به‌داتا كه‌مته‌رخه‌میه‌كانى حكومه‌ت به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خرێـته‌ڕوو

کوردستان

15/03/2022‌ 613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌داتا كه‌مته‌رخه‌میه‌كانى حكومه‌ت به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ده‌شڵێت:"حكومه‌تى هه‌رێم به‌رامبه‌ر برینداره‌كان، كه‌سوكارى شه‌هیده‌كان‌و هێنانه‌وه‌ى ڕوفاته‌كان كه‌مته‌رخه‌م بووه‌".


عومه‌ر گوڵپى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رئه‌نجامى به‌دواداچونێكى خۆى ده‌خاته‌ڕوو:

بەدواداچوون:
پاش (34) ساڵ لەکیمیابارانی‌ هەڵەبجە، لەکۆی‌ نزیکەی‌ (970) برینداری‌ چەکی‌ کۆکوژی‌ کیمیایی، نزیکەی‌ (250) برینداریان پێویستیان بەچارەسەری‌ خێرایەو هێندێکیان ژیانیان لەنێوان مان‌و مردندایە، لەماوەی‌ ساڵێکی‌ ڕابردوودا تەنها (پێنج) بریندار نێردراون بۆ وڵاتی‌ ئێران بۆ چارەسەر، ئەوەش بۆ یەکجار، بۆ دووبارە بینینەوەی‌ پزیشک‌و چارەسەر ئەبێت خۆیان خەم لەخۆیان بخۆن!

پاش (34) ساڵ لەکیمیابارانی‌ هەڵەبجەو هەورامان‌و شارەزوور، تائێستا (254) هاووڵاتی‌ ماون زەوی‌ وەربگرن وەک ماف‌و شایستەیەکی‌ خۆیان، هێندێک لەوانەی‌ پێشتر زەویان وەرگرتبوو یەک سولفەیان پێدراوەو پێنج ساڵە چاوەڕێی‌ سولفەی‌ دووەم‌و سێیەم دەکەن بۆ دروستکردنی‌ خانووەکانیان!

پاش (34) ساڵ لەکیمیابارانی‌ هەڵەبجە، نزیکەی‌ (700) ڕووفاتی‌ شەهیدانی‌ هەڵەبجە لەوڵاتی‌ ئێرانن‌و تائێستا حکومەت هیچ هەوڵێکی‌ نەداوە بۆ گەڕاندنەوەیان، ڕاستە ئەو ڕووفاتانە لەگۆڕی‌ هەمیشەییدا بەخاکسپێردراون، بەڵام ژمارەیەکیان لەگۆڕستانی‌ ناسراو بە(بەهەشتی‌ زەهران‌) لەشاری‌ تاران‌و مەترسی‌ ئەوەیان هەیە گۆڕەکانیان بفەوتێن‌و هیچ ئاسەوارێک لەو ئەزیزانە نەمێنێت، ئەمە جگەلەوەی‌ ئەو ڕووفات‌و ئێسک‌و پروسکانە بەڵگەو نیشانەی‌ گەورەترین تاوانن بەرامبەر بەمیللەتی‌ کوردو پێویستە وەک چاو بپارێزرێن‌و بکرێنە ڕەمزێک بۆ ستەم‌و بە شێوەیەکی‌ شایستە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

پاش (34) ساڵ لەکیمیابارانی‌ هەڵەبجە، دۆسیەی‌ (119) منداڵی‌ ونبووی‌ هەڵەبجە دۆسیەی‌ پڕ ئازاری‌ بێ کۆتایە، کە حکومەت هیچ هەوڵێکی‌ جیدی‌ نییە بۆ ناسینەوەو گەڕاندنەوەو ناساندنەوەیان بەخێزانەکانیان کە (76) خێزان چاوەڕوانیان دەکەن‌و تائێستاش چارەنووسیان نادیارە!

پاش (34) ساڵ لەکیمیابارانی‌ هەڵەبجە، دۆسیەی‌ قەرەبووی‌ ئەم کارەساتە لەبەغداو سزادانی‌ ئەو کۆمپانیاو وڵاتانەی‌ پشتیوانی‌ سەدام‌و ڕژێمەکەیان دەکردو چەکی‌ کۆکوژیان پێدەدا، هیچ جوڵەیەکی‌ شایستەی‌ پێنەکراوەو تائێستاش ئەو دۆسیەیە بێئەنجامەو حزبەکانی‌ دەسەڵات لەبەغدا لەبری کارکردن لەم دۆسیەیە سەرقاڵی‌ شەڕی‌ پۆست‌و پلەن!
بۆ هەموو ئەوانە بەنووسراوی‌ ژمارە (202) لە(8ی‌ 3ی‌ 2022) داوامانکرد لەحکومەت بەتایبەت وەزارەتی‌ شەهیدان کە پێویستە وەزارەتی‌ پارێزەرو خزمەتکاری‌ کەسوکاری‌ شەهیدان بێت، ڕوونکردنەوە بدات لەسەر کارەکانی‌ خۆی‌‌و حکومەت بۆ هەڵەبجەو دۆسیەی‌ جینۆسایدی‌ هەڵەبجەو هەورامان‌و شارەزوور، ڕوونیبکاتەوە چی‌کردووە بۆ هەموو ئەو دۆسیانە؟.

لەنێوان دوو (16ی‌ 3)دا بۆچی‌ دۆخەکە هەر وەکخۆی‌ وایە؟ حکومەت لەدۆخی‌ دارایی‌ باشی‌ لەمجۆرەی‌ ئێستەدا نەتوانێت خزمەتی‌ کەس‌و کاری‌ شەهیدان‌و جینۆسایدی‌ هەڵەبجە بکات، کەی‌ دەتوانێت؟"

34 ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ تێده‌په‌ڕێت‌و سبه‌ینێ 16ى 3 كه‌ ساڵیادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه‌و به‌شێك له‌كه‌سوكارى قوربانیان بڕیاریانداوه‌ بایكۆتى مه‌راسیمه‌كانى ساڵیاده‌كه‌ بكه‌ن.

ئ.ق