خۆپیشاندەران بە بەرد شاسوار عەبدولواحید لەناو خۆپیشاندانەکەى سلێمانى دوورخستەوە

کوردستان

02/06/2020‌ 3129 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خۆپیشاندەران بە بەرد شاسوار عەبدولواحید لەناو خۆپیشاندانەکەى سلێمانى دوورخرایەوە.

پەیامنێرى شارپرێس لەناو خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى شاری سلێمانى رایگەیاند، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ چووەتە ناوخۆپیشاندەران و چەندین دروشم و قسەى نائاسایی بەرامبەر لایەنى حکومەت وتووە، بۆیە بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش نیگەران بوون و پێیانوابووە کە ناوبراو خۆپیشاندانەکەى قۆستووەتەوە بۆ بەرژەوەندى خۆی.

هەروەها بەشێک لە خۆپیشاندەران قسەیان بۆ شارپرێس کردوەو دەلێن، ئەوان بۆ حەق و مافى خۆیان هاتونەتە سەر شەقام و بەردەم قایمقامییەت بۆ ئەوەى قەدەغەى هاتووچۆ هەڵبگیرێت نەک کەسێک و لایەنێک خۆپیشاندانەکە بۆ بەرژەوەندى خۆى بقۆزێتەوە، بۆیە بەوتەى خۆی بە بەرد شاسوار عەبدولواحیدیان لە خۆپیشاندانەکە دوورخستووەتەوە.

هاوکات خۆپیشاندەرێکى دیکە باس لەوە دەکات، ئەوان هاوڵاتی و کاسبکارى ئاسایی ناوبازاڕن و بۆ داواکارى خۆیان هاتوونەتە سەر شەقام و دەلێن" ئێمە بۆ مەبەستێکى سیاسی نەهاتووینەتە سەر شەقام تا لایەنێک یان کەسێک بۆ مەبەستی سیاسى بەکاری بهێنێت، ئێمە هاتووینەتە بەردەم قایمقامیەت ئەگەر داواکارى سیاسیمان هەبوایە دەچووینە بەردەم مەڵبەندو لقى چوار، بۆیە پێویستیمان بە هیچ کەس و لایەنێک نییە ئامۆژگاریمان بکات یان هانمان بدات بۆ توندوتیژی".

بەشێکى دیکە لە خۆپیشاندەران بۆ شارپرێس ئەوەشیان خستەڕوو، کە قسەو دروشمەکانى شاسوار عەبدولواحید سیاسى و هاندەربوون بۆ توندوتیژی بۆیە ئەوانیش ناچار بوون لە خۆپیشاندانەکە هەر بە زۆر دەری بکەن.

وەک لەم وێنەیەى خوارەوەشدا دەردەکەوێت کە ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دواى ئۆتۆمبێلەکەى شاسوار عەبدولواحید دەکەون و بەردى تێدەگرن.

س.هـ