بلومبێرگ: ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕی هەمەلایەنە لەگەڵ حەماس ئامادە دەکات

جیهان

27/04/2024‌ 869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماڵپەڕی بلومبێرگ بڵاویکردوه‌تەوە، ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری شەڕێکی هەمەلایەنە لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان چڕتردەکاتەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو مەترسییانەی کە لەئەنجامی پێشهاتە نوێیەکانی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێران‌و چەکەکانی سەرهەڵدەدەن.


ئاژانسە ئەمریکییەکە لەزاری سوپای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندوە، ئیسرائیل لەئێستادا ڕێوشوێنی ڕوبەڕوبونەوەی کارە دوژمنکارییەکان "ئەگەر پێویست بکات" پەرەپێدەدات، لەوانەش مەشقی سەربازیی زیادە بۆ هێزە وشکانی‌و دەریایی‌و ئاسمانییەکانی باکوری وڵاتەکە.

هەروەک، سوپای ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، “فەرماندە خۆجێییەکانی ناوچەکە کورتەیەکیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە پێدراوە بۆ خێراترکردنی ئامادەکارییەکان بۆ بەردەوامی شەڕ” ئاماژەی بەوەشکرد، “دامەزراوەی کۆگای زیادە دادەمەزرێنرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆکردنەوەی خێراو بەربڵاوی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ هێڵی ڕوبەڕوبونەوە بکرێت".

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردوە کە "حزبوڵڵا یەکێکە لەبەهێزترین میلیشیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و پێدەچێت نزیکەی 150 هەزار موشەک‌و کاتیۆشای هەبێت، کە هەندێکیان مەودای دوریان هەیەو نزیکەی دەگەنە هەموو شوێنێکی ئیسرائیل".

بەوتەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، ئەگەر “شەڕێکی سەرتاسەری” سەرهەڵبدات، ئیسرائیل مەزەندە دەکات کە “سیناریۆی بنەڕەتی بریتییە لەهەڵدانی تا 5 هەزار موشەک ڕۆژانە لەلوبنانەوە، ئەمە جگەلەوەی چەند سەد موشەکی دیکە لەلایەن بریکارەکانی دیکەی ئێرانەوە لەیەمەن، عێراق‌و سوریا، هەڵدەدرێن".

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندوە، "پێدەچێت حزبوڵڵا لەکاتی شەڕەکەدا هەوڵی لێدانی دامەزراوە ژێرخانییەکانی ئیسرائیل بدات، وەک وێستگەکانی کارەباو بۆری ئاو، هەروەک بەندەرو فڕۆکەخانەکان‌و شوێنەکانی پەیوەندییەکان".

بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئیسرائیل "زیاتر لە 15 ساڵە خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا ئامادەدەکات، بەوپێیەی دەسەڵاتێکی فریاگوزاریی نیشتمانیی دامەزراندوە بۆ هەماهەنگیی لەنێوان وەزارەتەکانی حکومەت‌و دەسەڵاتە خۆجێییەکان‌و دەزگاکانی دیکە، بۆ ئەوەی خۆی بۆ هەر هێرشێکی لەناکاو ئامادەبکات".