نوێترین لێدوانى بافڵ تاڵەبانى لەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

کوردستان

16/04/2024‌ 714 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ باڵیۆزی فینلەندا، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، پابەندین بە سەقامگیریی وڵات و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەوە بۆ خەڵكەكەمان و هەردولا هاوڕابوون هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتى لەگەڵ ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کۆبویەوە و دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆكان و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و ئاڕاستەكردنی وڵات بەرەو سەقامگیری.

هەروەها سەرۆکى یەکێتى هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی كۆی هاوكێشەكان روونكردەوە و رایگەیاند، ئێمە پابەندین بە سەقامگیریی وڵات و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەوە بۆ خەڵكەكەمان، هەموو هەوڵەكانیشمان لەپێناو كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكە كە ئاشتی و ئاوەدانی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، هەردوولا هاوڕابوون هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ببێتە مایەی ئارامیی سیاسی، بەرەوپێشچوون و بەهێزتركردنی پایەكانی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان.