سەرگوڵ عەلیزادە، ڕاهێنەری تۆپی بالەی خەڵکی
مەهاباد، وەک باشترین ڕاهێنەری تۆپی بالەی ژنانی ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژێردرا.
سەرگوڵ عەلیزادە، لەبارەی وەرگرتنی ئەو نازناوە
دەلێت،" بنەماڵەکەم کەسانێکی زۆر شارەزا بوون و زۆر پاڵپشتی چالاکییە
وەرزشییەکانمیان دەکرد، باوکم هانی دام کە وانەکانی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر
بخوێنم و لە هەمان کاتدا بەردەوام بم لە وەرزشکردن، دایک و باوکم ئەوەندە
پێشکەوتوو بوون کە لە چالاکییەکانمدا لە بوارە جیاوازەکاندا پشتگیریان دەکردم،
سەرکەوتنی ئێستام بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیری و هاندانی دایک و باوکم
".
مەراسیمی هەڵبژاردنی باشترین راهێنەری یاری تۆپی پێی
بالە کە دوێنێ شەممە لەشاری تاران بەڕێوەچوو، پێنج راهێنەر بۆ ئەو نازناوە کاندیدکرابون،
لەوبارەیەوە سەرگوڵ عەلیزادە دەڵێت،" بەڕاستی کاتێک پێنج ڕاهێنەری ژنی بالەی
وڵاتەکە بە هەڵبژاردنی ناوبژیوانانی بەئەزمون هەڵبژێردران، هەریەکەیان خاڵە بەهێز
و تواناکانی خۆیان هەبوو کە هەڵبژێردران، من ڕێز لە چوار کاندیدەکەی تر دەگرم و
پێم وایە هەر چواریان زۆر هەوڵیان داوە بۆ تۆپی بالەی وڵات، چ لەسەر ئاستی بنەڕەتی
و چ لەسەر ئاستی پیشەگەر، بە گشتی هەوڵی ئێمە ئەوە بووە کە تۆپی بالەی ئێران
بگەیەنینە لوتکە ".
سەرگوڵ عەلیزادە لە ساڵی 1983 لە شاری مەهاباد لە
دایکبووە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستی بە یاری بالە کردووە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا
پەیوەندی بە تیپی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە وڵاتی ئێران کردووە بۆ
بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی نیشتمانیدا. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا پەیوەندی بە تیپی
هیلالی ئەحمەری مەهابادەوە کرد کە هەمان ساڵ وەک یاریزان-ڕاهێنەر بەشداری
پاڵەوانێتی نیشتمانیی کرد و لەگەڵ ئەم تیپە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و بەم شێوەیەش
هاتە ناو جیهانی ڕاهێنەرایەتی تۆپی بالە. لەو کاتەوە عەلیزادە ڕاهێنەری تۆپی بالە
بووە لەسەر ئاستی نیشتمانی و یانەکان. دوای ئەوە لە ماوەی ١٥ ساڵدا بڕوانامەکانی
ڕاهێنەرایەتی یەک لە دوای یەک بەدەست هێناوە، و توانیویە هەر سێ ساڵ جارێک یەکێک
لەو بڕوانامانەی ڕاهێنەرایەتی بەدەست بھێنێت.
ئەم بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتیانەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە
بریتین لە:
بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی ناوخۆیی، ئاستی سێیەم، ئاستی
دووەم و ئاستی یەکەم
بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی نێودەوڵەتی، ئاستی یەکەم و
ئاستی دووەم
بڕوانامەی ڕاهێنەری تۆپی بالەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.
هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ڕاهێنەری لەشجوانی نێودەوڵەتییە
و بڕوانامەی چەند بوارێکی دیکەی لەسەر ئاستی زانکۆ هەیە.
