پارێزگاری هەڵەبجەو کرماشان لەسەر بازرگانى سنورەکانیان رێککدەکەون

کوردستان

10/06/2020‌ 759 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:یاسین نادر

لەسنوری پشتە هەردوولایەنی ئێرانی و عێراقی کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا لەسنوورەکانی نێوان هەرێم و ئێران سازدا.


بەپێی راگەیەنراوێکى کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەکە بە هاوبەشی پارێزگارانی کرماشان و هەڵەبجە لە سنوری پشتە بە ئامادەبوونی پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجەو سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابوری و  قایمقامیەتەکانی پاوە، سەلاسی باوەجان و بەڕیوبەرانی گومرگ و فەرماندەکانی پاسەوانی سنور و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرە گشتیەکانی هەردولا بەڕێوەچووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە دیدارەکەدا ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکان، زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن لە سنوری پشتە و چارەسەرکردنی کێشەکانی بازارچەکانی شۆشمێ و پشتە  تاوتوێ کراوەو جەخت لەسەر ڕێکار و پرۆتۆکۆلە تەندروستیەکان بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لەو سنورانەش کراوەتەوە. 

لەلایەکی دیکەوە شارپرێس زانیوێتی لە کۆبوونەکەدا، باسی هەنگاوە جددیەکانی کردنەوەی بازاڕچەی سازان و هەناردەکردنی کارەبا بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەڕێگەی پارێزگای کرماشانەوە وەک دوو تەوەری سەرەکی باس کراوە، تا لە داهاتوودا بەخزمەتی هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بگات.