 لایەنی سیاسی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەم دەستپێشخەرییەیان قبوڵکردووە و بەشداریان کردووە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بەردەوامە.

 ئایا ENKS لەم دەستپێشخەرییەدا جێگەی خۆی دەگرێت؟
 سەبارەت بە پرسیاری پەیامنێرەکەمان، ئایا لایەنەکانی ناو ENKSیش ئەم دەستپێشخەرییەیان قبوڵ کردووە یان نا؟  سەرۆکی پارتی ئاشتی دیموکراتی گوتی: "بە فەرمی نامەیەکمان بۆ ENSK ناردووە کە تێیدا ڕامانگەیاندووە کە دەمانەوێت ئەم دەستپێشخەرییە لەگەڵیان تاوتوێ بکەین. بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە".

 تەلال محەمەد ڕایگەیاند، تا ئێستا 7 کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، کە 6یان لە دەڤەری جزیرە و یەکێکیان لە دەڤەری کۆبانێ بووە.

 لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "هەموو لایەک لە کۆبوونەوەکانماندا ئامادەبوون، ڕۆشنبیران، نووسەران، کەسایەتییە سەربەخۆکان، نوێنەرانی ژنان و نوێنەرانی گەنجان لە کۆبوونەوەکاندا جێگەی خۆیان گرتووە. لەو کۆبوونەوانەدا بۆچوونەکان وەرگیرا و خاڵەکانی ڕەشنووسەکە گۆڕدرا".

 بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتوون، دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، لە داهاتوودا کۆنفرانسێک بە ناوی "کۆنفرانسی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان" سازدەکرێت.  لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی ڕەشنووسەکە دەکرێت و فۆڕمی کۆتایی ڕەشنووسەکە پەسەند دەکرێت.  بەڵام هێشتا کاتی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە دیار نییە.