له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئێمه كه‌وتووه‌ته سه‌ر عه‌بادی گوایه بژێوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان چاك ده‌كاته‌وه، به‌شێكی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه ره‌نگه په‌یوه‌ندی به ساده‌یی خه‌ڵكه‌وه هه‌بێت كه به‌داخه‌وه ناتوانێت رووداوه‌كان وه‌كخۆی د‌رك پێبكات، یان توانای ناسینه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی رێكلامچی نییه، به‌شێكی دیكه‌شی په‌یوه‌ندی به نائومێدییه‌وه هه‌یه كه له دوای 2014 به‌داخه‌وه پرسی مووچه به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و گه‌مارۆكانی به‌غدا چاره‌سه‌ر نه‌كرا و پڕۆژه‌كانیش وه‌ستان.
ده‌ی تۆ ئاره‌زووی خۆته ئومێدت به عه‌بادی هه‌بێت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی عه‌بادی هیچ كات نایه‌وێت هه‌رێمی كوردستان پێشبكه‌وێت، ئه‌گه‌ر بوودجه‌ش بكاته‌وه سه‌دا حه‌فده‌كه، هێشتا من گومانی لێده‌كه‌م هه‌موو شایسته‌كانی داراییه‌كانی هه‌رێم سه‌رف ناكات و چاوشاركێی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئێمه‌دا ده‌كات تا دیسانه‌وه بودجه ره‌وانه نه‌كاته‌وه، چونكه عه‌قڵییه‌تێك له به‌غدا حوكم ده‌كات نایه‌وێت كورد پێشبكه‌وێت، ده‌زانن بۆچی؟ چونكه پێش بڕینی بودجه به به‌راورد به به‌غدا هه‌رێم له‌ڕووی بژێوی و پێشكه‌وتنه‌وه جیاوازییه‌كی زۆری هه‌بوو كه ئیدی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی به‌غدا ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی پێ هه‌زم نه‌كرا، پێش ئه‌وه‌ی تۆ ره‌خنه‌ت هه‌بێت، منیش ده‌ڵێم به‌فیرۆدانێكی زۆری پاره‌ش له هه‌رێم هه‌بووه، به‌ڵی، خه‌ڵكێكی زۆریش له هیچه‌وه بوون به پاره‌داری زه‌به‌لاح، هه‌موو ئه‌وانه ده‌چنه چوارچێوه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی هه‌رێم ناكرێت به‌و به‌غدایه به‌راورد بكرێت.
هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و عه‌قلییه‌ته‌ی به‌غدا هه‌موو هه‌وڵێك بۆ شكست پێهێنانی هه‌ولێر وه‌ك كیانێكی سیاسیی كوردی ده‌خاته‌گه‌ڕ و به‌داخه‌وه له‌و هه‌رێمیشه‌وه هاوكاریی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته شۆڤێنیستییه ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به هۆی ململانێی ته‌سكی حیزبییه‌وه، به‌هۆی ئه‌و په‌روه‌رده سه‌قه‌ته‌ی حیزبییه‌وه‌یه كه به‌رچاوی هه‌مووانی ره‌شكردووه و له بری به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نیشتمان، به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و گرووپه‌كانی ناو حیزب له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه داده‌نرێن.
شووره‌ییه‌كی گه‌وره بوو له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، هه‌مدیسان حیزبه كوردییه‌كان به‌رده‌وامییان به دووبه‌ره‌كی و چه‌ند لیستی و هاوپه‌یمانێتی جیاواز دایه‌وه، ئه‌و كۆمه‌ڵه لیست و هاوپه‌یمانێتییه كه له ئایینده‌دا راده‌گه‌یه‌ندرێت، جگه له ناشیرینكردن و لاوازتركردنی پێگه‌ی كورد له به‌غدا، هیچی دیكه نییه، لێره‌دا به‌غدا زۆرباش له دوای ئۆكتۆبه‌ره‌وه كوردی هه‌ڵسه‌نگاند، به‌وه‌ی له بری ئه‌وه‌ی هه‌موو به یه‌كده‌نگ دژی ئه‌و داگیركارییه بوه‌ستنه‌وه و هۆشداری نه‌ته‌وه‌یی و كشانه‌وه له حكوومه‌ت بده‌ن، به‌پیچه‌وانه‌وه هه‌مووان به جیاواز و گرووپ گرووپ چوونه‌وه به‌غدا، واته حیزبه‌كان و تاقمی ناو حیزبه‌كان.
ده‌بوو له دوای ئۆكتۆبه‌ره‌وه سه‌رباری هه‌موو ره‌خنه‌كان، هه‌مووان پاڵپشتی حكوومه‌ت بوونایه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه سه‌خته‌دا گه‌له‌كه‌مان له‌و هه‌موو سووكایه‌تیی و گه‌مارۆیه نایاساییه‌ی به‌غدا رزگاری بوایه، به‌ڵام ئیدی ئه‌وه كورده دیسانه‌وه هه‌مووان دژی ئه‌زموونی خۆیان وه‌ستانه‌وه و هه‌ندێكیش رۆژانه هه‌واڵه ئیستیفزازییه‌كانی عه‌بادی وه‌ك گرنگترین هه‌واڵ بۆ خوێنه‌ری كوردی ده‌گوازنه‌وه، ئاخر نازانم ئه‌و عه‌بادییه كوێی ئه‌وها جوانه تا به‌مجۆره لای به‌شێكی كورد خۆشه‌ویست بێت!
تۆ ئاره‌زووی خۆته كه باوه‌ڕت به عه‌بادی هه‌یه و ئومێدێكی زۆرت به هاتنی مووچه له به‌غداوه هه‌یه، به‌ڵام گریمان هاتیش، ئه‌مه تا سه‌ر نابێت و دیسانه‌وه كێشه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و ره‌نگه كورد زیانی دیكه‌ش بكات ئه‌گه‌ر به‌م ریتمه‌ی ئێستای له‌گه‌ڵ عه‌بادی رێككه‌وتن بكات، چونكه عه‌بادی خۆی نییه، له‌سه‌رووی ئه‌وه‌وه، واته مه‌رجه‌عی ئایینی و ئێران، ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن، ده‌كرێ لێره‌دا رۆڵی عه‌بادی له رۆبۆتێك زیاتر نه‌بێت كه له چه‌ندین لای دیكه‌وه خاوه‌نه‌كانی ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن، كه‌وایه ئومێد هه‌ڵچنین به به‌ڵێنه‌كانی عه‌بادی، رێك فێڵكردنه له خودی خۆمان.
ئێوه دیقه‌ت بده‌ن، ده‌زانن عه‌بادی چه‌نده تامه‌زرۆی ئه‌وه‌یه له په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌وه ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه، ده‌زانن ئه‌گه‌ر هه‌ولێر ئه‌وه بكات، ئیدی ئه‌و عه‌بادییه هیچ حیسابێك بۆ كورد ناكات، چونكه ئێستاش ترسی گه‌وره‌ی له ئه‌مجامی ریفراندۆم هه‌یه و ئه‌و ئه‌نجامه مۆته‌كه‌یه‌كه به‌سه‌ر شانی عه‌بادی و تاقمه‌كه‌یه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر كورد به درێژایی مێژوو چه‌ند هه‌نگاوێكی گرنگی هاویشتبێت، به‌دڵنیاییه‌وه ریفراندۆم یه‌كێكه له گرنگترینی ئه‌و هه‌نگاوه سیاسییانه، چونكه به فه‌رمی كورد به دونیای گوت ئێمه به‌شدار نین له‌و عێراقه سته‌مكاره‌ی هه‌ر رۆژه‌ی به‌شداره له جۆرێك فه‌ساد و دروستكردنی گرووپی توندڕۆی مه‌زهه‌بی و ئایینی و فه‌شه‌لی سیاسی.
به‌ڵام لێره‌دا پرسی داخوازیی كورد بۆ دیالۆگ ئه‌و گرنگییه‌ی هه‌یه دیسانه‌وه كورد وه‌ك نیازپاكییه‌ك به دونیا ده‌ڵێته‌وه كه هێشتا ده‌مانه‌وێت ده‌رفه‌تێكی دیكه به‌و عێراقه بده‌ینه‌وه كه ئێوه له‌به‌ر چاوی كاڵی عه‌بادی چاوتان راستییه‌كان نابینێت و بێده‌نگن له ئاستی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رانبه‌ر مافه‌كانی كورد ئه‌نجام ده‌درێن. دیالۆگی هه‌رێم بۆیه زۆر پێویست بوو، چونكه عێراق فرچكی به جه‌نگ و ماڵوێرانی گرتووه، رۆژێك شه‌ڕفرۆشتن به ئێران، رۆژێك كوشتنی كورد و كاولكردنی گوند و داگیركاری له‌سه‌ر خاكی كوردستان، رۆژێك شیعه دژ به سوننه، سوننه دژ به شیعه و شیعه دژ به‌وانی دیكه ده‌وه‌ستنه‌وه، ئه‌ها بیرمان نه‌چێت پڕۆسه‌ی شه‌ڕفرۆشتن به كورد پرۆژه‌یه‌كی شۆڤێنیستییه و به‌رده‌وامی ده‌بێت، ته‌نیا له حاڵه‌تی دروستكردنی ده‌وڵه‌تدا ره‌نگه كه‌م بێته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی سه‌روه‌ری سنووره‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا دونیا رێگری ئه‌و خواسته‌ی كورد ده‌كات و به‌هۆیه‌وه عه‌بادیش شیری تیژتر بووه.
به‌ڵێ، هه‌موو ئه‌وانه پیشه‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌و عێراقه‌ن و تازه‌ش ئه‌و وڵاته شه‌ڕخوازه ناتوانێت وه‌ك وڵاتێكی بێ كێشه بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسییه‌ت به‌ڕێوه‌بچێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و عێراقه ئاماده‌یه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كوردیش نه‌بێت، شه‌ڕ به خودی خۆی بفرۆشێت! مه‌گه‌ر له‌و عێراقه‌دا حوسێنی نه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر گه‌مارۆ نه‌دراو و به ناشیرین‌ترین شێوه نه‌كوژرا! مه‌گه‌ر رۆژانه سه‌دان كه‌س نابنه قوربانی ململانێ مه‌زهه‌بییه‌كان! ئه‌وه عێراقه، وڵاتی شه‌ڕ و ماڵوێرانی، وڵاتی سته‌مكاریی و پێشێلكارییه‌كان، هه‌ر بۆیه دیالۆگ گرنگ بوو چونكه ئه‌و بیانووه‌ی له چنگ عه‌بادیی ده‌رهێنا كه ده‌یویست سته‌مكاری دژ به گه‌لی كورد ئه‌نجام بدات به پاڵپشتی ئێران و چه‌كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان، ئه‌وه سیاسه‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان بوو له‌م قۆناغه‌دا به دونیای گوته‌وه، ئێمه له‌گه‌ڵ ئاشتیداین و ده‌مانه‌وێت ده‌رفه‌تێكی دیكه به‌و عێراقه خوێناوییه بده‌ینه‌وه. به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر عه‌بادی و تاقمه‌كانی دوای ئه‌وه به‌رده‌وام بن، ئیدی قۆناغێكی دیكه دێته‌گۆڕێ كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه عه‌بادی ئه‌و پاڵپشتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له ده‌ست بچێت!
شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی