مەترسی عێراقیبون لەناو عەقڵی دەوڵەتی مەزهەبیدا

41 خولەک پێش ئێستا

ئاسۆ عەبدولـلەتیف

مۆدێلێکی مەترسیداری فاشیزمی مەزهەبی، دەوڵەتی قووڵ، گەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت و تەجنید، وەک فۆڕمێک بەسەر کۆی نەتەوە و پێکهاتە و ئیتنیک و ئازادییەکان و خودی فیدڕاڵیزمەوە دەبینرێت لەعێراقدا، بۆیە تەنها ئەوە بەس نیە تۆ دەڵێیت من عێراقیم، عێراقیی بوون باجی خۆی هەیەو کەمترینی ئەو باجەش تەسلیمبوونی کۆی ڕۆحیەتی ناسنامەو ناسیۆنالیزمی کوردایەتی و دەستبەرداربوونە لەوکەمە ئازادیە، ئەوەش واتە قڕکردن و ئایسیمیلاسیۆنی هێواشی نەتەوەیی بەجۆرێکی تر، بەکورتی ئایا خەون و پلان و ئەجێندای مەترسیداری وتەزای عێراقی بوون هەروا ئاسانە، یان پڕیەتی لەمێژووی ئازارو سڕینەوەو کۆدی نەزانراو:

بەشە ستراتیژیەکەی عێراقییبوون وەک پڕۆژە بریتیە لە کارکردن و لۆبیکردن بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ بەدڵی مەرجەع و بلۆکە ئایدۆلۆژیستە گەورەکانی شیعە، هەرئەمە نا، بەڵکو دانانی سەرەتایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگای پەڕلەمانی و دروستکردنی دەزگاکانی فەتوای دەوڵەتی مەرکەزی بە بۆن و بەرامەی ئەحکامەکانی تەشریع و ئایدیای دەوڵەتی قوڵی مەزهەبیی.

ئینجا کۆنترۆڵکردنی خاڵ بە خاڵی پڕۆژەیاسای بودجە بە ناوی پاراستن و شەفافیەت لەداهات و ئابوری و سامانی وڵات و یەکخستنەوەی موچەو پێدانی ئیمتیازات بەکوردو چینە جۆربەجۆرەکان.، هەموو ئەمانە بە ناوی پارێزگاری لە (سیادە)سەروەریی نیشتیمانی عێراق و بەهێزکردنەوەی سوپاو، یاسای داماڵینی چەک لە میلیشیاو فەسائیلەکان و دواتر ئیجبارکردن بۆ سەربازی زۆرەملێ (تجنید) و لەژێر پەردەی برایەتی کوردو عەرەب و هەوێنی یەکڕیزیی. تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی خاڵە گومرگی و دەروازە سنوورییەکان بە ناوی پاراستنی دەروازە سنوریەکان و ئاسایشی نیشتمانی و مافی دراوسێیەتی (حسن الجوار)

لەدواجاردا کە کورد هاتە ژێربار، دەوڵەت پەنا دەبات بۆ گەڕانەوەی تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان، باج گومرگ ڕسوماتە ناوخۆییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانە و بەندەرەكان و دەریچە بازرگانیەکان بە ناوی یەکخستنی سیاسەتی مەدەنی فڕۆکەوانی و میناکان و پارێزگاو هەرێمەکان ق زیندووکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ تۆکمەکردنی یاساکانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان و ئەمەش واتە خنکاندنی هەرێم و لە بازنەی کۆتاییدا دەگاتە بەسەربازگەکردن و دۆخی بە پۆلیسیکردنەوەی عێراق، بۆ کۆتایی بە هەر خەونێک کە بۆنی گەڕانەوەی سەڵتەنەی سوننی و کوردستانی بەهێزو فیدڕاڵیەتی لێوەبێت.

بۆیە دوای کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق، ئەم فۆڕمە لەدەوڵەتی نیمچە مەدەنی و دیموکراسی، وەک خۆی نامێنێت دەسەڵاتی کوردیی دەبێ ئاگاداربێت و هێندە خۆی نەکاتەوە بەعێراقیی بەئیمتیاز!؟ چونکە بڕیارو سیادەی دەوڵەت وەک میتۆدی حوکمڕانی دەچێتە دەستی دەزگا ئاینیەکان و فەتوای دینی و دەوڵەتی قوڵەوە، دیارە فەتوا وەک پاڕادایمێک جێگای ئەحکام و یاساکانی دەوڵەت و دامەزراوە مەدەنیەکان دەگرێتەوە، بەیعەت و گوێڕایەڵی بۆ حاکم و مەرجەعیەت بەرکاردەبێ بەفۆڕمێک لەشێوەی ئیئتیلافی مەدەنی نەک دەزگا مەزهەبیە کلاسیکیەکان وەک (چوارچێوەی هەماهەنگی و فیدراسیۆنی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، کە کوردیش ئەندامە تیایداو لەدوای هەڵبژاردنی 10ى 10ى 2021 دوای یەک ساڵ بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی سودانی پێک هات بەناوی- تحالف إدارة الدولة، 25ى 9ى 2022 واتە دەزگای ئیمامەت و مزگەوت و حسەینیەو مەرجەعیەتەکان لەپشتەوە دەبن، لەبری دەوڵەتی دام و دەزگایی ئەو جۆرە فۆڕمە سیاسیە حیزبیە حوکم ئەکات. ئیدی ئەم عێراقە لەدۆخی دەنگدان و دیموکراسیەوە بۆ دۆخی تاعەتی دینی و تەجنیدی مەزهەبی دەگۆڕێ، تەنانەت پرۆسەی دەنگدان کە سەرچاوەکەی شەرعیەتی گەلە دەگۆڕێ بۆ جۆرێک لەفەلسەفەی تاعەت و ملکەچبوون و ڕەفتاری ئاینی، ئەوکات بەپێی سزاو پاداشتی دینی، لادان لەو تاعەتە مەعسیەتەو مرۆڤ بەجاهیلی دەمرێ ئەگەر لابدات و بێ فەرمانی بکات، ئەوەش بەپێی ئەو قاعیدەو فەرموودە دینییە؛  مَنْ خَرَجَ مِنَ الطَّاعَةِ، وفارَقَ الجَماعَةَ فَماتَ، ماتَ مِيتَةً جاهِلِيَّةً، ومَن قاتَلَ تَحْتَ رايَةٍ عُمِّيَّةٍ يَغْضَبُ لِعَصَبَةٍ، أوْ يَدْعُو إلى عَصَبَةٍ، أوْ يَنْصُرُ عَصَبَةً فَقُتِلَ، فَقِتْلَةٌ جاهِلِيَّةٌ. بڕوام وایە پرۆسەکانی هەڵەبجەو ئەنفال و قڕکردنیش دژی کورد دەرەنجامی ئەو بیرکردنەوە فاشیستانە بوو بەناوی ئاین و لەژێر پەردەی دەقە مەزهەبی و قورئانیەکاندا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی