ئه‌گه‌ر ئۆچئالان ئازاد بكرێت

10/05/2024

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج



كێشه‌ی ئێستای توركیا، كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ كێشه‌ی كورده‌ ، وردو خاش بوونی لیره‌ی توركی، قێزه‌ونبوونی توركیا له‌ سه‌ر ئاستی دنیا ، نا دیموكراتی بوون، هه‌موو ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كێشه‌ی كورده‌وه‌ ، كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بێت توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی خۆی ، ئێستا كه‌ ده‌نگۆی زۆری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستوری توركی پێویستی به‌ گۆڕینه‌و له‌ ته‌ك گیانی سه‌رده‌مه‌كه‌دا ناگونجێت، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ وه‌ك ساڵی  2017 ده‌ستور به‌و جۆره‌ هه‌موار بكرێت كه‌ له‌ پارله‌مانیه‌وه‌ بكرێته‌ سه‌رۆكایه‌تی و سیكۆلاریزمیش بێپه‌نا بكرێت ، له‌وه‌ گه‌ڕێ‌ ئه‌م هه‌موارانه‌ باش بوون یان نا ، به‌ڵام چیان له‌ دۆخی ناوخۆی توركیا گۆڕی ، جگه‌ له‌ ده‌سكه‌وتی ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها تر بێت ،له‌ توركیا كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ كێشه‌ی كورده‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ هێرش و په‌لاماری سه‌ربازی و سوتانی شاخه‌كان و به‌ كار هێنانی چه‌كی ناتۆ چاره‌سه‌ر ناكرێت، ئه‌م كێشه‌یه‌ پێویستی به‌ ئاوه‌زه‌، ئاوه‌زی خه‌ڵكانی ته‌دبیر كار، ئۆچئالان ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یه‌، گۆشه‌گیر كردن و دابڕینی ده‌ره‌وه‌ له‌ ئۆچئالان نه‌ك كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكات ، بگره‌ به‌رده‌وامی پێده‌دات ، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ده‌ستور بگۆڕێت و ده‌ستوری نوێ‌ دابنرێت ده‌بێت یه‌كه‌مین هه‌نگاو كرانه‌وه‌ بێت به‌ ڕوی كورد ، توركیا وڵاتی هاوبه‌شی تورك و كوردو ئه‌وانی دیه‌، جگه‌ له‌وه‌ش سیستمه‌كه‌ ده‌بێت فیدراڵی بێت ،ده‌بێت له‌ ده‌ستوردا سیستمی فیدراڵی بكرێته‌ بنه‌ماو ئیدی كوردیش جۆرێك له‌ خۆ خاوه‌نی هه‌بێت، ئه‌مانه‌ به‌ جۆرێك ئاپۆ له‌ نووسینه‌كانیدا ئاماژه‌ی پێكردون ، بۆیه‌ لایه‌نی دوه‌می هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌ توركیا ئازادكردنی ئۆچئالان و شكاندنی ده‌رگای زیندانه‌كان و كورده‌.
ئه‌گه‌ر ئۆچئالان ئازاد بكرێت، زه‌مینه‌ی ئاشتی بۆ توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌ سه‌ر ئابوری و گه‌شه‌ی ئابوری توركیا ده‌بێت و هه‌روه‌ها سوپای ئه‌و وڵاته‌ش كه‌ كه‌م ڕۆژ هه‌یه‌ خوێنی له‌ به‌ر نه‌ڕوات پشووده‌دات ، به‌مه‌ش له‌ بری ئاوه‌زی شه‌ڕه‌نگێزان ، كه‌ ئێستا ئاوه‌زی زاڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیایه‌ ئاوه‌زی ئاشتی دێته‌وه‌ پێشێ‌، كردنه‌وه‌ی ده‌رگا به‌ڕوی ئاشتیدا نه‌ك هه‌ر له‌ ناوخۆی توركیا بگره‌ له‌ وڵاتانی ده‌ورو به‌ریش به‌ تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كوردیان به‌ سه‌ردا دابه‌شكراوه‌ جۆرێك له‌ سه‌قامگیری دروست ده‌بێت، ئێستا كه‌ سێ‌ ساڵ به‌سه‌ر نه‌بینینی ئۆچئالاندا تێده‌په‌ڕێت، دوای دوو ده‌یه‌و نیو له‌ زیندان له‌ هه‌ركاتێك زیاتر توركیا پێویستی به‌وه‌یه‌ ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنێت، قۆناغی نكوڵی كردن و له‌ بیر بردنه‌وه‌ی كێشه‌، ئازادی ئۆچئالان ئه‌گه‌ر له‌وڕوه‌وه‌ به‌ قازانجی كورد ته‌واو بێت كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی ئازاد ده‌كرێت ئه‌وه‌ زیاتر به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌شمان بیر بێت كه‌ ئه‌گه‌ر ئۆچئالان ئازاد نه‌كرێت ڕۆژ به‌ ڕۆژ دۆخی توركیا خراپتر ده‌بێت و هێزی شه‌ڕو بیركردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌نگێزانه‌هیچ بوارێك بۆ ئاشتی نێوان كوردو تورك ناهێڵێته‌وه‌ .
یه‌ك له‌ كێشه‌كانی تورك له‌توركیا ئه‌وه‌یه‌ به‌ جۆرێك په‌روه‌رده‌ كراون كه‌ كورد مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌ر ئه‌وانه‌، ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌ كه‌ مه‌وداكه‌ی هه‌ر له‌ توركیای سیكۆلاری ئه‌تاتوركه‌وه‌ ده‌ست پێناكات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 400 ساڵه‌ی حوكمڕانی عوسمانیه‌كانیش پێویستی به‌ گۆڕانه‌، ئه‌مه‌ پێویسته‌ به‌ جۆرێك كاری له‌ سه‌ر بكرێت كه‌ توركیا ببێته‌ توركیای هه‌مووان نه‌ك توركیای تورك، هه‌روه‌ك چۆن پێویسته‌ نورك ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ئاوه‌زه‌ بن كه‌ كورد بونی نیه‌ له‌ توركیا، یان وه‌ك مه‌ترسی سه‌یر بكرێت وه‌ك چۆن ئێستا توركه‌كان مناڵه‌كانیان به‌و جۆره‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌بێت له‌ ده‌ستوردا گۆڕینی به‌ سه‌ردا بێت و توركیا ببێته‌ توركیای تورك و كوردو عه‌ره‌ب و ئه‌وانی تر، ده‌بێت مرۆڤی توركیشی بۆ بگۆڕین، گۆڕینی مرۆڤی تورك واته‌ بونیاد نانه‌وه‌ی توركێك كه‌ ئه‌وانی دیكه‌ی نێو توركیاش وه‌ك مرۆڤ ببینێت نه‌ك وه‌ك توركی خوارتر له‌ خۆی ، ئۆچئالان له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌قیقی و ڕاستینه‌ی خۆیدا بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی گه‌لان، ئه‌م چاره‌سه‌ریانه‌ی باسكردوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ هه‌مووان زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌ بواری قسه‌كردنی پێبدرێت خودی ئۆچئالانه‌، كه‌ تا ئێستا هیچ پڕۆژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر توركیا نیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی فاشیزمی تورك و  حزبه‌ كوێر بین و ئه‌وی تر نه‌بینه‌كانی دیكه‌ی تورك هه‌یانه‌ .
له‌وه‌ ده‌چێت له‌ ناو فاشیزمی هیچ ئامادییه‌ك نه‌كرابێت بۆ گوێگرتن له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ركسێكیان قسه‌ ده‌كه‌ن ، یه‌كسه‌ر كورد وه‌ك مه‌ترسی و دوژمن وێنا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ هونه‌رو ئه‌ده‌بیشدا هه‌ندێك جار ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ كاتێكا زیاتر له‌ سه‌ت ساڵ له‌ نكوڵی كردن و سڕینه‌وه‌ هیچی بۆ تورك لێ‌ سه‌وز نه‌بوو ، ماڵوێرانی زیاتر، هه‌ر سه‌رازێكی تورك له‌ په‌لاماره‌كانیدا بۆ سه‌ر ئازادیخوازانی كورد بكوژرێت خوێنه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئه‌و فاشیزمه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام وا سه‌ربازه‌كه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی دڕنده‌و بڕنده‌ بونه‌ته‌وه‌و ئه‌گه‌ر نه‌كوژن ده‌كوژرێن، هه‌ندێك له‌ سه‌ربازه‌كان له‌ گێڕانه‌وه‌ی خۆیاندا دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ چۆن په‌روه‌رده‌ی فشیزمانه‌ ئه‌وان بۆ گیان كورد ده‌كاته‌ دڕنده‌، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاپۆو پارتی كرێكاران و گه‌لی كورد هه‌یه‌، بۆ یه‌كجار وێڕای كوشتنی به‌رده‌وامی كوردو جینۆ سایدی كوردان كورد ده‌ستبه‌رداری ئاشتی نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش په‌یامی جیاوازی كورده‌ ، كه‌ ئۆچئالان به‌رده‌وام پێداگری له‌ سه‌ر ده‌كات .
قسه‌ی هه‌ره‌ حسابی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی توركیا به‌شی هه‌ره‌ زۆری له‌ ئیمرالیه‌ ، ئیمرالیش وه‌ك زیندانی چه‌وسانه‌وه‌و هه‌ڵپڕوكان نا ، وه‌ك كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زیندان و دانیشتنی هاوسه‌نگانه‌ له‌ سه‌ر مێزی دانوستان، بێئه‌مه‌ گۆڕینی ده‌ستور ، چاكسازی ، چاككردنی دۆخی هه‌ره‌سی لیره‌ ، باشكردنی ژیانی گشتی ، گه‌شه‌ی ئابوری توركی له‌ درۆ زیاتر نابن ، ده‌كرێت هه‌ندێك جار به‌رزو نزمی باشی و خراپی درك پێبكرێت ، به‌ڵام چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی دیاره‌ له‌كوێیه‌ .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی