یەکێتی داوای ئازادکردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوانی بادینان دەکات

کوردستان

14/02/2021‌ 1800 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەکێتی کۆبووەوە و جەختیکردەوە لەسەر جیبەجێکردنی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی سەركردایەتی یەكێتی، لەکۆبوونەوەکەدا سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانی كردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لەدەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنوسان، چالاكانی مەدەنی، كادرانی یەكێتی و حزبەكانی تر.

ئاماژەبەوەشدراوە، سەرکردایەتی یەکێتی هەروەها پشتیوانی بۆ تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەربڕی، فراکسیۆنەکەشی راسپارد هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت.

دەقی راگەیەنراوەکە:
راگەیەنراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی 

ئەمڕۆ 2021/2/14 ئەنجومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتی هاوسەرۆكان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستپێكرد.

سەرەتا هاوسەرۆكان هەَلسەنگاندنێكی وورد و بابەتیانەیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و هەمەلایەنەی كوردستان و عێراق پێشكەشكرد.

ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كردەوە لەبارەی پرسەكانی:

 

1. سیستەمی نا ناوەندێتی كارگێڕی و دارایی (لامەركەزی) لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.

 

2. پشتیوانیكردنی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لەپارلەمانی عێراق راسپارد كەهاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت.

 

3. چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی 2021 دا، بەپێویست زانرا.

 

4. تەئكیدكردنەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی ئەركە دەستوری و نیشتمانیەكانی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێم لەپاراستنی سەروەری ۆلات و رێگرتن لەپێشێلكارییەكانی سنورەكان، كەپێچەوانەی یاسا نێودەۆلەتییەكان و پرەنسیپی (دراوسێیەتیی باش)ن.

 

5. سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانی كردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لەدەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنوسان، چالاكانی مەدەنی، كادرانی یەكێتی و حزبەكانی تر.

 

بەشێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی تایبەت بوو بە كاروبارەكانی حزب و راپۆرتی كۆمیسیۆنەكان. لەم بارەیەشەوە راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

2021/2/14