واده‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

28/12/2020‌ 5163 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى پارتى واده‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ئاشكراده‌كات‌و هاوكات زانیاریی ورد له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى‌و هاوڕێكانى ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "قوباد تاڵه‌بانى وتویه‌تى وەزیری دارایی عێراق پێیى وتوین پارە هەیە، بەڵام لەڕوی سیاسییەوە قبوڵ نییە پارە بدەینە هەرێمی كوردستان"، ده‌شڵێت:"تاڵه‌بانى ڕاسته‌وخۆ پێى وتین، ماڵی کوردستانی دروستنەکەین، شتێک نامێنێت بەناوی قەوارەی هەرێم".

هێڤیدار ئه‌حمه‌د په‌رله‌مانتارى پارتى‌و هاوكات جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان به‌میدیاكانى حزبه‌كه‌ى وتوه‌، له‌كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ى حكومه‌ت، پرسیارى موچه‌ى له‌وه‌زیرى دارایی كردوه‌و ئه‌ویش پێیڕاگه‌یاندوه‌، لەناوەڕاستی مانگی کانونی دوەمی 2021 حکومەتی هەرێم مووچە دابەشدەکات.

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"قوباد تاڵەبانی لەبەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان‌و فراکسیۆنەکان‌و لیژنەی یاسایی‌و دارایی‌و سامانە سروشتییەکان، وتی، ماڵی کوردستانی دروست نەکەین، شتێک نامینێت بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى ده‌ڵێت:"دواى ئه‌وه‌ى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوینەوە، کازمی داوایکرد کە بەژمارە بڵێین مافی هەرێم چەندە، وتیان 40 ملیار دینارە، کردمانە گاڵتە وتم ئایا 40 ملیار دینار زۆرنییە؟ دواتر وتیان 160 ملیار دینارەو دواتر وتیان بەگوێرەی هەندێک لێکدانەوەی حسابی مافی هەرێم 320 ملیار دینارە، لەو کۆبونەوەیە نەگەیشتینە ژمارەی کۆتایی وەک مافی هەرێم".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "قوباد تاڵه‌بانى ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، کازمی داوایکرد ڕۆژی دواتر وەڵامی کۆتایی شاندی هەرێم بدرێتەوە، ڕۆژی دواتر کۆبوینەوەو وتمان بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی، مادام لە2020 یاسای بودجە نییە، دەبێ لەسەر بودجەی 2019 مافی هەرێم دیاریبکرێت کە چەندە، کە لێکیاندایەوە مافی ئێمە لە320 ملیار دینار زیاتربوو، ئەوان هاتن لێکدانەوەیەکی جیاوازیان کردو وتیان هەرێم نەک مافی نییە، بگرە یەک ملیار دۆلاریش قەرزدارە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"دوای ئەو کۆبونەوەیە کازمی داوایکرد سەردانی بکەین، چوینە لای کازمی، زۆر زۆر توڕەبوو لەتیمەکەیی‌و وتی، مەعقولە شاندی هەرێم 10 ڕۆژە لێرەیەو هیچ ئەنجامێک نەبوە، لەوسەر بەڕێزێک وتی (ماکۆ سیولە) واتە پارەی کاش نییە بیدەینە هەرێم، کازمی وتی ئەی بۆ لەسەرەتاوە بەشاندی هەرێم نەوترا کە پارەنییە، وەزیری دارایی عێراقیش وەڵامی کازمی دایەوەو وتی (سیولە هەیە) پارە هەیە، بەڵام لەڕوی سیاسییەوە ئەوە قبوڵ نییە پارە بدەینە هەرێم، کێشەکە لای ئێمەیە وەک بەغدا نەک هەرێمی کوردستان".
 
باسى كۆبونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراقیش ده‌كات كه‌ قوباد تاڵه‌بانى وتویه‌تى:"لەوێ هەڕەشە لەقەوارەی هەرێم کرا، زۆر بەڕاشکاوانە وتیان، بابەتەكە نەوت، داهات، گومرک‌و بابەتی سیادییەو نابێ لەدەست حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە، پەشیمانبونەوەیەکی زۆر هەبوو لەسەر دەستوری عێراق، ڕاشکاوانە بەئێمەیان وت: ئەو ڕۆژە ڕۆیشت کە بەداهاتی خۆتان تەحەدای یەک پارچەیی عێراقتان کرد".

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، سەرۆک فراکسیۆنەکان‌و ئەندامانی پەرلەمان پرسیاریان کرد، قوباد تاڵه‌بانى به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامیداوه‌ته‌وه‌، "نەوتی کوردستان 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی سۆمۆ دەکرێ‌و لەوبارەیەوە بڕیاری کۆتایی لێدراوە، ئەوەی دەمەوێ بڵێم ئه‌وه‌یه‌، عێراق خۆی داوای نەوتی هەرێمی نەکرد، بەڵام ئەوەندە لەنێو هەرێم‌و کورد وتیان دەبێ نەوت ڕادەستبکرێت، بوە ڕاست‌و عێراقیش وتی وەریدەگرم".