پسپۆڕان: کافایین بۆ ئەوکەسانە مەترسیدارە

تەندروستی

09/06/2025‌ 1475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دکتۆر ئیرینا کراشکینا، پسپۆڕی بواری دەرونیی هۆشداریداوە لەوەی سەرەڕای کاریگەری هاندەرانەو چالاککەرانەی کافاین، ڕەنگە دۆخی دەرونی ئەوکەسانە خراپتر بکات کە توشی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ (anxiety disorders) بون.


ئەو خانمە پزیشکە ڕونیکردوه‌ته‌وه‌ کە کافاین کۆئەندامی دەمار هاندەدات بەبەرزکردنەوەی ئاستی دۆپامین‌و نۆرۆئەپینفرین بەڕێگریکردن لەوەرگرەکانی ئەدینۆسین، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەسانی تەندروست هەیە، بەڵام دەتوانێت هێرشی ترس‌و کەمخەوی لەو کەسانەدا دروستبکات کە دڵەڕاوکێیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە هەندێک لەوکەسانە بەدەست لاوازیی وەرگرەکانی دۆپامینەوە بناڵێنن، ئەمەش وادەکات کافاین لەهاندانی ئەواندا بێکاریگەربێت‌و لەبری ئەوە دەبێتە هۆی هەستکردن بەماندوێتی‌و خەواڵویی.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کارلێکەکان لەگەڵ کافاین لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكه‌ جیاوازە، ئەمەش وایکردوە دیاریکردنی تا چەند وەرگرەکانی دۆپامین کاریگەرییان لەسەرە، قورس بێت.

هەربۆیە پێشنیازیکردوە، پرسیارنامەی وەک GAD-7 یان HAM-A بەکاربهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی دڵەڕاوکێ‌و ڕاوێژکاری پسپۆڕان بۆ پشکنینە پێویستەکان.

هەروەک جەختی لەسەر گرنگی چاودێریکردنی کاریگەری کافاین لەسەر تاکەکان کردەوە بەتۆمارکردنی خواردنەکانیان‌و چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکانی باری دەرونیان.

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردوه‌تەوە، هەرکەسێک بەدەست دڵەڕاوکێیەکی توندەوە دەناڵێنێت، پێویستە ڕاوێژ بەپزیشکی پسپۆڕ بکات بۆ بەدەستهێنانی دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەو وەرگرتنی چارەسەری گونجاو.

و: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی