تیۆرەی گەردوونی
ئاوێنەیی
بیهێنە بەرچاوت
لە گەردوونێک کاتدا بە ئاراستەی پێچەوانەدا بجوڵێت، کە داهاتوومان ڕابردووی گەردوونێکى
دیکە بێت و بە پێچەوانەوە. ئەم بیرۆکە سەرسوڕهێنەرە کرۆکى گریمانەی گەردوونی ئاوێنەییە،
تیۆرێک کە لەم دواییانەدا لەلایەن هەندێک لە گەردوونناسەکانەوە خراوەتە ڕوو بۆ ڕوونکردنەوەی
هەندێک لە نهێنییە گەورەکانی گەردوون کە دەتوانێت پەنجەرەیەکی نوێ بکاتەوە بۆ تێگەیشتن
لە ژیان.
بەپێی ئەم تیۆرییە،
لە ساتەوەختی تەقینەوە گەورەکەدا، نەک تەنها یەک گەردوون بەڵکو دوو گەردوونی
هاوشان هاتوونەتە ئاراوە: یەکێکیان، ئەم گەردوونەى ئێمەیە، کە کات تیایدا بەرەو پێشەوە
دەڕوات، ئەوی دیکەشیان گەردوونی ئاوێنەییە، کە کات تیایدا بەرەو دواوە دەڕوات. دوو
گەردوون کەوەک ڕەنگدانەوەی وێنەیەکن لە ئاوێنەیەکدا؛ هەموو ڕووداوێک لە یەکێک لە گەردوونەکاندا
هاوتایەکی پێچەوانەی هەیە لە ویتردا. لەم ڕوانگەیەوە تیری کات، کە چەمکێکی ناوازەیە
لە فیزیای کلاسیکدا، دەبێتە ڕەگەزێکى ڕێژەییتر.
یەکێکى تر لە بەشە
سەرنجڕاکێشەکانی ئەم تیۆرییە ڕوونکردنەوەیەتی لەسەر سروشتی مادەی تاریک (Dark Matter)، ماددەیەک کە نزیکەی 27%ی گەردوون
پێکدەهێنێت بەڵام ڕاستەوخۆ چاودێری ناکرێ و تەنها لە ڕێگەی هێزی کێشکردنەوە کاریگەری
لەسەر ماددە ئاساییەکان دەبێت. زانایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە (نیوترینۆکانی دەستی ڕاست/ Right-Handed Neutrinos) کە هێشتا لە گەردوونی ئێمەدا دەستنیشان نەکراون، لەوانەیە
مادەی تاریک بن، کە لە گەردوونی ئاوێنەییدا چالاکن و لەوێوە ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان
لەسەر گەردوونەکەمان هەیە.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش
ئەوەیە کە ڕەنگە گەردوونێکی لەو جۆرە پێویستی بە چەمکی ئاڵۆزی هەڵاوسانی گەردوونیی(Cosmic Inflation)ش کۆتایی پێبهێنێت؛ قۆناغی فراوانبوونی زۆر خێرا دوای تەقینەوە
گەورەکە کە ئامانجی چارەسەرکردنی هەندێک لە نهێنییەکانی گەردوونناسییە. گەردوونێکی
ئاوێنەیی هاوسەنگ، لەگەڵ کارلێکەکانی کێشکردن، ڕەنگە ڕێکخستنی گەردوونی ڕوون بکاتەوە
بەبێ ئەوەی پێویستی بە هەڵاوسان و گەورەبوون هەبێت.
ئەگەر ئەم تیۆرە
ڕاست بێت، نەک هەر تێگەیشتنمان لە بۆشایی ئاسمان و کات دەگۆڕێت، بەڵکو پێناسەی ئێمە
بۆ "واقیع"ش دادەڕێژێتەوە. بیهێنە بەرچاوت کە لە هەموو ساتێکی ژیانتدا وێنەیەکی
ئاوێنەیی تۆ لە گەردوونێکی تردا بژی، وەک ئەوەی ئاوێنەیەکی گەردوونی لە نێوانماندا
درێژ بووبێتەوە.
گەردوونی ئاوێنەیی
تەنیا چەمکێکی زانستی نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی شیعریانەی پەیوەندی نێوان کات و بۆشایی
ئاسمان و هۆشیارییە. تیۆرەکە ئەوەمان نیشان دەدات کە ڕەنگە گەردوونەکەمان تەنها نیوەی
ڕاستییەکە بێت؛ بەشێک کە لەگەڵ نیوەکەی تردا لە یارییەکی بێکۆتایی ڕووناکی و تاریکی،
سەرەتاو کۆتاییدا مانا بەدەست بهێنێت.
