شارپرێس وردەکاری چۆنیەتى هاتنى دەروێش و شوێنکەوتوانى شێخ محمەد کەس نەزانى ئاشکرا دەکات

کوردستان

09/07/2020‌ 1879 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بە سەدان دەروێش و شوێنکەوتووى تەریقەتى قادرى لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە هاتنە ناو هەرێمی کوردستان و بە هێزە ئەمنیەکانى ئێران و هەرێم نەیانتوانى رێگەی پێ بگرن.


ئەمڕۆ بە سەدان دەروێش و شوێنکەوتووى شێخ محەمەد کەسنەزان ئەمیرى تەریقەتى قادرى لەجیهان بەمەبەستى بەشدارکردن لە مەراسیمى ناشتنى ناوبراو  لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە هاتنە ناوخاکى هەرێم.


ئەو شوێنکەوتوان کەوتوانەى شێخ محەمەد کەسنەزان بەشێوەیەکى نایاسایی و بە زۆرەملێ دەروازەى باشماخیان تێپەڕاندوە، بەهۆی رێگریشەوە لەلایەن هێزەکانى ئێرانەوە چوار لەو کەسانە بریندار بوون.

لەوبارەیەوە لیوا مەریوان بەرپرسى گومرگى باشماخ بەشارپرێسى راگەیاند، بەیانى ئەمڕۆ ژمارەیەکى زۆر لە دەروێش و شوێنکەوتووی شێخ محەمەدی کەسنەزان ویستیان بۆ ناو خاکى هەرێم بێن، سەربازانى ئێران ویستیان بیانگێڕانەوە نەیانتوانى دواتر تەقەیان بەسەر دەرویشەکاندا کرد، تەنانەت چوار کەسیان لێ بریندار کردن، بەڵام هەر نەگەڕابوونەوەو هاتن سنوریان بەزاند.


ئاماژەى بەوەشکرد، دەروێشەکان بەو شمشێرو شتانەى پێیان بووە ویستوویانە پەلامارى سەربازە ئێرانیەکان بدەن، ئەوانیش رێگەیان بۆ چۆڵکردون.


سەبارەت بەوەى کە هێزە ئەمنیەکانى هەرێم چۆن رێگەیان پێداون، لیوا مەریوان رووینکردوە، نێوانی سەربازانى ئێران و ئاسایشى ئەوان تەنیا ١٥ مەترەو ئەوان هێزەکانیان بۆ پاراستنى سنور دانەناوە، بەڵکو بەوتەى هێزیان ناوە بۆ رێکارە ئەمنییەکان.


هەروەها ناوبراو باسى لەوەشکرد، ئەو تەقەکردنەى روویداوە لەدیوى ئێرانەوە بووەو لەلایەن سەربازەکانى ئەو وڵاتەوە بووە، رەتیشیکردوە، هیچ کەسێک لە هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانى هەرێم لە سنورەکە بریندار بووبێ.


بڕیارە سبەی هەینى تەرمى شێخ محەمەد کەس نەزان لە شارى سلێمانى و لە گەڕەکى بەکرەجۆ لە تەکییەکەى خۆی بە خاک بسپێردرێت، ناوبراو بەهۆى نەخۆشیەوە لە ئەمریکا کۆچى دوایی کرد.
س.هـ