موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌غدا؟

کوردستان

08/12/2022‌ 13184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بارزگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆى هه‌واڵێك گوایه‌ به‌شێك له‌فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم موچه‌كانیان ده‌خرێته‌سه‌ر به‌غدا، به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش زانیاریى له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


به‌گوێره‌ى هه‌واڵێك باس له‌وه‌كراوه‌، ئەگەر هەیە بەشێك لەفەرمانبەرانی هەرێم موچەكانیان بخرێتەسەر بەغدا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ وەزارەتی بارزگانی‌و پیشەسازی حكومه‌تى هه‌رێم ڕونكردنه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ى له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، له‌و هه‌واڵه‌ى بڵاوبۆته‌وه‌، ئاماژە بەبەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی خۆراك‌و پسوڵەی خۆراك كراوه‌ كە سەر بەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانین لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی.

ده‌شڵێت:"بەپێویستمانزانی بۆ ڕای گشتی ڕون بكەینەوە، ئەو هەواڵە دورە لەڕاستی‌و بەهیچ شێوەیەك موچە ناخرێتەوەسەر بەغدا، بەڵكو بەگوێره‌ى ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی هەرێم‌و عێراق، ئەو بڕە پارەیەی لەهاوڵاتییان وەردەگیرێت لەبەرامبەر بەشەخۆراك كە 350 دینارەو 100 دیناریش بۆ بەشە ئارد، بۆ دەگەڕێنرێتەوە بۆ كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراك‌و كۆمپانیای گشتیی دروستكردنى دانەوێڵە".

زیاتر ده‌ڵێت:"لەبەرامبەریشدا ئەو دوو كۆمپانیایە خەرجی داگرتن‌و باركردن‌و گواستنەوەی كاڵا خۆراكییەكان‌و پاداشتی فەرمانبەران‌و چاككردنەوەی كۆگاكان‌و پێداویستیی ئەو فەرمانگانە، له‌و پاره‌یه‌ دابیندەكات".

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "هیچ بڕیارێک نییه موچەی هیچ بەشێکی فەرمانبەران بچێتەسەر بەغدا، تەنها پێشتر لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق کراوە لەبارە چۆنێتی دابەشکردنی خۆراک‌و ڕێکخستنەوەی کاروبارەکان".

ش.هـ