كۆمه‌ڵى دادگه‌رى ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

25/04/2024‌ 4219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری سەبارەت بەو مامۆستا ئاینییەی کە دەوترێت ملیۆنان دۆلاری هاوڵاتیانی هەرێمی بردوه‌, ڕایکردوە ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەوکەسە هیچ كاتێك ئەندامی کۆمەڵی دادگەری نەبوەو بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەندامبونیشى لەکۆمەڵ، پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنه‌ له‌دژى ئێمه‌".


دوێنێ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی لەشاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، پاش بەئەندامبونیان لەپرۆژەیەکی بازرگانیدا، خاوەنی پڕۆژەکە کە ناوی محەمەد برایەتییەو مامۆستایەکی ئاینییە، پارەکەیانی بردوەو ڕایکردوە بۆ بەریتانیا، دواتر لەبەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن وابڵاو کرایەوە گوایە ئەوکەسە ئەندامی کۆمەڵی دادگەری یان ڕاوێژکاری عەلی باپیری ئه‌میرى کۆمەڵی دادگەریە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری بۆ دەنگی ئەمریکای قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى، "مامۆستا عەبدولقادر کەسایەتییەکە پێشتر بزوتنەوە بوە، بەڵام لەساڵی 1997وە مامۆستا کوردستانی بەجێهێشتوەو بەسەردان هاتوه‌تەوە کوردستان، پێموانییه‌ ڕۆژێک خۆی بەکۆمەڵ زانیبێت یان لەکۆبونەیەکی کۆمەڵدا دەرکەوتبێت یان سەر بەئۆرگانێکی کۆمەڵ بوبێت".

باس له‌وه‌شده‌كات، "کۆمەڵی دادگەری چونکە چەند ساڵێکە ئۆپۆزسیۆنەو کاری لەسەر گەندەڵیەکان کردوەو بەردەوام داکۆکی لەمافی خەڵک کردوە، پێدەچێت هەرکەسێک بەهەڵوێستەکانی کۆمەڵ زەرەرمەند بوبێت پڕوپاگەندە دەکات‌و شتی هاوشێوەی ئەمە بەکۆمەڵەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەت کە نزیکی هەڵمەتی هەڵبژاردنە پڕوپاگەندە بۆ کۆمەڵ دەکەن".

هاوكات کوڕی ئه‌و مامۆستا ئایینیه‌ كه‌ ناوى محەمەد عەبدولقادره‌ وتویه‌تى، "باوكى بەهۆکاری خراپی تەندروستی ناتوانێت لێدوان بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى باسده‌كرێت دورە لەڕاستیەوە، دواتر ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بۆ ڕاى گشتى ئاشكرابكه‌ین، كۆمپانیاى سەلوان لقی وەبەرهێنانی بەفەرمی لەهەرێم کردەوە لەڕێگەی دەزگا فەرمیەکانی هەرێمەوە، باوکمیان پێشنیازکرد کە بەڕێوەی ببات، بەڵام لەبەر بارودۆخی ئاسایشی هەرێم، وتیان ناتوانین وەبەرهێنان لەهەرێم بکەین، باوکم بەكۆمپانیاى وت ئەگەر ئیشناکەن کارمەندێکی تر دابنێن، چونکە خۆی دەستبەکارنەبوو لێرە، دواتر لقی عێراق داخرا، بەڵام لەوڵاتانی تر ماوە".

بەوته‌ى محەمەد عەبدولقادر پڕۆژە بازرگانیەکە لەبواری وەبەرهێنان‌و نێتوێرکینگدا کاریکردووە، “سەلوانەشێر" کە کۆمپانیایەکی ئیماڕاتیەو لەهەرێم لەبواری نێتۆرکینگ کاریکردوەو لەبەرامبەر بەشداریان هاووڵاتیان پارەیانداوە بۆ بوون بەئەندام یان کڕینی پشک لەکۆمپانیاکە کە بەقسەی کوڕەکەی، پەیوەندی نەبووە بەباوکیەوە، بەشەکەی تر کە دواتر کراوەتەوە ناوی “سەلوانە دایمۆندبووە” لەبواری وەبەرهێناندا کاریکردووە، مامۆستا عەبدولقادر وەک بەڕێوەبەر ڕاسپێردراوە، بەڵام دەستبەکارنەبووە، چونکە هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی لەهەرێم ئەنجامنەداوە.

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئێمە لەسەر شەریکەکە داوای یاساییمان تۆمارکردووە، خاوەنی شەریکەکە دەستگیرکراوە لەئیماڕات، ئێمەش لەڕێگەی دادگاوە سکاڵا دەکەین کە ناومان زڕاوە، باوکم ئەندامی کۆمەڵ نەبووە، ئەوانەی ناویان زڕاندووین دەبێت لەبەردەم دادگا وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو بوختانانە".

کۆمپانیاکە لەپرۆژەکانی ماسی، باخ، ئاڵتوون‌و وەبەرهێنانی تریش کاریکردووەو بەگوێرەی زانیارییەکانیش کەمترین پارە دوو هەزار دۆلارە کە هاوڵاتیان بەشداریانکردووەو بونەتە ئەندام لەپرۆژەکەدا، سەرچاوە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، "دەیان ملۆن دۆلاری" بەشداربوان دیارنەماوە.

بەپەلە