هەپەگە: شەڕی قورس لەنێوان گەریلا و سوپای تورکیا به‌رده‌وامه‌

کوردستان

04/07/2020‌ 1527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕایگەیاند، هێزی گەریلا لە دەڤەری چوارچەلای سەر بە هەرێمی زاگرۆس چالاکیان ئەنجامداوە، هاوکات لە خواکورکیش شەڕێکی قۆرس لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلادا ڕوویداوە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە بارەی چالاکی گەریلاکان و ئۆپڕاسیۆنی سەربازیی سوپای تورک ڕاگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە: "هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیادا، لە ٢٧ی حوزەیران لە دەڤەری چوارچەلای سەر بە هەرێمی زاگرۆس لە دژی سوپای دەوڵەتی تورک چالاکیەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکیەدا سەربازێک سزا درا.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ١ی تەموز لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک لە دەڤەری ئەرموشی سەر بە هەرێمی خواکورکی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەنێوان هێزەکانی ئێمە و داگیرکەرانی دەوڵەتی تورکدا شەڕێکی قوڕس روویدا. لەو شەڕەدا چەندین سەربازی تورک سزا دران، درونێکی داگیرکەرانیش خرایە خوارەوە، دوو لە هەڤاڵانیشمان بە ناوەکانی ماسیرۆ و شاهۆ کە بە قارەمانانە تا دوا گولـلەیان لە دژی داگیرکەران شەڕیان کرد، شەهید بوون.

هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت: ٢٤ی حوزەیران سوپای دەوڵەتی تورک لە دەڤەری نەینکای سەر بە هەرێمی پولوری دەرسم دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی داگیرکاری کرد، سوپای دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکوپتەر ناوچەکەیان بوردوومان کرد، داگیرکەران دوای بوردوومانەکە، هێزێکی سەربازیی لە ناوچەکە جێگیرکرد و دواتر لەنێوان ئەوان و هێزەکانی ئێمەدا شەڕ و پێکدادان ڕوویدا، لەو شەڕەدا ٣ لە هەڤاڵنمان کە بە قارەمانانە شەڕیان کرد، شەهید بوون، ئۆپڕاسیۆنەکە تا ئێستاش بەردەوامە.

ده‌شڵێت: فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانیەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و لەم چوارچێوەیەدا؛ ٢ی تەموز کاتژمێر ٢٠:٠٠ فڕۆکە جەنگیەکان دەڤەری بەکتورای سەر بە هەرێمی حەفتانین و گردی شەهید زناریان بوردوومان کرد.

٣ی تەموز فڕۆکە جەنگیەکان لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک دەڤەری کوروزەروی هەرێمی زاپ و لە کاتژمێر ١٧:٠٠ دەڤەری ئەشکەوتی بریندارانیان بوردوومان کرد".