لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، جارێکی تر پرسی دابینکردنی سووتەمەنی دەبێتەوە بە بارگرانییەکی قورس لەسەر شانی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمساڵیش هاووڵاتییان لە خراپترین واقیعی ئابووریدا پێشوازی لە وهرزی زستان دەکەن؛ لە لایەک قەیرانی دواکەوتنی مووچە بەردەوامیی هەیە و بە دڵنیاییەوە تا کۆتایی ساڵیش مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشناکرێت، لە لایەکی ترەوە نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕی ئازاددا گەیشتووەتە نێوان 250 بۆ 300 هەزار دینار، کە نرخێكی خەیاڵییە بۆ خێزانێکی بێمووچە و تهنانهت خاوهن مووچهش.
ئەم بارودۆخە قورسە لە کاتێکدا دێت کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، خەرجی و بارگرانییە مادییەکانی سەر شانی خێزانەکان چەندین ئەوەندە زیاتر دەبێت. تێچووی کڕینی پێداویستییەکانی خوێندن، جلوبەرگی زستانەی قوتابیان، کرێی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستییە رۆژانەییەکان، لە سایەی بێمووچەیی و بێپارەییدا، هاووڵاتییان دەخاتەبەردەم بژاردەی زۆر سەختەوە؛ بە جۆرێک کە دابینکردنی ژەمە خۆراکێک یان شتێک بۆ گەرمکردنەوەی ماڵ لەسەر حیسابی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تری ژیان دەبێت.
ئەم بۆشاییە قووڵە ئابوورییە تەنها ڕەهەندی بژێوی نییە، بەڵکو چەندین لێکەوتەی مەترسیداری تری لێکەوتووەتەوە:
• قەیرانی بێلانەیی حکوم: حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا بە بیانووی جیاجیا بڕی سووتەمەنیی پێویست بۆ هەرێم نانێرێت، و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمیش بێپلان دیارە؛ تا ئێستاش هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕوون نییە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی پاڵپشتیکراو و دیار نییە کەی و چۆن ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەچێت.
• کەمیی بەرهەمهێنان: هەرێمی کوردستان بە دانیشتوانهکەیهوە کە نزیکەی شەش ملیۆن کەسە، ڕۆژانە تەنها 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ پێداویستیی ناوخۆ و پاڵاوگەکان وەردەگرێت، کە ئەمەش ناتوانێت پێداویستیی بازار و ماڵان پڕ بکاتەوە.
• هەڕەشە و وێرانکاریی ژینگەیی: بێڕادە گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و بهرزی نرخی کارەبا، دانیشتوانی گوندەکان و ناوچە کوێستانییەکان ناچار دهكات بۆ خۆپاراستن لە سەرمای زستان، پەنا بۆ بڕینەوەی داری سروشتیی دارستانەکان بەرن، کە ئەمەش گورزێکی کوشندە لە ژینگەی هەرێم دەوەشێنێت.
لە کۆتاییدا، ئەم سێگۆشە سەختەی (سەرمای زستان، بێمووچەیی و دڵنیابوون لە دواکەوتنی بەردەوامی تا کۆتایی ساڵ، و گرانیی بێڕادەی سووتەمەنی لەگەڵ بێپلانیی تەواوی حکومەت لە وەرزێکی هەستیاری وەک دەستپێکی خوێندن) دۆخێکی نادادپەروەرانە و ناچارهیی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە کە پێویستی بە هەڵوێستە و چارەسەری بەپەلەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هەیە، پێش ئەوەی قەیرانەکە زیاتر قووڵبێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی