عەبادی.. دێوەزمەی مافیاكانی نەوت

27/04/2018

سالار مەحمود

سەرۆكی لیستێكی عەرەبی شیعەی عیراق  دێتە كوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن،  عەبادی بۆ یەكەم جار لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نیشتمانیدا ئەمەی كرد، لەبەر چەند هۆكارێك ئەمە روو دەدات.  

لێكەوتەكانی بەم چەند خاڵە روون دەكەمەوە:_
یەكەم : مافیاكانی نەوت كە لەدوای شكستی سیاسەتی نەوت ملكەچی عەبادی بوون و دەستەو نەزەر لەبەردەمیدا رامان بۆ ناردنی یەك مانگ مووچە، ئەمە بەشێك لەئەنجامەكەیەتی.

دووەم: عەبادی دەیەوێ بڵێت لەناو كوردستانیشەوە نەك  لەهەر لەبەغدا، شەڕی نیازی سەربەخۆیی و جیاخوازییتان دەكەم.

سێیەم: لە حكومەتی تازەی عیراقدا لایەنە كوردستانیەكان كەمترین پشكیان بۆ دادەنرێ ئەگەر رازی نەبن، ئەوا عەبادی دەیدا بەو كوردانەی لە لیستەكەی ئەودان یان ئەو كوردانەی لەبەغدا بەناوی سەربەخۆوە خۆیان كاندید كردوە.

چوارەم: هەڵەو  بەرجەستەكردنی ملكەچی زیاتر بوو بەو جۆرە پێشوازی پرۆتۆكۆڵی لە عەبادی بكرێ، چونكە ئەو بە ئەجنداكانیدا سیفەتی سەرۆك وەزیرانی لەدەستدابوو، ئەو وەك سەرۆك لیست بۆ بانگەشەو ئینجا بە ئاڵنگاریی هاتبوو.

پێنجەم: گوتاری عەبادی لە ناو هێنانی ( شیمال) بە هەرێمی كوردستان، هاوئاوازیی ئێستای ئەردۆغان و سیسەتی دژ بەفیدراڵیەتیشی راگەیاند.

شەشەم: بەم سەردانەی، عەبادی دەیەوێ پەیامێ بداتە نەیارەكانی هەڵبژاردنی لە بەغدا كە ئیرادەی مەركەزیەت زیاتر بەسەر هەرێمدا دەسەپێنێ.

حەوتەم: دۆڕاوەكانی سیاسەت و بەڕێوەبردن لە كوردستاندا هیچ شەرمێك ناكەن  لە گەل و خەڵكی كوردستان، شەرمە بیانوو بهێنرێتەوە بۆ میكانیزمی پێشوازیكردن لەسەرۆكی لیستی نەسری عەرەبی .

هەشتەم: شەرمە بۆ هەر كەس و لایەك پاساو بۆ ئەو سەركزیی و پێشوازیەی بەناوی حكومەتی كوردستان لە سەركی لیستێكی عەرەبی كە سەرۆكەكەی شەریكی نانبڕین و قوتبڕینی خەڵكی كوردستانە، ئەویش عەبادیە بە هاوبەشی لەگەڵ مافیاكانی نەوت لەكوردستان.

نۆیەم: غروری عەبادی پێویستی بەشكانە، لەگەڵ شكانی تەواوەتی ئەمانەی ئێرە دەستەی حوكمڕانی شكستخواردوی سازشكارو شەرمنی بەردەستی عەبادی.

پێدەچێ ئەمانە كۆكبن لە هەوڵی شكاندنی ئیرادەی گەل و زەلیلكردنی لەپێناو مانەوەیاندا لە حوكم.

سالار مەحمود

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی