جەنگی ئێران و
ئەمریکا تەنها جەنگێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو ملمڵانێیەکە لەسەر ئابووری، وزە، سەروەری
و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
ئێران لەژێر
فشارێکی زۆری ئابوورییە، سزا، کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، دابەزینی بەهای دراو و تێچووی
جەنگ، بارێکی گران لەسەر ژیانی خەڵک داناوە. بەڵام ئەم فشارانە بە تەنیا نیشانەی ڕووخانی
نزیکی دەسەڵات نابن. ئەزموونی وڵاتانی تر نیشان دەدات کە قەیرانی ئابووری دەتوانێت
کۆمەڵگا لاواز بکات، بەڵام بە تەنیا زۆرجار ناتوانێت سیستەمی سیاسی بڕوخێنێت.
هۆکارێکی تر ئەوەیە
ئەوانەی ئێستا حوکمی ئێران دەکەن،هەمان نەوە و کارەکتەرانی شۆڕشی ئیسلامییە. بۆیە
بۆ بەشێک لە دامەزرێنەرانی سیستەمی ئێستا، ملکەچیبوون بە خواستەکانی ئەمریکا دەتوانێت
وەک شکستێک بۆ ئەو بنەمایە ببینرێت کە سیستەمەکە لەسەری دامەزراوە. بۆیە فشار دەتوانێت
ئێران بەرەو گۆڕینی تاکتیک ببات، بەڵام ناچارکردنی بە دەستبەرداربوونی تەواو ئاسان
نییە.
جەنگ هەروەها جیاوازییە
ناوخۆییەکانی ئێرانی گۆڕیوە ، ئەو دووبەرەکییە ستراتیژییەی پێشتر لەنێوان نزیکبوونەوە
بە ڕۆژئاوا و پشتبەستن بە چین و ڕووسیا هەبوو، تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕاوە و ناکۆکییەکان
زیاتر بوونەتە جیاوازیی تاکتیکی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا.
لە بەرامبەر ئەمەدا،
واشنتۆن خۆی تووشی دووبەرەکی و جیاوازی ستراتیژییە. بەشێک خوازیاری کەمکردنەوەی
بارودۆخی سەربازیی ئەمریکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەشێکی تر پێداگری لەسەر مانەوەی
هێزی ئەمریکا و پاراستنی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکان دەکات. ئەم جیاوازییە دەتوانێت
بڕیاردانی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا ئاڵۆزتر بکات.
لە ناو ئەم جەنگەدا،
تەنگەی هۆرمز کارتێکی ستراتیژیی گرنگی ئێرانە. هەر ناڕوونییەک لە گواستنەوەی نەوت
لەو ڕێگایە دەتوانێت نرخەکانی وزە بەرز بکات و بازاڕی جیهانی تووشی ترس بکات. بۆیە
ئێران پێویستی بە داخستنی تەواوی هۆرمز نییە؛ هەر تێکدانی جۆری گواستنەوە و دروستکردنی
ناڕوونی دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری دروست بکات.
مەترسیدارترین
ئەگەری داهاتوو، قۆناغی سێیەمی جەنگە ، قۆناغێک
کە تێیدا ژێرخانی وزە و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکە بکەونە ئامانج. ئەگەر ئەمە ڕوو
بدات، کێشەکە تەنها کەمبوونەوەی هەناردە نابێت، بەڵکوو دەگۆڕێت بۆ کەمبوونەوەی
توانای بەرهەمهێنانی وزە. دروستکردنەوەی ئەو ژێرخانانە دەتوانێت ماوەی درێژ بخایەنێت
و کاریگەرییەکەی جیهانی بێت.
لەم بارودۆخەدا،
چین دەتوانێت ڕۆڵێکی تایبەتی هەبێت. چین هەم پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ ئێران هەیە
و هەم لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و هێزە جیهانییەکان. هەروەها، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی
چین پێویستی بە بازاڕێکی ئارام و دابینبوونی وزە هەیە.
ئەگەر قۆناغی سێیەمی
جەنگ دەست پێ بکات، زیانی ئەو جەنگە دەتوانێت لە توانای چین بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی
وزەش تێپەڕێت. لەو کاتەدا، دەستێوەردانی چین دەتوانێت بۆ خۆی بەرژەوەندییەکی ستراتیژی
بێت، نەک تەنها خزمەتێک بە ئێران یان ئەمریکا.
کێشەی سەرەکیی
هەر ڕێککەوتنێکی نوێ، نەبوونی متمانەیە، ئێران گومان دەکات کە ئەمریکا لە گۆڕانی دەسەڵاتدا
ڕێککەوتنەکە تێک بداتو لە واشنتۆنیش گومان هەیە کە ئێران پابەند بە ڕێککەوتنەکە بمێنێتەوە.
بۆیە لایەنێکی سێیەم کە هەردوو لا پەیوەندی و بەرژەوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ هەیە،
دەتوانێت گرنگ بێت.
چین پێشتر لە پەیوەندیی
نێوان سعودییە و ئێراندا نیشانی داوە کە دەتوانێت لە سنووری ناوبژیوانی تێپەڕێت و
ببێتە پارێزەری سیاسیی ڕێککەوتن. هەمان شێواز، ئەگەر لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەکاربهێنرێت،
دەتوانێت ڕێگایەک بۆ دەرچوون لە بازنەی جەنگ دروست بکات.
هەڵبژاردنی ناوەڕاستی
ئەمریکاش خاڵێکی هەستیارە. ئەگەر دەسەڵاتی سەرۆک لاوازتر ببێت، ئەگەری گۆڕانی سیاسەتی
ئەو کراوە دەبێت ، بەڵام سەرۆکێکی لاوازکراو هەمیشە بەرەو ئارامی ناچێت. لە هەندێک
بارودۆخدا، ترسی لەدەستدانی دەسەڵات دەتوانێت بڕیارەکان خێراتر و مەترسیدارتر بکات.
لە کۆتاییدا، جەنگی
ئێران و ئەمریکا دەتوانێت ببێتە جەنگێک کە بردنەوەی تەواوی بۆ هیچ لایەنێک نییە. ئێران
بە زیانی ئابووری و ژێرخانی ڕووبەڕوو دەبێتەوە ، ئەمریکا تێچووی سەربازی و سیاسی دەدات؛
وڵاتانی کەنداو لە مەترسیی ژێرخانی وزە و ئاسایشدان و چین و جیهانیش لەگەڵ شۆکی وزە
و ئابووریی گەورە دەبن.
بۆیە پرسیاری سەرەکی
ئەوە نییە کە کێ جەنگەکە دەباتەوە؟، بەڵکوو ئەوەیە: کێ دەتوانێت پێش گەیشتن بە قۆناغی
سێیەمی جەنگ، متمانە و ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دروست بکات؟
لە نێوان هێزە
جیهانییەکاندا، چین یەکێکە لەو لایەنانەی جیهان کە هەم توانای کاریگەری لەسەر ئێران
و هەم توانای کاریگەری لەسەر سیستەمی جیهانی هەیە؛ بۆیە ڕۆڵی چین دەتوانێت لە قۆناغی
داهاتووی ئەم ململانێیەدا زۆرتر لە ناوبژیوانییەکی ئاسایی بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی