چەندجارێک لەکۆڕو کۆبونەوەو دانیشتندا گوێم لێبوە، دکتۆر بەرهەم ساڵح لەباسکردنی ئۆپۆزسیۆنی سەردەمی سەرۆکایەتی خۆیدا باسی لەوەکردوە کە هەر پڕۆژەیەکی ئەنجامداوەو هەرکارێکی کردوە ئۆپۆزسیۆنی ئەوکات دژایەتیان کردوەو هەڵای ئیعلامییان لەسەر دروستکردوە بەئامانجی کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزاییو ڕای گشتیی، خۆی دەڵێت، "جارێکیان سەردانی کاک نەوشیروانم کردو پێم وت، بۆچی هەرکارێکی باشدەکەم ئێوە دژایەتی دەکەنو وا لەخەڵک دەگەیەنن کارێکی خراپم کردوە، کاک نەوشیروان لەوەڵامدا پێی وتم، ئەگەر هەموو کوردستان بکەیت بەچراخانو هەموو شەقامەکان بڕازێنیتەوە بەگڵۆپو ڕوناکیی، بەخەڵک دەڵێین لەژێر ئەو گڵۆپانەوە مەڕۆن، چونکە توشی شێرپەنجەتان دەکات!".
تا ئێرە مێژوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پڕۆژەیەکی ڕاگەیاندوە بەناوی (پڕۆژەی ڕوناکی)، گوایە دەیانەوێت کارەبای هەرێمی کوردستان بکەنە 24 سەعاتی، زیاتر لە30 ساڵە ئێمەی کورد لەم هەرێمەدا دادو بێدادمانە بەدەست بێکارەباییو فڕەفڕی موهلیدەو نەبونی کارەبایەکی شایستەوە.
سەری زمانو بنی زمانمان ڕەخنەگرتنە لەحکومەت کە نەیتوانیوە کارەبایەکی 24 سەعاتی دابین بکات بۆمان کە سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانە، ئێستا حکومەتی هەرێم هاتوەو دەڵێ من ئەم پڕۆژەیە جێبەجێدەکەم، تائێرە کێشەی نییەو دەبێت بەهەمومانەوە بەتوندی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمو هەر هەوڵێک بکەین کە ئەمکارە بکاتو بتوانێت یەکێک لەمافە سەرەتاییو گرنگەکانمان بۆ دەستەبەربکات، لەپاڵ ئەوەشدا پێویستە زۆر بەتوندی دژی ئەو گوتارە بوەستینەوە کە دژایەتی پرۆژەکە دەکاتو دەڵی ئەم پڕۆژەیەمان ناوێتو قبوڵمان نییە، پڕۆژەکە وەک پڕۆژە، یەکێکە لەهەنگاوە گەورەو گرنگەکانی هەرکەسو حکومەتێک کە بتوانێت ئەو هەنگاوە هەڵبگرێتو جێگەی دەستخۆشییە.
بەداخەوە بەشێکی زۆر لەمیدیا، بەمەبەست بێت یان بەنەزانین باس لەوەدەکەن، ناڕەزایی بەرفراوان هەیە لەدژی پڕۆژەکەو هاوڵاتیانی هەرێم پڕۆژەکە ڕەتدەکەنەوە، پێموایە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیەو گوتارێکی تەواو پۆلۆلیستیو نەگونجاوە، دەبێت هەمومان دژی ئەوگوتارە بینو پشتیوانی پڕۆژەکە بکەین، بەڵام لەبارەی نرخی کارەباکەوە کە هۆکاری سەرەکی ناڕەزاییەکانەو هێندە هۆکارێکی گەورەیە کە دەستکەوتە گەورەکەی لەبیر خەڵک بردوهتەوە، دەبێت بەهەمومانەوە فشار بکەینو ڕێگە مەدەنییەکان بگرینەبەر بۆ ناچارکردنی حکومەتو وەزارەتی کارەبا بۆ کەمکردنەوەی نرخەکەی هاوشێوەی وڵاتانی دەوروبەرمان.
گرنگە هەمومانو بەڕێگە مەدەنییەکان، هەرچی لەدەستمان دێت بیکەینو هەر میکانیزمێک شکدەبەین بیگرینەبەر بۆ زیادکردنی فشار لەسەر حکومەت بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان تا ئاستێک کە لەگەڵ داهاتی تاکی هەرێم بگونجێت، بەڵام هیچکات گونجاونییە هیچ کەسو لەژێر هیچ ناوێکدا، دژی کۆی پڕۆژەکە بوەستێتەوەو دژایەتی بکات، چونکە کۆی پڕۆژەکە یەکێکە لەهەنگاوە گرنگو پێویستەکان، بەڵام لەنرخەکەدا زیادەڕەویو بێویژدانیییەکی تێدایە کە دەکرێت ئەم بەشەیان ڕەتبکەینەوە نەک کۆی پڕۆژەکە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی