خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن،بەداخەوە کە یەکێ هەوڵی
خۆکوشتن ئەدات یا ئەوەیە ئەمرێ و چارەسەری مردنیش نیە، یا بە سەختی بریندار ئەبێت
و چەندین لێکەوتەی جەستەیی و دەرونی و کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە کە وەک مۆرێک تا لە
ژیاندایە پێوەی دەمێنێتەوە و ڕوداوەکە بیری خۆی و خەڵک دەهێنێتەوە.
بەم ڕەفتار و دەربڕین و نیشانە و گۆڕانی سەیر و سەرنجراکێشانە
لە کەسەکەدا دەتوانین بزانین ئایا کەسەکە بیر و نیازی خۆکوشتنی هەیە یان نا. زۆر
جار نیشانەکان وەک هاوار و هانایەک وایە بۆ فریاکەوتنی کەسەکە بەڵام دەوروبەر گوێی
پێنادەن و بە ڕاستی نازانن و بگرە ئەگەر دەوروبەرەکە ڕەق و زبر و ناڕۆشنبیر بێت گاڵتە
و تیز و تەوس بە کەسەکە دەکەن و پێی ئەڵێن درۆدەکات. نیشانەکان بە کورتی: کەسەکە ڕاستەوخۆ
یا ناڕاستەخۆ باسی باسی مردن و خۆکوشتنی خۆی
دەکات، هەست ئەکات بارە بەسەر خێزانەکەیە و بە مردنی ئەم ڕزگاریان دەبێت، ڕەشبین و
نائومێدە لە خۆی و خەڵک و دنیا، ئەڵێ نە خۆم ئەتوانم نە دڵسۆزانم ئەتوانن کێشە و
ناڕەحەتییەکانم چارەسەر بکەن، بەهای خۆی و بڕوا بەخۆبونی نەماوە، ڕاڕایە و بڕیاری
بۆ نادرێ، توانای بەجێگەیاندنی ئەرک و فەرمانەکانی ژیانی ڕۆژانەی نامێنێ، حەز وخولیا
و چالاکیە چێژبەخشەکانی نامێنێ، لە کۆمەڵ و تەنانەت لە ئەندامەکانی خێزانەکەی خۆیشی
دادەبڕێ و تەنیا دەمێنێ. ئەگەر نە کەسەکە خۆی و نە دەوروبەرەکەی هیچیان نەکرد بۆ
چارەسەر، ئیتر وردە وردە ڕەفتارەکانی زۆر دەگۆڕێ، بۆ نمونە ڕەفتار و بڕیاری هەڵە و
زیانبەخش و سەیر دەدات، ئوتومبیل زۆر خێرا و خراپ دەئاژوێ، مەی یا مادەی هۆشبەر بەکاردێنێ،
خۆی بریندار دەکات، لە مۆبایلەکەیدا دەکەوێتە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی خۆکوشتن. چەند
ڕۆژێ پێش خۆکوشتن گۆڕانی لەپڕ و سەرنجڕاکێش لە هەست و سۆزی ڕودەدات، بۆ نمونە لە
نائارامی و هەلچون و هەژان و بێ ئۆقرەییەوە
بۆ ئارامی و ماتی و کڕی و بێدەنگی، یا پێچەوانەکەی لە بێدەنگی و ئارامیەوە بۆ بێ ئۆقرەیی
و هەڵچون و ترسی زۆر.
نیشانە ترسناکەکانی کە دەبنە زەنگی مەترسیی زۆر نزیکی خۆکوشتن
ئەمانەن: کەسەکە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو
قەرزەکانی ئەداتەوە، پیداویستی و شت و مەکی شەخسیی ژیانی ڕۆژانەی دەبەخشێ، ئاشت ئەبێتەوە
لەگەڵ ئەوانەی کێشەی هەبوە لە گەڵیان ، بە جۆرێک خواحافیزی لە گەڵ هاوڕێ و خزم و کەس
ئەکات وەک ئەوەی دوا دیداری بێت لە گەڵیان، ڕاسپاردەی دوای مردن(وەسیەت) ئەکات بۆ
خێزانەکەی، نامەی دوا ماڵاوایی دەنوسێ یا بە شیوەیەکی ناڕاستەوخۆ و فەلسەفی دەریدەبڕێ
کە بەرەو مردن دەڕوات، بۆ نمونە ئەڵێت (ژیان بێهودەیە، خۆزگە نەبومایە)، (تەواو ئەرکی
خۆمم بە جێهێنا و هیچ کێشەیەک لە دوای خۆم بۆ کەس جێناهێڵم)، (ئیتر لەو دنیا شاد ئەبم
بە خۆشەویستانم). ئەگەر دەوروبەر لەم قۆناغەدا ئەو شتە گومان لێکراوانەیان لە نزیک
کەسەکە دۆزیەوە کە بۆ خۆکوشتن بەکار دەهێنرێ، ئەوە ئیتر دەبێت دەمودەست و ڕەپ و ڕەوان
دەربارەی نیازی خۆکوژی لەگەڵ کەسەکە قسەبکرێت و بخرێتە ژێر چاودێریی بەردەوام تا بەزوترین کات دەبرێت بۆ لای دوکتۆری دەرونی یا
بە ئەمبولانس دەبرێت بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەک.
هەر ڕوداو و کێشەیەکی قورسی کۆمەڵایەتی و ئابوری و دەرونی
و تەندروستی بە گشتی بۆی هەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری خۆکوشتن، کەواتە مەرج نیە
کەسەکە پێشتر نەخۆشیی دەرونی هەبێت. بەڵام هەمو نەخۆشیە دەرونیەکان کەم تا زۆر و بە
پێی پلەی قورسیەکەیان و جۆرەکەی ئەگەر گوێیان پێنەدرا و لای دوکتۆری دەرونی چارەسەر
نەکران بۆیان هەیە ببنە هۆی خۆکوژی، لە هەندێ کەسدا یەکەم دەرکەوتنی نەخۆشیە دەرونیەکەی
بە خۆکوشتن دەست پێدەکات. ئەو هەڵە کوشندەیەی زۆرجارخزم و هاوڕێ و تەنانەت هەندێ دوکتۆریش دەیاکت ئەوەیە
کە ناوێرن یا دڵیان نایە یا خۆیان کەڕدەکەن لە کێشەکە یا دەترسن ئەگەر لە کەسەکە
بپرسن نیازی خۆکوشتنی هەیە یان نا و نیازەکەی نەبێت پرسیارەکە دەبێتە هۆی دروستبونی
نیازی خۆکوشتن لە کەسەکەدا، ئەم ترسە هیچ بناغەیەکی زانستیی نیە و بە تایبەتی ئەگەر
بە شێوەیەکی جوان و ئارام و بە پرۆش و دڵسۆزی وهاوسۆزیەوە لەگەڵ کەسەکە کێشەکە
باسبکرێت بە دڵنیاییەوە کەسەکە خۆشحاڵ و سوپاسگوزار دەبێت و وا هەست دەکات بارێکی
زۆر قورس لە کۆڵ و بیرێکی زۆر ڕوخێنەر و کوشندە لە مێشکی لابراوە.
زانایان بە مرۆڤ دەڵێن گەردونی بچوک (microcosm) واتا ئەوەندە
ئاڵۆزە وەک گەردون کە ناتوانرێ بە تەواوی لێی تێبگەیت و پێشبینیی کردارەکانی بکەیت
، بۆیە بەداخەوە هەندێ خۆکوژی هەیە کە چاوەڕوان نەکراو بوە و دەوروبەرهیچ نیشانەیەکی
خۆکوژیان لە کەسەکەدا نەبینیوە. خۆکوژی لە نەخۆشخانەی ئاسایی و لە نەخۆشخانە دەرونیەکانیشدا
کاتێک ڕودەدەن کە کەسی نەخۆشی دەرونی لە ژێر چارەسەر و چاودێریی ورد و پیشەیی پزیشکی
دەرونی و چارەزانی دەرونیدایە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی