نوێنەرى زیندانیانى بادینان: پێویستە ئەم عەقڵیەتە پۆلیسییەی کابینەی کاربەرێکەر گۆڕانکاری بەسەدا بێت

کوردستان

23/04/2024‌ 260 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

نوێنەرى زیندانیانى بادینان ڕایدەگەیەنێت، دوای نیگەرانی ڕای گشتی نێوخۆ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە ئەم عەقڵیەتە پۆلیسییەی کابینەی کاربەرێکەر گۆڕانکاری بەسەدا بێت و ئەو بارە نالەبارە کە سومعەی ھەرێمی ناشیرین کردوە ڕاستبکرێتەوە.

دوابەدواى دەرچونی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەیهان سەعید، نوێنەرى زیندانیانى بادینان پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێمانوایە دوای نیگەرانی ڕای گشتی نێوخۆ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە ئەم عەقڵیەتە پۆلیسییەی کابینەی کاربەرێکەر گۆڕانکاری بەسەدا بێت و ئەو بارە نالەبارە کە سومعەی ھەرێمی ناشیرین کردوە ڕاستبکرێتەوە.

دەشڵێت: نابێت ئازادی بکەنە منەت و بە رۆژنامەنوسان بفرۆشن و ئامۆژگاری لە رۆژنامەنوسان بکەن، کە بەردوام پێشڵکاری بەرامبەریان دەکرێت.


دەقى پەیامەکەى نوێنەرى زیندانیانى بادینان:

کێ پێویستی بە پیشەییبوون و ئامۆژگاری یە ؟!
وەڵامێک بۆ سەرۆکی حکومەت

"پێش بڕیاری دادگا رۆژنامەنوسان بە تیرۆست بەناو دەبات، بە چ روویەک وەکو واعزێک ئامۆژگاری میدیاکان دەکات و ئازادی بە منەت پێیان دەفرۆشێت".

لەگەڵ دەرچونی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوە جیھانیەکان کە ئاماژە بە مەزلومیەتی زیندانیانی بادینان دەکەن و دەڵێن: "دۆخی رۆژنامەوانی بەرەو خراپتر بووە".
جیاواز لە سەرۆکی ھەرێم کە پالپشتی خۆی بۆ ئازادی رۆژنامەوانی دەربڕی، سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەر لە ١٢٦مین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا وەکو واعزێکی مەغرور دەرکەوتەوە و ئامۆژگاری دەزگاکانی ڕاگەیاند دەکات پیشەیی بن و ئەو ئازادیەی پێیان دراوە وەکو منەتێک باسکرد و ھەڕەشەی بەکارنەھێنای ئەو دەرفەتە کرد کە لەھەمان کاتی وتارەکەیدا بە مەودا کەمتر لە دە مەتر لە دیوی دیکەی ھۆڵی کۆنفراسەکەی پێشێڵکاری و سۆکایەتی بە دەیان رۆژنامەنوس کرا کە رۆمالی ئاسایی خۆیان بکەن.

مەسرور بارزانی وەکو مامۆستایەک ئامۆژگاری رۆژنامەنوسان دەکات کە پاپەندی ئیتیک و پیشەی رۆژنامەڤانی ببن، لە کاتێکدا خۆی دور لە ھەموو بنەمایەکی یاسایی، حوکمڕانی دیمۆکراسی شەش رۆژ پێش دادگاییکردنی رۆژنامەنوسانی بادینان لە ١٦ی شۆباتی ٢٠٢١ دەیان رۆژنامەنوسی ڕفێنراو بە "تیرۆست" ناوی بردن، بە ئێستاشەوە رێگرە لە جێبەجێکردی یاسای  ژمارە (٣٥)ی رۆژنامەفەری کوردی و یاسای مافی بەدەستخستنی زانیاری.

لە گۆتاری سەرۆکی حکومەت کە بە کەسایەتیەکی دۆنکیشۆتی دەردەکەوێت و پێی وایە ھەموو لایەک و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڕوای پێ دەکەن و ئازادیش بە رادەیەک ھەیە رۆژنامەنوسان بە خراپ استغلالی دەکەن، لەوانەیە ئەو "پیشەییبوون" بە دەستەموکردن و لە قالبدانی رۆژنامەنوسانە لە چارچێوەی میزاج خۆی تێگەیشتبێت، مەگەر شێروان شێروانی، قارەمان شوکری و سلێمان ئەحمەد و رۆژنامەنوسانی دیکەی سزادرابوون ئەندامی سەندیکا و رۆژنامەنووسی پیشەیی نەبوون؟ باشترین کاری پیشەییمان کردبێت ئاشکەراکردنی تیرۆرسی سیاسی، و گەندەڵی، قۆرخکاری بازار لە لایەن ستێر گرۆپەوە کە خاوەنەکەی خۆدی سەرۆکی حکومەتە کە تا ئێستاش لە دەروازەی "وەلیدی"یە  وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتەی لێی نیە و بۆدجەکەی بۆ کۆمپانیاکەی دەروات و شێروان شێروانیان لەسەر ئەمە بەند کردوە و پێشێڵی ١٣ی ماددەی جارنامەی گەردۆنی مافی مرۆڤ بەرامبەر کراوە ، ئایا ئەمە کاری رۆژنامەوانی یە یان ئەو فۆرمەی ئەو مەبەستیەتی میدیاکان بە ئارەزوی ئەو کاربکەن؟!

پێمنان وایە دوای نیگەرانی ڕای گشتی نێوخۆ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە ئەم ئەقلیەتە پۆلیسییەی کابینەی کاربەرێکەر گۆڕانکاری بەسەدا بێت و ئەو بارە نالەبارە کە سومعەی ھەرێمی ناشیرین کردوە ڕاستبکرێتەوە، نەک ئازادی بکەنە منەت و بە رۆژنامەنوسان بفرۆشن و ئامۆژگاری لە رۆژنامەنوسان بکەن کە بەردوام پێشڵکاری بەرامبەریان دەکرێت.