لەشارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان کەس بەتۆمەتی هاوکاری ئیسرائیل دەستگیرکران

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان بە تۆمەتی وەکوو "سیخوڕی بۆ مۆساد"، "پاڵپشتی میدیایی لە ئیسرائیل" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەست پێکردووە. ئامانجی ئەو شەپۆلی دەستبەسەرکرانە زیاتر هاووڵاتییانی ئاسایی و بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون.

 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، 150 هاووڵاتی بریتی لە چالاکانی مەدەنی، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مامۆستایانی زانکۆ و تەنانەت کرێکاران لە ڕەوتی ئەو شەپۆلە لە چەوساندنەوەی هاووڵاتییاندا دەستبەسەر کراون.

ڕاشیگەیاند، کردەوەیەک کە لە چوارچێوەی سیاسەتە چەوسێنەرەکان، تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی و بێ ڕەچاوکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دراوە.

بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو دەستبەسەرکرانانە بەبێ هیچ ڕەوتێک لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە ڕوویان داوە و زۆر یەک لەو کەسانە لەژێر گوشار و لێپرسینەوەدا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون کە میدیا حکومییەکان ئەوەیان بە بنەمای زیاتربوونەوەی دەستبەسەرکرانەکان ڕاگەیاندووە.
ئ.ه