توركیا دەستی بەسەر 21 گوندی هەرێم گرتووە و خەڵكەكەی ئاوارە بوون

کوردستان

01/07/2020‌ 747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی ناوچەیی لە قەزای زاخۆ رایگەیاندووە، سوپای توركیا لەمیانی ئۆپەراسیۆنی چڕنووكی پڵنگ، كە لە ١٧ی حوزەیران بۆ سەر ناوچەكانی قەزای زاخۆ لەپارێزگای دهۆك دەستیپێكردووە دەستیان بەسەر ٢١ گوندی ناوچەكەدا گرتووە و خەڵكەكەیان ئاوارە كردووە.

لەو بارەیەوە زرێڤان موسا بەڕێوەبەری ناحیەی دەركاری سەر بە قەزای زاخۆ لەپارێزگای دهۆك لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: هێشتا روون نییە هێزەكانی سوپای توركیا بەقووڵایی چەند هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام ئەو ناوچانەی هێزە سەربازییەكانی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا بەڕێوە دەبن ژمارەیەكی زۆر گوندی تێدایە .

بەڕێوەبەری ناحیەی دەركاری باسی لەوە كردووە ژمارەی ئەو گوندانەی كەوتوونەتە ژێر دەستی هێزەكانی توركیا ٢١ گوندن، كە زۆرینەی خەڵكەكەی بەهۆی شەڕ و بەیەكدادانەكانەوە چۆڵیان كردووە، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان ئامادە نەبوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و لەشوێنی خۆیان ماونەتەوە .

روونیشیكردووەتەوە، كە لەگەڵ ئەوەی شەڕ و بۆردومانەكان نزیكن لەو گوندانەوە، بەڵام تائێستا لەسنووری ناحیەكەیاندا هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام زەروەر و زیانێكی ماددی گەورە بە ناوچەكە كەوتووە.

ئێستا لە ناوچەكانی حەفتانین و خواكورك بەدرێژایی 300 كیلۆمەتر، شەڕ لەنێوان هیزە تایبەتییەكانی توركیا و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەردەوامە. 

بەپێی راگەیەنراوێكی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)  تا رۆژی یەكشەممە زیاتر لە 100 سەربازی توركیا كوژراون و چەندین سەربازی دیكەش بریندارن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی