ئارێز
عەبدولڵا
لەم ڕۆژانەدا بیرم لە لایەنە وێکچوو و دژەکانی ئەو سەرۆکە
عەرەبانە دەکردەوە، کە لە ساڵانی ڕابردوو لە ناوبران. بیرم لە (سەددام حسین، معمر
قەزافی، علی صالح عبداللە، حسنی مبارک، زین العابدین، بەشار ئەسەد) کردوە و بەراوردم
کردن، بینیم هەریەکە و شێوەیەکی تایبەتی هەیە،
واتە لە شیوە جیاواز بوون. بەلام، ئەوەی جێگەی سەرنجە کاتێك گوێم لە وتار و دروشمەکانیان
گرتەوە دەبینم ئەوەندە لە یەکتری دەچن دەڵێی هەموویان کوڕی یەک دایك و باوکن. هەموویان
دەیانگوت: گەلی مەزن، نەتەوەی عەرەب، مێژووی نەمر، داهاتووی پڕشنگدار، دوژمنان، بەکرێ
گیراوان، پیلانگێڕان ..... ئەو دەستەواژانەیان لە زۆرترین وتارەکانیان بەکارهێناوە،
چونکە ئەوان دەیانویست بەو شێوەیە خۆیان پشانی گەلەکانیان بدەن کە خۆیان حەزەیان دەکرد،
نەک وەکو ئەوەی هەبوون. ئەوان دەیانویست خۆیان بە سەرکردە و رابەری نموونەیی پیشان
بدەن، نەک وەکو ئەوەی هەبوون. ئەوان دەیانویست نموونەی ژیانی تایبەتی خۆیان دوور لە
واقیع بەسەر گەلەکانیاندا وێنا بکەن. ئەوان دەیانویست هۆکاری دواکەوتن و گلەیی و
گازاندەی خەڵکی بۆ پیلانی دوژمنان بگێڕنەوە، نەک کەموکوڕی خۆیان. ئەوان دەیانویست
هۆکارەکانی دواکەوتن بخەنە ئەستۆی بێگانە و ئیمپریالیزم، نەک خراپ بەڕێوەبردنی خۆیان.
ئەوان بە هەژموونی دەسەڵاتی سەربازی و ڕاگەیاندن و پارە و پول ماوەیەکی زۆر مانەوە،
بەڵام ئەنجام جامەکە پڕ بوو، لێی ڕژاو و ڕاستیەکان بەدەرکەوتن و سەرنگون بوون.
هەرێمی کوردستان نە لە ڕووی جوگرافی و نە لە ڕووی سیستەم
و نە لە ڕووی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی زۆر لەو دەوڵەتانە دوورە، بۆیە لێرەش جێ پێی ئەوانە
هەڵگیراوە، گالتەجارییە دوای ئەو ئەزموونانەش تازە بە تازە دەمانەوێ بە دروشمی
جوان، بەڵام دوور لە راستیی، بە وتاری کاریگەر، بەڵام بێ ناوەرۆک درێژە بەشێوە سیستەمێك
بدەین، کە ئەو سەرۆکە عەرەبانەی ناومان هێنان هاوار دەکەن هەڵەبوون.
ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە دەرسێك لە مێژووی ئەو دیکتاتۆر
و سیستەمە ناڕەوایانە وەربگرین، ئەگەر لە نیوە ڕێگای هەڵدێرانیش بێ بگەڕێینەوە؟
ئێمەی گەلی کوردستان دوژمنمان زۆر و مەترسی
گەورەمان لەسەرن، بەڵام بڕواناکەم بۆ سەر قەوارەی هەرێم و ئاییندەی کوردستان لەخۆمان
مەترسیدارتر هەبێ!
