لەگرێبەستە قەبەکانو ئاستی پێشوازیەکەی گرنگتر، کردنەوەی گرێکوێرەیەکی مێژوویی بوو کە بەردەوام گرفتی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندیەکانی ئەمریکاو کوردستان دروستکردووە. ئەویش تێڕوانینو ستراتیژییەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، دەربارەی پرسی کورد وەک نەتەوەو کوردستان وەک نیشتیمان، بۆ یەکەمجارە وەزارەتی دەرەوە گەرمترو توندتر لەدامەزراوە گرنگو کاریگەرەکانی دیکەی ئەمریکا، وەک پنتاگۆنو CIA، لەبەرامبەر مافەکانی کوردستان وەدەنگ بێتو خۆی لێبکاتە خاوەن، بەڕوونو ئاشکرایی گوتارێکی نوێ ڕابگەیەنێت.
لەماوەی شهست ساڵی ڕابردودا، بەردەوام هەوڵو داواکارییەکانی کورد لەئەمریکا، لەستراتیژییەتی وەزارەتی دەرەوە گیردەبوو، هەندێکجاریش پاشەکشەی پێدەکرا، پیلانگێڕیی جەزائیر ڕەنگە دیارترینیان بوبێت. پێشبینیدەکرێت ئەو قۆناغە نوێیە، مایەی پاراستنو بەهێزکردنی پێگەی قەوارەی دەستوری کوردستان بێت، هەروەها ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە بێت کە بونەتە هۆکاری دروستبونی لاسەنگی لەپەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا.
ئەوکارەی مەسرور بارزانی کردی، پێی دەوترێت (وەچەرخانی مێژویی)، ئەو وەچەرخانە لەئایندەیەکی نزیک لەسەر دوو ئاست ڕەنگدەداتەوە:
یهكهم: لەئاستی ناوخۆیی کوردستاندا، هاندەردەبێت، کە ئەو حزبو لایەنانەی گرەویان لەسەر هێزی دەرەکی دەکرد، بەو گوتارو هەڵوێستە سیاسیانەی خۆیان دابچنەوەو پەشیمانی گوتارە نەتەوەییو نیشتیمانیهكان ببنەوە کە هێشتا کوردستان پێویستی پێیەتی.
دوهم: لەسەر ئاستی دەرەوەش، هاندەر دەبێت بۆ وڵاتانی ئیقلیمیو نێودەوڵەتی کە نیگەرانو دودڵیان کەمتر بێتەوە لەمامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ قەوارەی دەستوری کوردستانو گەلەکەی.
لەدوا ڕۆژەکانی ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکایەتی دەکات، دەسکەوتەکانی گەیاندە ئاستێک، کە خەڵکی کوردستان بەئومێدو خۆشحاڵیەوە چاوەڕێن کە سەرۆکایەتی کابینەیەکی بەهێزترو پڕ دەسکەوتتری لێبکەن.
لەو چەند ساڵەی ڕابردوو، مەسرور بارزانیو کابینەکەی ڕوبەڕوی ئاڵنگاریو فشارو هێرشی زۆر توند بونەوە، بەڵام ئەوانە تەنها بونە هێزێک بۆ ئەوەی دەستبەرداری ستراتیژییەتی بونیادنان نەبێت، لەڕێگهی ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حوکمڕانیو گرتنەبەری ڕێگهی دروست بۆ گرهنتیكردنى ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان.
یەکانگیریی دونیابینیو ستراتیژیەتی مەسرور بارزانی، لەگەڵ گۆڕانکارییو ئەو هاوکێشە نوێیانەی، خەریکە نەخشەو واقیعی سەپێندراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن، سودفە نییە، بەڵکو پلان بۆ داندراو بوەو بەشێک بوە لەخوێندنەوەو پێشبینییەکانی مەسرور بارزانی بۆ ئایندەی ئەو ناوچەیە، ئەوەشی بەڕونی لەچەند گوتارو بۆنەیەک باسکردوە، بەتایبەتی لەگوتارە بەناوبانگو مێژویەکەی لەناوەندی توێژینەوەی چاتام هاوس.
گۆڕانکاریی لەستراتیژیەتو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکرێ وەک چاوگی ئەو گۆڕانکاریانە دابندرێ، کە پێشبینیدەکرێت لەمەودوا شێوازێکی نوێی لەهاوپەیمانێتیو کاری هاوبەش دروستبکات، ئەویش لەگەڵ نەتەوەو پێکهاتەکان، نەوەک تەنها لەڕێگهی ئەو دەوڵەتانەی وەک ئەمری واقیع بەسەر گەلانی ئەو ناوچەیە سەپێندراون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی