(ئەمڕۆ و دوێنێی مەرگی مام)

43 خولەک پێش ئێستا

عەبدولرەزاق شەریف



لەمێژوی عێراقدا، مام جەلال یەکەم سەرۆک بوە کە لەپێگەی سەرۆکایەتیدا، بێ زەبروزەنگ و خوێن ڕشتن، مردنێکی ئاسایی بەنسیب بێت! هەمو ئەوانەی پێش خۆی یان بە کوشتن یانەخۆ بەکودەتا رۆیشتون.
 لەعێراقدا، هەرگیز مەراسیمی فەرمی بۆ ماڵاوایی وشکۆی مردنی سەرۆکی وڵات نەکراوە و روینەداوە.
  حیزب و لایەنە عەرەبی و عێراقییەکان، حکومەت و سەرۆکایەتی زۆر هەوڵیاندا مەراسیمی مردنی سەرۆک لەفڕۆکەخانە و لەبەغدای پایتەخت رێکبخەن، تکا و رجایان کرد لەوەی (بۆ یەکەمجار با لەمێژوی عێراقدا، سەرۆک وەک گەل و وڵاتانی دنیا بەشکۆی سەرۆکایەتییەوە بەڕێ بکرێت) بەڵام پەیامێکی مەسعود بارزانی بۆ ئامادەنەبون و رەتکردنەوەی چونە بەغدا، بەهۆی لێکەوتەکانی ریفراندۆمی سێبتەمبەرەوە، وایکرد دەسەڵاتدارانی ئەوسای "ی ن ک" بەخاتری خاتران، ئاڵای عێراق لەتابوتەکە بکەنەوە، تەنیا بەئاڵای کوردستانەوە بەڕێیبکەن، نەیانتوانی ئەو بۆنەیە شکۆدارتر بکەن و ئەو سەروەرییە بۆ عێراق، بۆ کورد و بۆ مامجەلال تۆمار بکەن..!
     دواجار، بەخوڵکی دبلۆماسی و عورفی نێودەوڵەتی، نەدەتوانرا ئەو جۆرە مەراسیمە لەفڕۆکەخانەی سلێمانی بکرێت، چونکە بانگهێشت و بەشداربونی سەرۆکی وڵاتان و مەراسیمی ماڵاوایی سەرۆک تەنیا لەپایتەختەکاندا، بەڕێوە دەچێت. ئەمەش وایکرد کەسایەتی عێراقی و عەرەبی و نێودەوڵەتی، کەمترین بەشداری لەرێوڕەسمەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بکەن، تەنانەت سەرۆکی هیچ وڵاتێکی دۆست ئامادەیی نەبوو ..!
   مەراسیمی ئەمڕۆی پایتەخت لەساڵیادی مەرگی مامجەلالدا، لێکدانەوە یان تێڕامانی خۆی لەو رۆژەی نۆ ساڵ بەر لەئێستا هەیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی