سیاسەتی پراکماتیکی نێچیرڤان بارزانی‌و لۆ مارێی بافڵ تاڵەبانی دوای سەردانەکەیان بۆ تاران‌و واشنتۆن

07/05/2024

مەجید ساڵح

دوو وەفدی دیپلۆماسی کوردی لە دوو وڵاتن کە رۆڵی کاریگەریان هەیە لە چارەنووسی ناوچەکە، سەردانی نێچیرڤان بارزانی وەڤدە هاورێکەی  بۆ ئێران و بینینی بەرپرسە باڵاکانی ئێران بە رابەری کۆماری ئیسلامیشەوە، بە دڵنیاییەوە کاریگەری زۆری دەبێ لە گەڕانەوەی پێگەی هەرێم لە ئایندەدا، بەو پێیەی نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا تاکە میراتگرەوە و درێژە پێدەری سیاسەتی پراکماتیزمی مام جەلالە کە نە لەناو یەکێتی و نە لە ناو پارتیدا کەس ناتوانێ ئەو رۆڵە بگێڕێت و لەلایەک ئێران و لەولاشەوە ئەمریکا قەناعەت پێبکات بوونی هەرێم یەکسان نییە بە دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان و دەکرێ خاڵی هاوبەش بدۆزرێتەوە.

وەفدەکەی تریش بە سەرۆکایەتی باڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەمریکایە، راستە بافڵ لە رووی بایلۆژی کوڕی مام جەلال و لە دوای ئەویش سەرۆکایەتی حزبەکەی ئەوی بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەڵام لەسیاسەتدا تەواو پێچەوانەی باوکیەتی و لە سەردەمی ئەودا بەشی زۆری سەرکردە و هاوڕێکانی باوکی ناردەوە لۆ مارێ، و لەگەڵ پارتیدا گەیاندویەتە (قگیعه‌) لێکدابڕان و بەهۆی هاوکارییەکانی بۆ رۆژئاواو PKK تورکیای کردوە بەدوژمنی خۆی و لە تەیاری شیعەی توندڕەو ئێران ئەوەندە نزیک بووەتەوە نیگەرانی بۆ ئەمریکا دروستکردوە، باکیشی نییە حکومەتەکەی  قوبادی برای بگاتە ئاستێک لە لاوازی خەڵک متمانەی پێ نەمێنێ... لە حاڵێکدا مام جەلال زۆرجار ئەزموونی ژیانی سیاسی گەیاندبووی بە قەناعەتێک لە مریشکە رەشەی تێ نەپەڕێنێت... چاوەڕوان دەکرێ، دوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن، بافڵیش بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە و نەرم تر و پراکماتیکانە تر سیاسەت بکات..

چاوەڕوان دەکرێ راستەوخۆ دوای هاتنەوەی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، دەروازەیەکی تر بەڕووی هەرێمدا بکرێتەوە و ناڵێم پێگەی جاران بەڵام هیچ نەبێ لەسەر ریسایەکی یاری سیاسی رێکەون بۆشاییەکی سیاسی و ئەمنی مەترسیدار بۆ سەر ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەم هرێمە دروست نەبێ، ئەوەش تەنها بە لێک نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی مسۆگەر دەبێ.

هەم ئێران و هەم ئەمریکاش لەوە تێگەیشتوون، نەمانی هەرێم، بۆشاییەکی وا گەورە لە ناوچەکە دروست دەکات بە عێراق و حەشدی شەعبی پڕ نابێتەوە، ئەمریکاش توانای لە ئەستۆگرتنی ئەم ناوچە بەرفراوانەی نییە، بۆیە خاڵی هاوبەشی هەردوولایان نزیک بوونەوەی پارتی و یەکێتیە و چاوەڕێ دەکرێ دوای گەڕانەوەی بارزانی و تاڵەبانی هەردوولایان گەیەندرابنە قەناعەتێک  هەڵبژاردنێک لە هەرێم بکەن، پێگەی هەردوو حزب پارێزراو بێت...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە