پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی بەتوندی هێرش دەكاتە سەر عەلاوی

کوردستان

22/02/2020‌ 1000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماجید شنگالی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشێكی توندی كردووەتە سەر محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێردراو و باسی لەوە كردووە، كە چۆن كەسێك لە هەڵبژاردنەكاندا شكستیهێنابێت و دەرنەچووبێت دەكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رابسپێردرێت.

شنگالی لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: لە دیموكراتییەتە سەیر و سەمەرەكەی عێراق كاندیدێكی دۆڕاو لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ ی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە جگە لە ٥٠١ دەنگی زیاتر نەهێناوە، دەبێتە باشترین بژاردە بۆ راسپاردنی تا وەك سەرۆك وەزیران حكومەتێكی سەربەخۆی بەهێز دروست بكات و بتوانێت پرۆسەی سیاسی و باری لاری عێراق راست بكاتەوە.

دوای ئەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی داواكارییەكانی هەریەك لە پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی بۆ دانانی وەزیری حیزبی لەو وەزارەتانە رەتكردەوە، كە پشكی كوردن، چەند رۆژێكە بەرپرسانی یەكێتی و پارتی بەشێوەی جیا جیا هێرش دەكەنە سەر عەلاوی و هەڕەشەی ئەوە دەكەن، كە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بە كابینەكەی عەلاوی نادەن، تەنانەت مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی  بەشادرینەكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووشی كردووە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی