ئەنجومەنی سەربەخۆی مامۆستایانی ناڕازی وادەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری راگەیاند

کوردستان

22/06/2020‌ 1808 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی سەربەخۆی مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنێت،"ڕۆژی (25 /6) خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەشاری سلێمانیەوە دەست پێدەکات دژی حکومەتی هەرێم کەسیاسەتی برسیکردن و چەوساندنەوەی هاوڵاتیان پەیڕەودەکات."

لەبەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی ئاماژەی بەوەكردووە،"کاسبکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان ئاگاداردەکەین کەڕۆژی (25 /6) خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەشاری سلێمانیەوە دەستپێدەکات دژی حکومەتی هەرێم کەسیاسەتی برسیکردن و چەوساندنەوەی هاوڵاتیان پەیڕەودەکات."

باسیان لەوەشكردووە،"بەهۆی نائامادەیی و نەبونی دامەزراوەی حکومی، هۆشداری توند دەدەینە حیزبە بەشدار و خاوەن دەسەڵاتەکانی هەرێم کەئەمجارە ناڕەزایەتیەکان بەرۆکی حیزبەکانیان دەگرێتەوە.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئەوەشیخستەڕوو،"حیزبە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات کەخۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و بەرەی خەڵک دەزانن دەخەینە ژێر بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاقی و نیشتمانیەوە کە چیتر ئەو زوڵم و ستەمەی دەسەڵات لە هاوڵاتیان و موچەخۆران و لایەنگرانی حیزبەکانیان دەیکات قبوڵنەکەن."

دەشڵێن ،"داوا لەسەرجەم توێژەکان و سەندیکاو ڕێکخراوەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تەندروستکاران دەکەین کەپشتیوان و بەشداربن لەم خەباتە مەدەنیە .

لەبارەی شوێنی خۆپیشاندانەكە رایانگەیاندوە،"ڕۆژی (24 /6) شوێن و کاتژمێری دەستپێکی خۆپیشاندان ڕادەگەیەنین."داواشیكردوە كە بەشداربوان  پاپەندی خۆپارێزیە تەندروستیەکان بن و دەمامک و دەستکێش بەكاربهێنن.