بۆچــــی هـــــــــــــــــــــــــەڵــــــــبــژاردن نــەکـــــــــرێ؟

02/05/2024

ئارێز عەبدوڵلا


                                                                                                        
هەرچەندە دەیان کێشەی گەورە و هەڵواسراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی هەرێم لە پێناوی چارەسەرکردنیان چەند ڕۆژێک لە بەغدا نەماوەتەوە، کەچی لە پێناوی دواخستنی هەڵبژاردن ئەمجارە ژمارەی پێوانەیی لە مانەوە شکاند!
سەرۆکی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنی دەستنیشان کردوە، بەڵام ئەنجام لە پێناوی سەرخستنی قسەی حزبەکەی سەری بەدەرگای هەموو ئەو هێزە عێراقیانەدا کرد، کە خۆیان پێیان وایە خێری کوردستانیان ناوێ و دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵن یان بێهێز و بچوک بکەنەوە. 
دیارە گۆڕینی سیستەمی بەشداریکردنی تورکمان، ئەرمەن و کلد و ئاشورییەکان پاساوی سەرەکی پارتیە بۆ بەشدارینەکردن و رێگریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو. بێگومان خەمخۆری بۆ پێکهاتەکان ئەرکێکی پیرۆز و کارێکی تابڵێی باشە، بەڵام ئەگەر بەو شێوازە نەبێ کە پارتی دەیەوێ ئایا مافیان پێشێل دەکرێ و گورگ دەیانخوات؟
بێگومان نا، نا و دەکرێ بەچەندین شێوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ. نموونە:- 
یەکەم: دەکرێ لایەنە سەرەکیەکانی کوردستان لەناو لستەکانی خۆیاندا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دروست بووە. 
دووەم: دەکرێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ و لە یەکەم هەنگاوی پەرلەمانیش بە یاسا کێشەکە چارەسەر بکرێ و ڕێگای بەشداریکردنی ئەوانیش بدۆزرێتەوە. بەڵێ دەکرێ دوای دەستبەکاربوونی پەرلەمان بە یاسا لە ماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردنێکی تایبەت بۆ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بکرێ. 
بە کورتی نە پێکهاتەکان پەکیان لەسەر بەشداری نەکردنی چەند کەسێک لە پەرلەمانی کوردستان دەکەوێ و نە ڕەوایە لە پێناوی بەشێک مافی تەواو گەلی کوردستان پێشێل بکرێ.
ئێستا کەس نییە نەزانێ کە ئەو شێنە بۆ هەریسەیە، نەک بۆ حوسێن.  لەبەر ئەوەی هەلومەرجەکان گۆڕاون و پتریش دەگۆڕێن، بێگومان کاریگەری لەمەودوای پارتی وەکو کاریگەری جاران نامێنێتەوە، بۆیە ئەو نایەوێ ئەو ڕۆژە بەچاوەکانی خۆی ببینێ.
  ئاشکرایە کڕۆکی دیموکراسی هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنیش بە مەرجی سەرکەوتن و بردنەوە جگە لە شانۆگەریەکی گاڵتەجاری هیچی تر نییە. ئەم هەڵبژاردنە سەنگی مەحەکە کە ئایا کێ زیاتر لە خەمی دواڕۆژی ئەم وڵاتەیە. هەر لایەنێک بەرژەوەندیی باڵای گەل لەبەرچاو بگرێ، دەبێ لەگەڵ هەڵبژاردن بێ و بەپێچەوانەوە هەرلایەنێک رێگری لێبکا بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو  ئۆباڵی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی