نوێنەرایەتی ئەوروپای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەرخۆ " ڕۆنووس" لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ستێرک تیڤی و کەناڵی مەدیا هەبەر دەکات.
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە لە نوێنەرایەتی ئەورووپای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین و پێمان وایە بە پلانێکی پێشوەختە کارەکە ئەنجامدراوەو حکومەتی بەلجیکا داڕێژەری پلانەکەیە بە هاوبەشی کەس و لایەنی تر.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەداخەوە ئەمڕۆ گوێبیستی هەواڵی هێرشێکی ناڕەوای پۆلیسی فیدڕاڵیی وڵاتی بەلجیکابوین بۆ سەر ئۆفیسی سەرەکی هەردوو کەناڵی کوردیی ستێرک تیڤی و مەدیا هەبەر.
بە پێی ڕاگەیەنراوی هەردووکەناڵەکە، پۆلیسی بەلیجکا بە شێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە هەر بنەمایەکی یاسایی و بێ ئاگاداری پێشوەختە کە هۆکارکەی تێدا ڕوون بکەنەوە، هێرشیان کردۆتە سەر کەناڵەکان و ئامێرەکانیان تێکشکاندوون و بەشێکی زۆر لە ئەرشیف و هاردەکانیان بردوون، وێڕای ئەوەش هێرشیان کردۆتە سەر کارمەندانی کەناڵەکان و ئازاری جەستەیی و دەرونییان داون بە بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بۆ کارەکەیان ئاشکرا بکەن.
ئێمە لە نوێنەرایەتی ئەورووپای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین و پێمان وایە بە پلانێکی پێشوەختە کارەکە ئەنجامدراوەو حکومەتی بەلجیکا داڕێژەری پلانەکەیە بە هاوبەشی کەس و لایەنی تر.
تاوانەکە لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ئەنجامدراوە و ئەوەش هێندەی تر بکەرانی تاوانەکە دەخاتە بەردەم لێپرسراوێتی ئەخلاقیی و پێویستە دەوڵەتی بەلجیکا لەسەر ئاستی باڵا داوای لێبوردن لە هەردوو کەناڵەکە و کارمەندە بریندارەکانی بکات و هەرچی زووە دەست بکرێتەوە بە پەخشی کەناڵەکان و کەشێکی ئەرێنی دروست بکرێتەوە کە بەرپرسانی کەناڵەکان هەست بە ژینگەیەکی لەبار بکەن بۆ کارکردن.
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەرخۆ " ڕۆنووس"
نوێنەرایەتی ئەوروپا
٢٣-٤-٢٠٢٤