شێركۆ جەودەت: ئەم دەسەڵاتە دەبێت یان چاكبكرێت یان پاكبكرێت

کوردستان

15/04/2021‌ 572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، خراپی ژیانی بەشێكی زۆر خێزانەكانی هەرێم دەرئەنجامی ئەم دەسەڵاتەیە، بۆیە یان دەبێت چاكبكرێن یان پاكبكرێن.

 شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، لە میانی بەشداری كردن لە بەرنامەی میوانی تۆی سایتی شارپرێسدا رایگەیاند، ستەم لە هەرێمی كوردستان دا ئەوەندە گەورەیە و دەرئەنجامەكەی بەشێوەیەكە بە هاوكاریكردن و بەدەمە چوونی ئێمە بۆ بەشێك لە هەژاران چارەسەرنابێت، دەبێت ئەوانەی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەبێن یان چاكبكرێت یان پاكبكرێن.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، داوادەكەم لە هەمو بەرپرسان و دەوڵەمەندان بەدەم ئەو خەڵكانەی كە پێویستیان بە هاوكارییە بڕۆن، حاڵەتەكان زۆرزۆرن و رۆژانە چەندینجار ڕووبەڕوی حاڵەتی خەڵكانی كەمدەرامەت دەبینەوە.

شێركۆ جەودەت، باسی لە دۆخی خراپی زۆرێك لە خێزانەكانی هەرێمی كوردستان كرد و بە پێویستی زانی هیمەتی گەورە بكرێت بۆ ڕزگاركردنیان لەو دۆخە نەخوازراوەی تێیكەوتوون.

بەرنامەی میوانی تۆی سایتی شارپرێس لە مانگی ڕەمەزاندا پێشكەش دەكرێت و هەر ئێوارەیەك ماڵیكی كەمدەرامەت بەسەر دەكاتەوە و هاوكاری پێویستی پێدەگەیەنێت.