لە دوای ئەوەی پنتاگۆن بڕیاریدا هاوکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بڕەکەی ٦١ ملیۆن دۆلاری ساڵانە بوو ببڕێت، یەکێتی و پارتی دەیانەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان کارێک بکەن بۆ ئەوەی ئەو هاوکارییانە بەردەوام بن ، بۆ ئەم مەبەستە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم، لەلێدوانێکدا ڕای گەیاند کە هێزەکانی حەفتا و هەشتا یەکیان گرتووەتەوە و لە ئێستادا هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەترێکدایە کە وەزارەتی پێشمەرگەیە.
بە پێی بۆچوونی بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی ئەم بڕیارە لە لایەک درەنگ وەختە و لە لایەکی تریشەوە دروستکردنی هێزێکی سەربازی نیشتمانی بەم شێوازە بە پەلەیە ناکرێت و دەبێت لەسەر بنەمایەکی ستراتیجی بێت بۆ قۆناغی ئایندە .
پلانەکەش دەبێت بۆ بنیادنانی هێزێکی سەربازی یەکگرتووی پیشەیی بێت، کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژ و هێزە سیاسییەکان بکات و لەژێر هەژموونی خراپی یەکێتی
و پارتی بێتە دەرەوە.
ئەگەر سەیری مێژووی سیاسی و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بکەین هەر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دوو جووڵانەوەی سیاسی دژ بە یەک بوون ،ئەو کاتەش کە لە شاخ بوون و سەرقاڵی شۆڕش بوون ،هێزەکانی پێشمەرگەیان وەک فاکتەری شەڕ و ململانێی سیاسی دژ بە یەک بەکار هێناوە ،ئەو کاتەش کە پارتە سیاسییەکان لە شاخ بوون، بەردەوام لە ڕێگەی هێزی پێشمەرگەوە سەرقاڵی شەڕی براکوژی و ملشکاندنی یەکتر بوون.
پاش ئەوەش کە ئەم هێزانە لە دوای ڕاپەڕین دەگەنە حوکم و حکوومەتی هەرێم پێک دەهێنن، لەسەر دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی ناکۆک بوون و هەردوو لایان هەتا ئێستاش پێشمەرگەیان وەک دوو هێزی حیزبی بەکارهێناوە.
یەکێتی و پارتی چەندان جار بڕیاری ئەوەیان داوە کە سوپایەکی نیشتمانی دروست بکەن، بۆ نموونە لە /٢٢/٧/٢٠١٦ لە ناوەڕاستی شەڕی داعشدا, کۆبوونەوەیەک لە نێوان هێزی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەدا کراوە,بۆ یەخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە تایبەتی یەکەکانی حەفتا و هەشتا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام دواجار جێبەجێ نەکرا .هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەو کات کە کاک مەسعوود سەرۆکی هەرێم بوو، بڕیاری دا لە ٢٠١٢ سوپایەکی نیشتمانی دروست بکرێت، بەڵام ئەویش شکستی خوارد.
لەبەر ئەوە لە ئەم بڕیارەی ئەم جارەشدا هەر هەمان شت چاوەڕێ دەکرێت، چونکە لە ئێستادا ئەوەی ڕاگەیەندراوە لەسەر بنەمایەکی بەهێز و پلانێکی سیاسی سەربازی نیە بۆ ئایندە، بەڵکوو تەنها بۆ ڕەزامەندی ئەمریکایە کە هاوکاریەکان نەبڕێت. ئەوەی ئێستا کراوە تەنها شتێکی ڕووکەشە و تەنها گۆڕینی ناوەکانی هێزەکانی هەشتایە کە سەر بە پارتیە ،گۆڕاوە بۆ دەڤەری یەک. هێزەکانی حەفتاش کە سەر بە یەکێتیە گۆڕاو بۆ دەڤەری دوو، هەرچی ڕێکخستنی ئەم هێزانەشە لە فیرقە و لیوا و فەوج و یەکەکان هەر یەکەیان پابەندن بە بڕیاری سیاسی یەکێتی و پارتی و بێجگە لە ئەندامانی ئەو دوو حیزبەش هیچ لایەنێک و کەسێکی تر بۆی نییە هیچ بەرپرسیاریەتێکی هەبێت و چالاکی ئەنجام بدات.
یەکێتی و پارتی لە ئێستادا کە لە ڕووی پەیوەندی سیاسییەوە لە خراپترین دۆخدان و فەزای سیاسی کوردستانیش تەواو ئاڵۆز و شێواوە ،پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردن تا ئێستا نە پەرلەمان دەست بەکار بووە و نە حکوومەتی نوێی هەرێم دروست کراوە و لە ڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاشەوە بەردەوام یەکێتی و پارتی سەرقاڵی یەکتر شکاندنن. ئایا لەم دۆخەدا سوپای نیشتمانی دروست دەکرێت؟ یەکێتی و پارتی هەرگیز بڕوایان بە دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوو نیە چونکە بوونی میلیشیای حیزبی لە ئێستادا بە پارێزەری قەڵای حیزبەکانیان دەزانن.
لە درێژایی دە ساڵی ڕابوودووشدا کە دامەزراندن لە کەرتە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکاندا وەستاوە ئەوان بەردەوام کەسانی نوێیان لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا دامەزراندووە و بەردەوام دەیانەوێت هێزەکانی پارێزەری حیزب زیاد بکەن و بەم هۆیەشەوە هەموو گەلی کوردستان دەستیان لەسەر دڵیانە کە نەوەک ئەم دوو هێزە شەڕی ناوخۆ دروست بکەنەوە .لە ململانی نێوان یەکێتی و پارتیدا دەبێت بگەینە ئەو ڕاستیەی کە هەتا ململانێ سیاسییەکان ئاستێکی سروشتی وەرنەگرن و نەگەنە ڕێککەوتن لە پێناو بنیادانی حکوومەتێکی نیشتمانی یەگرتوو، هەرگیز سوپایەکی نیشتمانی دروست نابێت و ململانێکانیش هەر وەک خۆیان دەمێننەوە.
لە درێژایی 10 ساڵی ڕابوودووشدا کە دامەزراندن لە کەرتە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکاندا وەستاوە، ئەوان بەردەوام کەسانی نوێن لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا دامەزراندووە و بەردەوام دەیانەوێت خێزەکانی پارێزەری حیزب زیاد بکەن و بەم هۆیەشەوە هەموو گەلی کوردستان دەستیان لەسەر دڵیانە کە نەوەک ئەم دوو هێزە شەڕی ناوخۆ دروست بکەنەوە؛ لە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتیدا دەبێت بگەینە ئەو ڕاستییەی کە هەتا ململانێ سیاسییەکان ئاستێکی سروشتی وەرنەگرن و نەگەنە ڕێککەوتن لە پێناو بنیادنانی حکوومەتێکی نیشتمانی، ئەگەرچی هەرگیز سوپایەکی نیشتمانی دروست نابێت و ململانێکانیش هەر وەک خۆیان دەمێننەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی