شاندێكی نوێی هەرێم بۆ گەیشتن بەچارەسەرێكی ڕیشەیی سەردانی بەغدا دەكاتەوە

کوردستان

02/05/2020‌ 3274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەیادە نەججار پەڕلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، سبەی یەكشەممە شاندێكی نوێی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا، كە ئامانج لێی گەیشتنە بەچارەسەرێكی ریشەیی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی بەغدا.

نەججاڕ لەلێدوانێكدا رایگەیاند، سبەی یەكشەممە شاندێكی باڵای هەرێم دەگاتە بەغدا، كە لە سەردانەكەیاندا چاویان بەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیری راسپێردراو و سەركردە سیاسییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دۆسییە هەڵواساوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەوێت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆسییەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەركەوتەی كورد لەو حكومەتە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

پەڕلەمانتارەكەی پارتی لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا راشیگەیاند، دیمەنی سیاسی عێراقی بەگشتی ئاڵۆزە و بۆچارەسەركردنی هەموو دۆسییەكان پێویستی بە زیاد لە سەردانێك هەیە.

هەروەها جەختیكردووەتەوە، شاندی هەرێم لەسەردانەكەیدا دەیەوێت چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ سەرجەم دۆسییەكانی پەیوەست بە بودجە و موچەی فەرمانبەران بدۆێتەوە.

نەججاڕ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ عێراق و كاركردن بۆ بەهێزكردنی حكومەتی فیدڕالی جیدییە.

هەفتەی رابردووش شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ رێكەوتن لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێم و خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی شاری بەغدای كرد و دوای چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بێگەیشتن بە چارەسەرێكی دیاریكراو رۆژی هەینی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی